سەلاح دەلۆ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی: حەز دەكەین پەیوەندیمان لەگەڵ گۆڕان هەبێت، بەڵام ئەوان زۆر توندن، دەبێت واز لەو توندیە بێنن  

 

 

سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی

سەلاح دەلۆ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم دیدارەی (سڤیل)دا باس لەگۆڕانكارییەكانی حیزبەكەی دەكات و باسی هەندێك لەئامادەكارییەكانی حیزبەكەی دەكات، بۆ گۆڕانكاری هەیكەلی رێكخستن لەكۆنگرەی داهاتووی پارتیدا، ئەوەش رەت دەكاتەوە كۆتا بۆ ژنان دابنرێت.

سڤیل: لە وادەی كۆنگرەی (13) حیزبەكەتان نزیك دەبنەوە، ئەو بەرنامانەی كە داتانناوە بۆ گۆڕانكاری لە چیدا خۆی دەبینێتەوە، چونكە هەر حیزبێك بەر لە كۆنگرە ئامادەكاری بۆ هەندێك گۆڕانكاری دەكات؟
سەلاح دەلۆ: پارتی كێشەیەكی وەهای نییە كە هەڵی بگرین بۆ كۆنگرە، بەڵام هەندێك حسابات هەیە كە پێویستییان بە رێكخستنەوە هەیە، بۆ نمونە پەیڕەو و پرۆگرامی ئێمە، هی قۆناغێكی زۆر لەمێژە، ئەوە پێویستی بەوە هەیە كە دەستكاری بكرێت و بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا، دواتر هەندێك بڕیار و راسپاردەی گونجاو لەسەر ئاستی رێكخستن و پەیوەندییەكان، كە بگونجێن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقیش.
سڤیل: لەئێستادا هیچ حیزب و لایەنێك بەرنامەیان نیە بێنە ناو پارتی و هەڵگیرابێت بۆ كۆنگرە؟
سەلاح دەلۆ: كاتی خۆی چەند حیزب و رێكخراوێك هاتنە ناو پارتی، بەڵام ئەمە زۆر گرنگ نییە، چونكە دەروازەی تر هەیە، هەر حیزب و لایەنێك و هەر كەسایەتییەك پێیخۆش بێت، بێتە ناو ریزەكانی پارتی و پارتیش پێی باش بێت، ئەوكاتە دەرگا كراوەیە و پێویست ناكات هەڵبگیردرێت بۆ كۆنگرە.
سڤیل: بەڵام لە پەیڕەو و پرۆگرامەكەتاندا كە كۆنگرەی 12 پەسەندی كردووە، تەنها كۆنگرە دەسەڵاتی هەیە، كە بڕیاری یەكگرتن لەگەڵ حیزبەكان و مافی هاتنە ناو پارتی بە حیزب و رێكخراوەكان دەدات، پێتوانیە كردنەوەی دەروازەی تر بۆ حیزب و رێكخراوەكان سەرپێچییەك بێت لەو پەیڕەو پرۆگرامە؟
سەلاح دەلۆ: نەخێر سەرپێچی نییە، چونكە وەك گوتم زۆربەی كات ئەو دروازەیە كراوە بووە، رەنگە ئەو بەندە هەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا كراوەیی هەیە بۆ ئەو بابەتە، سەركردایەتی پارتیش هەمیشە حساباتی خۆی هەیە و لەگەڵ بارودۆخەكان حسابات دەكات، ئەو پەیڕەوەش پەیڕەوێكی كۆنە و یەكەمین گۆڕانكاری كە لە كۆنگرەدا بكرێت، گۆڕینی پەڕەو و پرۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.
سڤیل: ئێستا نێچیرڤان بارزانی بە چ سیفاتێك دەوام دەكات و دەسەڵاتەكانی تا چ ئاستێكن؟
سەلاح دەلۆ: ئێستا جێگری سەرۆكی پارتییە، دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی پارتی چییە ئەو دەسەڵاتەی هەیە و كاری خۆیشی دەكات.
سڤیل: بەڵام هەر لە پەیڕەو و پرۆگرامی پارتیدا هەیە، كە دانانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پارتی، لەكۆنگرەدا یەكلایی دەكرێتەوە؟
سەلاح دەلۆ: راستە ئەم شتانە هەیە، بەڵام لەناو پارتیدا ئەوە هەیە، كە هەر كاتێك پێویست بكات بۆی هەیە جێگری سەرۆك دابنێت و هەندێك بڕیار بدات.
سڤیل: پارتی بڕیاری داوە سەركردایەتییەك لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی دروست بكات، ئایا هیچ بڕیارێك نیە لەسەر ئاستی پارێزگای كەركوكیش سەركردایەتی درووست بكات؟
سەلاح دەلۆ: پارتی بڕیارێكی هەیە، كە لەكۆنگرەدا دەخرێتەڕوو، ئەویش دروستكردنی سەركردایەتییە لەسەر ئاستی پارێزگاكان، لەكەركوكیش ئەو سەركردایەتییە دروست دەكرێت، كە ئەو سەركردایەتییانە لقی مەكتەبی سیاسی نین، بەڵكو سەركردایەتییەكە لەسەر ئاستی پارێزگایەكان و ئێستا كار بۆ ئەو بڕیارە دەكرێت.
سڤیل: بەڵام ئیعتیماد دەخرێتە سەر چ كادیرێك بۆ پڕكردنەوەی ئەو سەركردایەتییانە؟
سەلاح دەلۆ: هەر كاتێك دروستكرا بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەڵام پارتی كادیری باشی هەیە، لەسەر ئاستی سەركردایەتی و لەسەر ئاستی جەماوەریش، بۆیە ئەو كادیرانە لە شاری كەركوكیش توانیویانە خۆیان پەروەردە بكەن.
سڤیل: پارتی لەچییەوە گەشتە ئەو بڕوایەی كە ئەو جۆرە سەركردایەتییانە لەسەر ئاستی پارێزگاكان دروست بكات؟
سەلاح دەلۆ: ئەو بڕیارە لەوەوە سەرچاوەی دەگرێت، كە ئەو سەركردایەتییانە خۆیان بتوانن هەندێك بڕیار بدەن و دەستییان كراوە بێت، چونكە تا ئێستاش لقەكان دەگەڕێنەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و فەرمان لە مەكتەبی سیاسی وەردەگرن، ئەو سەركردایەتییانە لەمەودوا خۆیان بڕیار دەدەن و خۆیان كاری خۆیان رادەپەڕێنن، كە ئەو بیرۆكەیە هەیە و كاری بۆ دەكرێت، كە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دروست بكرێت، بەڵام نازانم دەخرێتە بواری پراكتیكییەوە یان نا، چونكە ئەوە كۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدات.
سڤیل: رێژەی ژنان لە سەركردایەتی نوێ چۆن دەبێت، ئایا ئێوەش كۆتا بۆ ژنان دادەنێن؟
سەلاح دەلۆ: لای ئێمە پرەنسیپێك هەیە، بەپێی ئەو پرەنسیپەش هەمیشە پارتی بەشێوەیەكی دیموكراسییانە سەركردایەتی خۆی هەڵبژاردووە، هەموو جارێك ئەو كەسانەی كە دێنە كۆنگرە، ئەو مافەیان هەیە خۆیان بۆ سەركردایەتی هەڵبژێرن، ئیتر لەهەر ئاستێكدا بن و لەهەر تەمەنێكدا بن، مادام شەرعییەتی بەشداریكردنی كۆنگرەیان هەبوو، بۆشیان هەیە خۆیان هەڵبژێرن، تا ئێستا پارتی وای كردووە و كۆتای نەبووە، لە كۆنگرەكانیشدا هەمیشە ئافرەت دەرچوون بۆ سەركردایەتی، بۆیە پێمانوایە پارتی دەبێت ئەو دیموكراسییە پەیڕەو بكات و ئافرەتیش وەك پیاو خۆی بپاڵێوێت، كێ دەنگی پێویستی هێنا، دەچێتە سەركردایەتی پارتی.
سڤیل: واتە پارتی بەرنامەی نیە بۆ جێبەجێكردنی كۆتا؟
سەلاح دەلۆ: تا ئێستا پارتی بەرنامەی نیە بۆ كۆتا و بڕواش ناكەم بەرنامەی بۆ دابنێت، چونكە تا ئێستا لەمێژووی پارتیدا شتی وا نەبووە.
سڤیل: ئەی رێژەی گەنجان چۆن دەبێت، چونكە پێشتر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی گوتی، نیوەی سەركردایەتی نوێ گەنجەكان پێكی دەهێنن؟
سەلاح دەلۆ: تا ئێستا عورفی پارتی وابووە، كە هەر كەسێك لە هەر تەمەنێك بووبێت، كە دەنگی سەركردایەتی هێنابێت چۆتە سەركردایەتی، لەكۆنگرەی 10 كاك نێچیرڤان بارزانی زۆر گەنج بوو، بەڵام دەنگی هێنا و چووە سەركردایەتی، لە كۆنگرەی 11 من ئەوكات گەنج بووم و تەمەنم نزیكەی 42 ساڵ دەبوو، بەڵام دەنگم هێناو چوومە سەركردایەتی، واتە پارتی سەركردایەتی بۆ تەمەنێكی دیاری كراو قۆرخ نەكردووە، ئەندامانی كۆنگرە بە گەنج و پیر و ئافرەت و پیاوەوە، بۆیان هەیە خۆیان هەڵبژێرن بۆ سەركردایەتی، كە دەنگی پێویستییان هێنا دەچنە سەركردایەتی، لای پارتی هەتا ئێستا بەم شێوەیە بووە و تا ئێستا رێژە بۆ گەنج و پیر و ژن و پیاو دیاری نەكراوە و دڵنیابە دیاریش ناكرێت.
سڤیل: ئایا لە ناو پارتیدا كوتلەكاری هەیە؟
سەلاح دەلۆ: حەزەكەم ئەمە لە من وەربگریت، كە هیچ كوتلە و كوتلەكارییەك لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا بوونی نیە، ئەگەر سەیری مێژووی پارتیش بكەین، هەر كوتلەیەك لەناو پارتیدا دروست بووبێت، ئەو كوتلەیە خۆی رانەگرتووە و یەكسەر رۆشتووە و نەماوە، لەمێژووی پارتیشدا هەندێك شت هەبوون، بۆ نموونە لە ساڵانی 1959 و 1964 و 1979 خەڵك هەبووە عاجز بووە لەپارتی، رۆیشتوون و پارتییان بەجێهێشووە، بەڵام دواتر زۆربەیان گەڕاونەتەوە ناو پارتی و هەندێكیشییان حیزبیان بۆ خۆیان دروست كردووە، مەبەستم ئەوەیە، كوتلە لەناو پارتیدا ناتوانێت بمێنێتەوە، چونكە پارتی ئەوە قبوڵ ناكات.
سڤیل: بۆچی كوتلە لەناو پارتیدا جێی نابێتەوە، دەكرێت هۆكارەكانی دەستنیشان بكەیت؟
سەلاح دەلۆ: ژینەگە و پرەنسپیەكانی پارتی بەشێوەیەكە، رێگە نادات كوتلەیەك دروست بێت كە دژی فیكر و پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی بێت و پێبڵێن پارتی، چونكە لەهەموو دنیادا وایە، كەسێك یان كۆمەڵە كەسێك رازی نەبن بە پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبێك، ناچارن لەو حیزبە بچنە دەرەوە، لەناو پارتیشدا بەو شێوەیەیە، كوتلە و كوتلەكاری و بۆچوونی جیاواز و هەندێك حساباتی تری تێدا نییە.
سڤیل: واتە پارتی قبوڵی كوتلە و بۆچوونی جیاواز ناكات كە لەناویدا هەبێت؟
سەلاح دەلۆ: نەخێر قبووڵی ناكات، ئایا لەناو خێزانێكیشدا قبوڵ دەكرێت دووبەرەكی هەبێت و پێكیشەوە بژین، بۆیە ناكرێت و كێشە درووست دەبێت ئەگەر بەو شێوەیە بێت.
سڤیل: ئایا جگە لەبنەماڵەی بارزانی، ئەو مافە بە كەسی تر دراوە كە خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆكی پارتی؟
سەلاح دەلۆ: هەموو كەسێك ئەو مافەی هەیە خۆی بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێت، لە هەموو كۆنگرەكانی پارتی و لە سەردەمی بارزانی نەمریش، من لەچەند كۆنگرەیەك بەشداریم كردووە، بارزانی نەمر زۆر تەئكیدی لەوە دەكردەوە كە سەرۆكایەتی ئەو حیزبە نەكات، بەڵام خەڵك خۆی ئەوانی قبوڵە، كێ لە كاك مەسعود شایستەترە بۆ سەرۆكی پارتی، ئێمە خۆمان قبوڵی ناكەین، واتە كاك مەسعود و بنەماڵەی بارزانی ئەو پۆستەیان بۆ خۆیان قۆرخ نەكردووە، كە كەس خۆی هەڵنەبژێرێت بۆ سەرۆكایەتی.
سڤیل: پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی ئێستا لە چ ئاستێكدایە؟
سەلاح دەلۆ: ئێمە لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش پەیوەندیمان لەگەڵ زۆربەی حیزبە كوردستانی و عێراقییەكان هەیە، بەڵام لەكوردستان هەتا ئێستا پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نیە، بەڵام رەتیشمان نەكردونەتەوە، چونكە لە راستیدا ئێستا ئەوانیش بوونیان هەیە، جگە لەوان لەگەڵ هەموو حیزبە كوردستانییەكان پەیوەندی باشمان هەیە.
سڤیل: بۆچی تا ئێستا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەندی راستەوخۆتان نیە؟
سەلاح دەلۆ: لەرێگەی مەكتەبی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتییەوە تا ئێستا هەنگاوێكی وامان نەناوە، بەڵام مەرحەبامان هەیە و یەكتریش دەبینین، رەنگە لەم ماوەیەدا هەوڵ بدەین پەیوەندی دروست بكەین لەگەڵیان.
سڤیل: واتە بەرنامەتان هەیە بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ گۆڕان؟
سەلاح دەلۆ: ئێمە بەرنامەمان هەیە كە پەیوەندی لەگەڵ هەموو حیزبێكدا دروست بكەین و گۆڕانیش رەت ناكەینەوە، بەڵام ئەوان جارێ لەهەندێك حساباتی خۆیان توندن و پێویستە ئەوانیش تۆزێك واز لەو توندییە بهێنن.
سڤیل: مەبەستت چیە لە توندی گۆڕان؟
سەلاح دەلۆ: ئەوان بە زۆری پشت بە بڵاوكراوەكان و ئەو كۆمەڵە ئەندام پەرلەمانەیان دەبەستن كە لەپەرلەمانی كوردستانن، رۆژانە هەموو لایەكیش گوێی لێبدەبێت كە ئەوانە لەهەڵوێستەكانییاندا زۆر توندن، تا ئێستاش شتەكان لەلای ئەوان رەت دەكرێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەك بەشێوەیەك حیزبایەتی بكەین، كە یەكتری قبوڵ بكەین، ئێمە وەك پارتی پێمانوایە دەبێت هەموو حیزبە سیاسییەكان یەكتری قبوڵ بكەین و لە یەك سەنگەردا بین، چونكە بارودۆخی ئێستای كوردستان بەشێوەیەكە، پێویستی بە هەموومان هەیە، بمانەوێت و نەمانەوێت، ئەوان ئێستا لایەنێكن و حەز دەكەین پەیوەندیمان هەبێت لەگەڵیان، بەڵام دەبێت ئەوانیش ئەو حەزەیان هەبێت كە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكاندا دروست بكەن.
سڤیل: هۆكاری گواستنەوەی تۆ چی بوو بۆ بەرپرسیارێتی لقی سێ؟
سەلاح دەلۆ: ئێمە وەك كادیرانی پارتی، بەپێی یاسایەك كار دەكەین، پارتی لەهەر شوێنێك پێویستی پێمان هەبێت، بێ سێ و دوو دەڵێین باشە، لقی سێش بە نیسبەت منەوە لقێكی نامۆ نیە، چونكە من خەڵكی كەركوكم و تەسەور دەكرێت دەتوانم كاری تێدا بكەم.
سڤیل: پێگەی پارتی لە كەركوك لە چ ئاستێكدایە، چونكە لەهەڵبژاردندا دەنگێكی زۆرتان نەهێنا لەو پارێزگایە؟
سەلاح دەلۆ: پارتی پێگەیەكی گەورەی لە كەركوك هەیە، ئەگەر سەیری مێژووش بكرێت ئێمە تەسحییەی گەورەمان لەسەر كەركوك داوە، چونكە لەسەر كەركوك بوو لەساڵی 1975 پارتی دەستی لەشۆڕش و لەخۆیشی هەڵگرت و ئاوارە و دەربەدەر بوو، واتە ئەگەر بارزانی نەمر شتێكی كەمی لەو بابەتە قبوڵ بكردایە، ئەوە نە نسكۆ رووی دەدا و نە ئاوارەش دەبوو و نەپارتیش توشی ئەو كێشەیە دەبوو، واتە ئێمە لەسەر كەركوك ئاگرمان لەخۆمان بەرداوە، بۆیە پێگەی گەورەمان هەیە و خەڵكی كەركوكیش باوەڕی زۆری بە ئێمە هەیە، زۆرجاریش هەڵبژاردن نابێتە هۆی دیاریكردنی پێگەی جەماوەری، بەڵام هەندێكجار موفاجەئات هەیە، یان رەنگە هەندێك كێشەی بچوك و تەكتیكی هەڵبژاردن وای كردبێت ئێمە نەمانتوانیبێت زۆربەی كاندیدەكانمان سەر بخەین، لە هەمانكاتدا ئێمە رێژەیەكی باش دەنگمان هێناوە.
سڤیل: ئایا خەلەلی رێكخستنی پارتی لە پارێزگای كەركوك، زیاتر خۆی لە چیدا دەبینێتەوە؟
سەلاح دەلۆ: خەلەلێكی ئەوتۆمان نیە لە رووی رێكخستنەوە، بەڵام رەنگە لێرە و لەوێ هەندێك خەلەلی بچوك هەبێت كە شایانی باس نین، ئومێد دەكەین كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەوەش پڕ بكەینەوە.


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com