سەركردە كوردەكانی ئەنسار ئیسلام ناوچەكانی حەمـــرین بەرەو شوێنێكی نـــادیـــار بەجێدەهێـڵن  

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

رێبوار رەزا چوچانی



لەسەروەختی رووخاندنی رژێمەكەی سەدام حسێن لەعێراق، هێزە هاوپەیمانەكان بنكە و بارەگاكانی ئەنسار ئیسلامیشییان لەناوچە شاخاوییەكانی هەورامان بۆردومان كرد، ئەو بۆردومانانەش بووە هۆی لەناوبردنی دەسەڵاتی ئەو گرووپە تەكفیرییە لەو ناوچانە و پەرتكردنی ریزەكانیان، بەشێكیان روویان لەئێران كرد و بەشێكی تریان چالاكیەكیانیان بردە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و بەشێكیشیان لەناوچەی حەمرین گیرسانەوە، بەڵام ئێستا كە هاوكاتە لەگەڵ راگەیاندنی رەوتی تەكفیری جوامێرانی مەلا كرێكار، ئەو چەكدارە كوردانەی ئەنسار ئیسلام، ناوچەكانی حەمرینیان بەرەو شوێنێكی نادیار بەجێهێشتووە، بەرپرسانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش دەڵێن، زانیارییان لەسەریان نییە.
كوردەكانی ناو ئەنسار لەخێڵی حەمەوە بۆ حەمرین
دوای ململانێ ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی بە رابەرایەتی مەلا عەلی عەبدولعەزیز، سەرەنجام ئەو بزووتنەوەیە لەبەر یەك هەڵوەشایەوە و چەند رەوتێكی لێدروستبوو، كە زەقترینیان گروپی جوندولئیسلام بوو، كە دواتر بوو بە ئەنسار ئیسلام و مەلا كرێكار ئەمیریان بوو، بنكە و بارەگاكانی ئەو گرووپە لەناوچە شاخاوییەكانی هەورامان بوو لەقەزای هەڵەبجە، لەوێشەوە شەڕیان لەگەڵ هێزە عەلمانییەكانی كوردستان دەكرد، بەتایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەو شەڕەش چەندین رووداوی خوێناوی بەدوای خۆیدا هێنا و دیارترینیان سەربڕینە بە كۆمەڵەكەی پێشمەرگەكانی یەكێتی بوو لەگوندی خێڵی حەمە، لەو رووداوەوە وێنای توندوتیژی ئەو گرووپە بۆ هەموو كەسێك بە دیار كەوت.
قەزای هەڵەبجەی شەهید كە دەكەوێتە باشوری رۆهەڵاتی شاری سلێمانی، بە ناوچەیەك دادەنرێت بۆ گەشەكردنی ئیسلامییە توندڕەوە كوردەكان، چونكە ئەو قەزایە پاڵی داوە بە ناوچەی هەورامانەوە، كە ناوچەیەكی شاخاوی سەختی هاوسنووری كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆیە ئەو ناوچەیە پەناگەیەكی دیاری بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، دواتریش بووە شوێنێكی ستراتیژی گرنگ، بۆ پەرەپێدانی كاری سەربازی، لەلایەن گرووپە توندڕەوە تەكفیرییەكانەوە.
دوای بوردومانكردنی بارەگاكانی ئەنسار ئیسلام، لەناوچەكانی هەورامان، لەساڵی2003 كە هاوكات لەگەڵ هێرشی هاوپەیمانان بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس، چەكدارەكانی ئەو گروپە روویان لەئێران كرد، هەندێكیشیان لەناو كەتیبەكانی كوردستانی رێكخراوی قاعیدەدا خۆیان بینییەوە و لەسەر سنورەكانی كوردستان بەتایبەت لەناوچەی پێنجوێن، چەند چالاكییەكیان لەدژی پاسەوانانی سنور ئەنجامدا، هەندێك چەكداری تریشیان روویان لەپارێزگا عەرەبنشینەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق كرد، بەڵام دواتر ژمارەیەك لەو چەكدارە كوردانەی ناو گروپی ئەنسار ئیسلام، لەناوچەكانی حەمرین و پارێزگای دیالە خۆیان بینییەوە.
گردبوونەوەی ئەو چەكدارانەی گرووپە تەكفیرییەكان لەناوچەی حەمریندا، لەئەنجامی چڕبوونەوەی هەڵمەتە سەربازییەكانی سوپای عێراقەوە دێت، لەناو شارەكاندا، لەو هەڵمەتانەدا سوپای عێراق ئامانجی لەناوبردنی ئەو گرووپانە بوو، كە دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان سور بوو، سەرەنجام ئەو گروپانە لەناوچەكانی حەمرین گیرسانەوە، چونكە ناوچەكانی حەمرین، بە ناوچەیەكی سەخت دادەنرێت و بەو هۆیەشەوە حكومەتی عێراقی نەیتوانیوە تێیدا باڵادەست بێت، دیاری حسێن بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەو بارەوە دەڵێت "نە هێزی هاوپەیمانان و نە هێزی عێراقی و نە هیچ كەسێك نەیتوانیوە بچێتە ئەو جێگەیە، لەبەر ئەوەی تیرۆرستیان تێدایە و دوورە دەستیشە و لەوێ‌ دەسەڵاتیان هەیە".
لەرووی جوگرافییەوە كورد زنجیرە چیای حەمرین، بە دواسنوری خۆیان دەزانن لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەكانی عێراق، ناوچەی حەمرینیش پڕ بەرزی و نشێوییە و لەرووی جوگرافی و مێژوویشەوە بە ناوچەیەكی تەعریبكراوی كورد دادەنرێت، بەڵام ئێستا بەشێكی زۆر لەدانیشتوانەكەی عەرەبی سونەیە و سونەكانیش هاوكاری گروپە تەكفیرییەكان دەكەن، بۆیە ناوچەیەكی لەبار دادەنرێت بۆ ئەو گرووپانە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەست (سڤیل)دان، تا ماوەی ساڵێك بەر لەئێستا بەشێكی زۆری ناوچەی دیالە لەژێر دەستی گروپە تەكفیرییەكاندا بوون، بە پێی وتەی ئیبراهیم باجەلانی سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگایە دیالە، تەكفیرییەكان لەو لەسەدا سی خاكی پارێزگاكەیان لەژێر دەستدابووە، ئیبراهیم گوتیشی "ئێمە زانیارییمان هەبوو، بەشێك لەو چەكدارە ئیسلامییە تیرۆرستانە بە كوردی قسەیان دەكرد".
"كوردە ئەنسارەكانی ناوچەی حەمرین، بارەگا كوردییەكانیان دەكردە ئامانج"، ئەمە وتەی دیاری حسێن بەرپرسی پارتییە، دیاری پێشیوای، لەسنوری پارێزگای دیالە لایەنە سیاسییەكان زیاتر لەخەڵكی سڤیل دەكرێتە ئامانجی ئەو گروپانە، بە وتەی فەرماندەیەكی كورد، بەناوی عەمید خالید باڵابەرز، كە جێگری فەرماندەی لیوای (34)ی گەرمیانە، لەو ناوچەیەدا كۆمەڵێك گرووپی تیرۆرستی هەن، وەك (جیش الاسلام، ئەنسار سونە، رێكخراوی قاعیدە)، ئەو فەرماندە كوردە، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە چەكدارە كوردەكانی ناو ئەنسار ئیسلام ژمارەیان زیاتر لە(60) كەسە و دابەش كراون بەسەر دوو ناوچەدا و ئەمیرەكانی ئەو دوو ناوچەیەش، دوو كەسن بە ناوی (هیوا و رەزوان)، عەمید خالید گوتی "رەزوان سەرپەرشتی ناوچەی نەدا و نەفتخانە و ئەو سنورە دەكات تا دەگاتە رێگای مەندەلی، هیواش بەرپرسی ناوچەكانی حەمرینە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (سڤیل) كەوتوون، (هیوا و رەزوان) برای یەكن و خەڵكی كفرین، باوكیان پێشتر مامۆستا بووە، هیوا لەساڵی(1969) لەكفری لەدایكبووە و یەكێك بووە لەفەرماندە دیارەكانی ئەنسار ئیسلام لەناوچەكانی هەورامان، كە بە وتەی مەردان چاوشینی بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی رێكخستنی كفری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان "هیوا یەكێكە لەوانەی لەتاوانەكەی خێڵی حەمە بەشداری كردووە".
ئەنسارە كوردەكان حەمرین چۆڵ دەكەن
كوردە ئەنسارەكانی ناوچەی حەمرین، كە بە چالاكترین چەكدارە تیرۆرستەكان دادەنرێن، ناوچەكە چۆڵ دەكەن، فەرماندەیەكی كوردی ئەو ناوچەیەش دەڵێت، تا ئێستا زانیاریمان نییە روویان لەكوێ كردووە.
كوردە ئەنسارەكانی ناوچەكانی نەفتخانە و حەمرین و تبج، بەشێكن لەو كوردانەی كە لەناو گروپی ئەنسار ئیسلام لەشاخەكانی هەورامان دژ بە هێزە عەلمانییەكانی هەرێمی كوردستان شەڕیان دەكرد، ئەوان پێیانوایە هەر هێزێك لەدەرەوەی ئاینەكەی ئەوان بێت و وەك ئەوان بیر نەكاتەوە، دەبێت لەناو ببرێت، بۆیە چەندین كردەوەی تیرۆرستیان لەهەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، وەك شەڕی پارتیزانی و شەڕی جەبهەیی و تەقینەوە و تیرۆركردنی سەركردە سیاسییەكانی كورد، بەڵام نەیانتوانییوە كۆنتڕۆڵی هەرێم بكەن.
عەمید خالید باڵابەرز، جێگری فەرماندەی لیوای (34)ی گەرمیان، كە سنوری ئەركی سەربازی لیواكەی دەكەوێتە ناوچەكانی دیالە و قەزای خانەقین، سەبارەت بە ژیانی كوردانی ناوچەكانی دیالە، كە دەكەونە ناو بازنەی چالاكییەكانی گروپە تەكفیرییەكانەوە دەڵێت، هەرچەندە كوردەكانی ناوچەی دیالە، بەشێكی زۆریان توانیویانە خۆڕاگری بكەن، بەڵام تائێستا ژیانیان لەژێر مەترسیدایە، بە وتەی ئەو فەرماندە كوردە، تائێستاش رۆژانە كوردەكانی ئەو ناوچانە لەترسی تیرۆر و چەوساندنەوەی عەرەب، ناوچەكانی خۆیان بەجێدەهێڵن، بەڵام لەهەمانكاتدا باسی ئەوەش دەكات، هێشا كوردی وا هەیە ناوچەكە بەجێناهێڵێت و بەرگری دەكات، ئەو فەرماندە كوردە دەڵێت "هەر شوێنێك پێشمەرگەی لێنەبێت، تیرۆرستەكان زاڵن بەسەریدا و چالاكی بەرفراوانییان هەیە، چونكە سوپای عێراق لەنەتەوە و مەزهەبە جیاوازەكانی عێراق پێكهاتووە و بەشێكیشیان كارئاسانی بۆ تیرۆرستەكان دەكەن".
بەڵام بە وتەی عەمید خالید، ئەنسارە كوردەكان ناوچەكەیان بەجێهێشتووە، دەڵێت "ئێمە نازانین بۆ كوێ چوون، بەڵام ماوەیەكە هەموو ئەو كوردانەی كە لەناو گرووپە ئیسلامییە تیرۆرستییەكاندا بوون، ناوچەكەیان بەجێهێشتووە".
رۆشتنی ئەمیرە كوردەكانی ناو گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكان، هاوكاتە لەگەڵ كۆمەڵێك رووداوی جۆربەجۆر، كە گومانیان لێدەكرێت هەموو ئەو رووداوانە پەیوەندییان بەیەكەوە هەبێت، لەماوەكانی رابردوودا، سیدییەكی ئەنسار لەشارەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی یەكێتی نیشتمانی و بەتایبەت لەناوچەی شارەزوور بڵاوكرایەوە، ناوەڕۆكی ئەو سیدییە دەنگ و رەنگە، بریتییە لەپوختەی چالاكییەكانی ئەو گروپە، بەڵام لەو سیدییەوە دەردەكەوێت، كە ئەو گرووپە لەناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق زەبری كوشندەیان بەركەوتووە، بۆیە دیسانەوە ناوی گرووپەكەیان لەئەنسار سونەوە كردۆتەوە بە هەمان ناوە كۆنەكەیان (ئەنسار ئیسلام)، هەر لەماوەكانی رابردوو لەشاری سلێمانی، ژمارەیەك لەئەندامانی ئەو گرووپە دەستگیر كران، كە هەستابوون بە رفاندن و كوشتنی هاوڵاتییەك بە ناوی (محەمەدی كوڕی شێخ عەبدولقادری چوێسە)، بەڵام بەرپرسانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، رەتی دەكەنەوە زانیارییان لەسەر ئەوە هەبێت، كە ئەو گرووپە روویان لەكوێ كردووە، حاكم قادر حەمەجان، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هەرێمی كوردستان (سلێمانی) رەتی كردەوە، ئەو گرووپەی سلێمانی پەیوەندییان بەو چەكدارانەی ئەنسار ئیسلامەوە هەبێت، كە لەناوچەكانی حەمرین و دیالە بوون، گوتی "ئەو گروپەی سلێمانی دەستگیركراون و رادەستی دادگاكراون"، حاكم قادر، ئەوەشی راگەیاند، كە هیچ زانیارییەكییان لەسەر ئەو بەرپرسە كوردانەی ئەنسار ئیسلام نییە، كە لەناوچەكانی حەمرین و پارێزگای دیالەن "ئەوانە لەسنوری ئێمە نین و هیچ زانیارییەك نازانین لەبارەیانەوە".
لەلایەكی ترەوە، عیسمەت ئەرگوشی، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەرێمی كوردستان (هەولێر)، گوتی "ئێمە هیچ زانیارییەكمان نییە لەسەر ئەوەی كە ئەو بەرپرسە كوردانەی ناو ئەنسار ئیسلام و ئەنسار سونە هاتبێتنە كوردستان".
لەلایەكی ترەوە، مەلا كرێكار كە سەروەختێك ئەمیری ئەنسار ئیسلام بوو، رەوتێكی تەكفیری نوێی راگەیاندووە و دەیەوێت وەك ئۆپۆزسیۆنێكیش لەكوردستان كار بكات، لەدیمانەیەكی پێشووی مەلا كرێكار لەگەڵ (سڤیل)، كە لەژمارە (33)ی رۆژی (8/5/2010) بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەدات، حەز بە گەڕانەوە بۆ كوردستان دەكات، بۆئەوەی وەك ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی كار بكات، مەلا كرێكار وتی "بە دڵنیاییەوە بۆم بكرێت و خوا ئاسانی بكات بۆم، ئەمڕۆ دەگەڕێمەوە و نایخەمە سبەی، لەبارەی چۆنییەتی رەفتاری ئۆپۆزسیۆنانەش ئەوكات بە راوێژكارییەكی باش بڕیاری لەسەر دەدرێت"، لەماڵپەڕە تایبەتییەكەی خۆیشی، مەلا كرێكار رەوتێكی تەكفیری نوێی بە ناوی رەوتی جوامێران راگەیاندووە و دەیەوێت لەساڵی 2011 كەسانی پەرەوەردەبووی ناو رەوتەكە بگەڕێنەوە كوردستان، بەڵام لەنوسراوی راگەیاندنی رەوتەكەوە دەردەكەوێت، كە مەلا كرێكار دەیەوێت دیسانەوە هێزێكی سیاسی چەكدار لەكوردستان دروست بكات، چونكە لەراگەیاندنەكەدا هاتووە "بۆ ئەوەی هیچ نەبێت سەر لەنوێ بتوانین بەپشتیوانی خوای گەورە هێز و دەسەڵاتێكی ئیسلامی تۆكمە دروست بێتەوە لەو كوردستانە ئازیزەی خۆمان و هیچ كەسێكی غەیرە ئیسلامی جورئەتی ئەوەی نەبێت بە ئیسلام و موسڵمانان دور لەڕووتان (بحەپێ)".
رەوتە تەكفیرییەكان لەهەرێمی كوردستان، پێشر كاریان تێكدانی باری ئاسایش بوو و پەنایان بۆ كاری توندوتیژی و تەقینەوە و دروستكردنی ترس و دڵەراوكێ دەبرد بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بۆیە پەرلەمانی هەرێمەكە لەرۆژی 3/4/2006، یاسای ژمارە(3)ی ساڵی 2006ی دەركرد، بەناوی (یاسای بەرەنگار بوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لەهەرێمی كوردستان_عێراق)، لەرۆژی 29/6/2008 لەدانیشتنی ژمارە 32پەرلەمانیشدا، بڕیاری كارپێكردنی ئەو یاسایەی دراوە، لەبڕگەی یەكەمی مادەی دووەمی یاساكەدا هاتووە "دامەزراندن یان رێكخستن، یان بەڕێوەبردنی رێكخراو، كۆمەڵە، دەستە، باند، بنكە، یان كۆمەڵێك بە ئامانجی ئەنجامدانی یەكێك لەو تاوانانە تۆقێنەرانەی لەم یاسایەدا هاتوون، بەتاوانی تیرۆركاری لەقەڵەم دەدرێن"، لەبڕگەی دوەمیشدا هاتووە "تیرۆركردن بۆ مەبەستێكی سیاسی، ئایدیۆلۆژی، یان بە كافردانان" ئەم یاسایە دەیگرێتەوە، هەر لەیاساكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە هەر كەسێك ئەو تۆمەتانەی لەسەر ساغبكرێتەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجی دەكرێت، جگە لەو تاوانانەش یاساكە ئاماژە بە هەندێك تاوانی تر دەكات، وەك كوشتن و تۆقاندن و رفاندن و بە بارمتەگرتن و دروستكردنی ترس و تێكدانی ئاسایشی هەرێم و ...هتد، بە تاوانی تیرۆركاری دەژمێردرێن و بۆ هەریەكێك لەو تاوانانەش، سزای یاسایی دانراوە، كە لەسێدارەدان و زیندانی هەمیشەییشی تێدایە، بە پێی ئەو یاسایش بێت، هەر یەكە لەو كوردانەی لەناو ئەو گروپانەدان، بە دەرنابن لەجێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەریان.
***
بۆ بەشێك لە زانیارییەكان سودم لە ریپۆرتاژێكی پێشوم وەرگرتووە.


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com