گەڕان بە دوای "ونستۆن چەرچـــــڵ"ێـــكی عێراقیـــدا  

 

 

سڤیل: مەریوان عومەر

ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكاندا، تازە هەندێك لە سیاسەتمەدارانی عێراقی هەمان ئەو دەرەنجام و بۆچوونانە دووبارە دەكەنەوە، كە لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكانەوە چەندین جار دووپاتمان كردۆتەوە، لە پێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان و رازیكردنی ویژدانی خۆشمان.
ئێمە گوتمان: دەنگدەرانی عێراقی لەبەر هۆكاری روون و دیار و بەرچاو، سەرانی حكومەتی پێشوویان سزادا، هەرچەندە ئەوان توانیبوویان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو و لە قۆناغێكی زۆر سەخت و هەستیاری مێژوویی ئەو وڵاتەدا هەندێك كاری نایاب ئەنجام بدەن و بارودۆخی ئەمنی ئاسایی بكەنەوە و دەزگا ئەمنیەكان بەهێز بكەنەوە، لە دوا ساتەكانیشدا گرێبەستی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت ببەستن.
ئەمە راستیەكە جێگای داخە، كە ئەو سیاسەتمەدارانە خەڵكانی دۆست و خۆشەویست و تێكۆشەر بوونە، بەڵام لە حیكمەت و زیرەكیانەوە نەگەیشتوونەتە ئەو دەرەنجام و بۆچوونانەی ئێستایان، بەڵكو دوای ئەوەی بێئومێد بوون لە لێدانی هەموو دەرگا داخراوەكان و گرتنەبەری هەموو رێگاچارەیەكی باو و ناباو، تا لێدان و پەلاماردانی لایەنە نەیارەكانی تر بە شمشێری دەستەی نەزاهە و داد و لێپرسینەوە و تۆمەتباركردنیان.
هەوڵەكانی ئەو سیاسەتمەدارانە كەڵكی نەبوو، بۆ خۆدزینەوە لەو هەڵوێستە نیشتیمانیە گشتگیرەی ئارەزووی دامەزراندنی حكومەتێكی دەكرد، لەسەر شێوازێكی تازە و بە هاوسەنگیەكی تازە و ئامانجی كۆمەڵایەتی تازەوە، ئەمەش لە راپرسی و دیمانە رۆژنامەوانی و هەڵوێستە گشتی و تایبەتییەكاندا گوزارشتی لێ دەكرا.
ئەمە بۆچوونێكی نەشیاوی سیاسی نییە، خەڵك لە تەواوی جیهاندا لە بینینی بەردەوامی سەركردەكانیان بێزار دەبن، تەنانەت گەر ئەم سەركردانە سەروەری و شكۆی مەزنیشیان بۆ وڵاتەكانیان تۆمار كردبێت. نزیكترین نمونەش لەسەر ئەمە، هەر دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەم دوورخستنەوەی "وینستۆن چەرچل"ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بوو، ئەو پیاوەی پاڵەوانئاسا شانشینی یەكگرتوو "بەریتانیا"ی بەرەو سەركەوتنێكی مەزن بەسەر نازییەكاندا سەركردایەتی كرد.
هەستی سوپاسگوزاری بەریتانییەكان بەرامبەر بە سەكردەكەیان، وایكرد پەیكەری "وینیستۆن چەرچڵ" وەك سیمبولێكی نیشتمانی سەركەش لە بەرامبەر باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا دروست بكەن.
دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەندێ لایەن و كوتلەی سیاسی وەك كارەساتێكی گەورە و واقیعێك كە قابیلی قبوڵكردن نیە، تەماشای سەركەوتنەكەی "لیستی ئەلعێراقیە"یان كرد و هەڵوێستیان نواند. نەشیاندەزانی كە بەدەستهێنانی ئەو رێژەیە لە دەنگی دەنگدەران لە گۆڕەپانی سیاسی گشتیدا هیچ شتێكی ئەوتۆ ناگەیەنێت، دوودڵیش بوون لەوەی راستیەكە بە كوتلەی دەوڵەتی یاسا رابگەیەنن، كە تەنانەت گەر 150 كورسی پەرلەمانیشی بەدەست هێنابێت، ناتوانێت بە مەبەستی پێكهێنانی حكومەت كۆسپی پەرلەمان ببڕێت.
دەشزانین كە قسەكانمان لەگەڵ ئەم گروپە لە كوتلە و لایەنە سیاسیەكان هیچ مانایەكی نیە، چونكە ئەوان پێچەوانەی ئەمە بیر دەكەنەوە. بۆیە دەبینین بەردەوام هاتوهاواریانە و دونیایان پڕ كردوە لە دەسپێشخەری و لێدوان و هەوڵی گەڕان بە دوای هاوپەیمانیەتیەكدا، كە زۆرینەی "50%+1" پێویست بۆ پێكهێنانی حكومەت و دوو لەسەر سێی دەنگەكانیان بۆ هەرسێ سەرۆكایەتیەكان بۆ مسۆگەر بكات.
ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان ئەو لایەنانە دەبینین، كە چۆن لە فەرهەنگی پڕ لە تاڵی و نەهامەتییەكانی ئەو خەڵكە، بیانوو بۆ دوورخستنەوەی كوتلە گەورەكان دەدۆزنەوە، یا رازیبوونیان بە هاوپەیمانیەتیكردن لەگەڵ دەوڵەتی یاسادا. ئەمەش حاڵەتێكە ئێمە وەك هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە هیچ كاتێك ئارەزووی بینین و بیستنیمان نەكردوە. هەمیشە هیوامان خواستوە و لە خوا پاڕاوینەتەوە، كە هیچ كوتلەیەك لە چوار كوتلە گەورە براوەكەی پەرلەمان دوور نەخرێنەوە، وەك گرەنتەیەك بۆ سەقامگیربوونی وڵاتەكەمان و راگەیاندنی هەڵمەتێكی بەرفرەوانی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و گەشەپێدانی سەرچاوەكانی وزە و داهاتە دارایی و ئابوورییەكانی.
بەڵام ئەمڕۆ كە لە بەردەمی رێگایەكی فرەڕیانداین، هیچ شتێكمان لەبەردەستدا نەماوە، جگە لە ئومێدخواستن بە كەمێك حیكمەت و بێدەنگی و كاركردنی جدی لە پێناو گواستنەوەی عێراق بۆ ئەو دۆخەی تێیدا حكومەتێكی یەكێتی نیشتیمانی پێك بهێنرێت، كە لەمێژە خەڵك چاوەڕێیەتی.
***
ئیسماعیل ئەلزائیر – سەباح ئەلجەدید
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com