|
سڤیل:
رێبوار رەزا چوچانی
ماوەی ساڵێكە بزووتنەوەی گۆڕان خۆی وەك
ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان
راگەیاندووە، بەڵام رەخنەی سەرەكی كە
رووبەڕووی ئەو بزووتنەوەیە دەكرێتەوە، ئەوەیە
نەیتوانیوە وەك ئۆپۆزسیۆنێكی سەرتاسەری خۆی
بەیان بكات.
یەك ساڵ بەسەر تەمەنی بزووتنەوەی گۆڕان
تێدەپەڕێت، ئەو بزووتنەوەیەی كە بۆ یەكەمجار
ئۆپۆزسیۆنێكی فیعلی لەكوردستان دروست كرد،
ئەگەرچی گۆڕان لە بەرپرسە دیارەكانی یەكێتی
نیشتیمانی كوردستان پێكهات، بەڵام دواتر لەو
حیزبە جیابوونەوە، هەڵسوڕاوێكی دیاری گۆڕان كە
سەروەختێك بەرپرسێكی یەكێتی بووە، دەڵێت "ئێمە
ئەو حیزبەمان بەمێژوو و رێكخستن و فیكر و
بەرنامەیەوە، بەجێهێشت بۆ دەستڕۆشتووەكانی
ئێستای یەكێتی"، بەڵام چاودێرێكی سیاسی
پێیوایە، تا ئێستاش گۆڕان دژایەتی باڵەكەی تری
یەكێتی دەكات و نەیتوانیوە وەك ئۆپۆزسیۆنێكی
سەرتاسەری خۆی بەیان بكات.
دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان كە
بزووتنەوەیەكی ئۆپۆزسیۆنە لەهەرێمی كوردستان،
هاوكات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی
هەرێمی كوردستان لە 25/7/2009، كە پێشتر لەو
مێژووە، هەرێمی كوردستان جگە لەهێزە ئیسلامییە
تەكفیرییەكان، ئۆپۆزسیۆنی تێدا نەبوو، بەڵام
لەو مێژووە بەدواوە هەرێمەكە پێینایە قۆناغێكی
نوێوە، چونكە چیتر دەسەڵات بە تەنیا نەمایەوە
و لەبەرانبەریدا ئۆپۆزسیۆنێكی رەخنەگر
دروستبوو، بۆیە بەلای سەركردەكانی گۆڕانەوە،
ئەوان شانازییان بەركەوتووە، كە لەپێناو
بەرژەوەندی گشتی وازیان لە پۆست و ئیمتیازات
هێناوە و بەوپەڕی نەترسییەوە رەخنە دەگرن.
بزووتنەوەی گۆڕان كە سەرۆكەكەی نەوشیروان
مستەفایە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ جێگری سكرتێری
گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە،
لەئەنجامی ناكۆكی نێوان باڵەكانی یەكێتی
نیشتیمانی كوردستان و رێكنەكەوتنی ئەو باڵانە،
لەو حیزبە هاتنە دەرەوە، سەرەتا بە كردنەوەی
كۆمپانیای وشە بۆ راگەیاندن دەستیان بەكاركردن
كرد و بۆ ئەو مەبەستە جەلال تاڵەبانی سكرتێری
گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بڕی 10 ملیۆن
دۆلاری پێدان، بەڵام دواتر ئەو گرووپە
جیابووەوەی یەكێتی، بە لیستێكی جیا بەناوی
لیستی گۆڕان، بەشدارییان لەهەڵبژاردنە
پەرلەمانییەكەی 25/7/2009 كرد، لەو مێژوەوە
ئەوان چیتر لەناو یەكێتیدا نەمان و بە جیا لەو
حیزبە وەك بزووتنەوەیەكی جەماوەری ئۆپۆزسیۆن
لەهەرێمی كوردستان كاری سیاسی خۆیان ئەنجام
دەدەن.
ئاوات شێخ جەناب سەركردەی دیاری بزووتنەوەی
گۆڕان لەشاری سلێمانی، كە سەروەختێك بەرپرسێكی
دیاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە، هۆكاری
جیابوونەوەی خۆیان لەیەكێتی دەگێڕێتەوە بۆ
بێهیوابوونیان لەچاكسازی ناو ئەو حیزبەی كە
جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق سكرتێری
گشتییەتی، ئاوات دەڵێت "ئێمە خۆمان بە
درێژكراوە یان پارچەیەكی یەكێتی نازانین و
یەكێتیمان بە مێژوو و رێكخستن و سەركردایەتی و
بە فیكرییەوە بەجێمانهێشتووە بۆ ئەو
دەستڕۆیشتووانەی ئێستای.
ئاوات ستایشی بزووتنەوەكەیان دەكات، كە
توانیویەتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان،
گۆڕانكاری دروستبكات و فۆڕمی سیاسی لەهەرێمی
كوردستان بگۆڕێت، پێشوایە لەسەر ئاستی تاك،
گۆڕان توانیوییەتی كەسایەتی بۆ مرۆڤ
بگێڕێتەوە، گوتی "بزووتنەوەی گۆڕان توانی
كۆمەڵێك سەركەوتنی گەورە بە دەستبهێنێت، وەك
گەڕانەوەی شەخسیەت بۆ تاكی كورد، كە پێشتر
مرۆڤێكی پاشكەوتوو و بێئیرادە و بێشەخسییەت
بوو، وایكرد لە مرۆڤی كورد كە هەست بە گرنگی
خۆی و دەنگی بكات و بەشدار بێت لە پرسە
سیاسییەكاندا"، ئەو سەركردەیەی گۆڕان ئاماژە
بەوەش دەدات، كە ئەوان بوونەتە هۆی شكاندنی
ئەو تەوقەی كە حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمەكە
دروستییان كردووە "گۆڕان وایكرد پەرلەمانی
كوردستان لەدەزگایەكی لاوەكییەوە بكات بە
بەشدارێك لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و
دارایی و فەرهەنگی كوردستان، كە لەخولەكانی
رابردوو ئەكتیڤتر بێت و پەرلەمانتارەكانی لە
فەرمانبەرێكی حیزبییەوە كردە كەسێك، كە لە
مرۆڤێكی ملكەچەوە شەخسییەت بۆ خۆی
بگەڕێنێتەوە".
بزووتنەوەی گۆڕان كە بۆ یەكەمجار بەشدارییان
لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كرد، بەڵام
ئەو ئەنجامەی بەدەستیانهێنا، تا رادەیەك هەم
بۆ خۆیان و هەم بۆ هێزە سیاسییەكانی تریش
چاوەڕواننەكراوبوو، چونكە لە كۆی 111 كورسی
پەرلەمانی هەرێمەكە، توانیان 25 كورسی
بەدەستبهێنن و زۆربەی ئەندام
پەرلەمانەكانیشیان لەتەمەنێكی گەنجدان،
كوێستان محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان
لەپەلەمانی كوردستان دەڵێت "ئێمە تا ئێستا 31
پرۆژە یاسا و 19 یاداشت و 4 روونكردنەوە و 61
داواكاری كۆمەڵانی خەڵكمان داوەتە سەرۆكایەتی
پەرلەمان و 8 بەیاننامەمان دەركردووە، ئەمە
جگە لەو كێشانەی خەڵك كە لەرێی بەڕێوەبەری
ناحیە و قایمقامەكانەوە چارەسەر كراون و
پێویستیان بە پەرلەمان نەبووە، لەماوەی
ئەمساڵدا 26 پرسیارمان ئاراستەی وەزیرە
بەڕێزەكان كردوە، نەریتێكی تازەمان داهێنا، كە
چوینە ناو خەڵك و لیستەكانی تریش بەدوای
ئێمەدا هەمان نەریتیان دووبارە كردەوە"، ئەوەش
دەخاتەڕوو، فراكسیۆنەكەی ئەوان بۆ یەكەمجار
رەتكردنەوەی ئیمتیازاتی شەخسییان داهێنا و
لەپەرلەمانیشدا لەسەر بەرژەوەندییەكانی خەڵكی
هەرێمەكە شەڕ دەكەن، گوتیشی "بزووتنەوەی گۆڕان
توانی بودجەی پارتی و یەكێتی كە یەكی مانگانە
35 ملیۆن دۆلاریان لەبودجەی هەرێمی كوردستان
دەبرد بۆ خۆیان، كەمی كردەوە بۆ كەمتر لە 5
ملیۆن، ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە كە گۆڕان
توانی مانگانە 60 ملیۆن دۆلاری پارتی و یەكێتی
بگێڕێتەوە سەر بودجەی هەرێمی كوردستان".
چاودێرانی سیاسی وای بۆ دەچن، كە بزووتنەوەی
گۆڕان لەماوەی ساڵێكی تەمەنیدا، هێشتا
نەیتوانیوە وەك ئۆپۆزسیۆنێكی سەرتاسەری پەرە
بە جوڵانەوەكەی خۆی بدات، چونكە ئەوەندەی وەك
دژێكی یەكێتی نیشتیمانی خۆی بەدیار خستووە تا
ئەمدواییانە، ئەوەندە نەیتوانیوە لە بەرانبەر
پارتی دیموكراتی كوردستانیش، كە پێكهێنەرێكی
سەرەكی دەسەڵاتە لە هەرێمەكە، هەمان تێڕوانینی
هەبێت لەسەر ئەدائی كاروبارەكانیان لە هەولێر
و دهۆك، دكتۆر كامەران مەنتك، لەگەڵ ئەوەی
پێیوایە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی
كوردستان "لایەنە ئیجابییەكەی زیاترە لە
لایەنە سلبییەكەی"، بەڵام ئەوەش دەخاتەڕوو،
بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانیوە پەیامێكی تری
پێبێت كە جیاواز بێت لەپەیامی لایەنەكانی تر و
وەك ئۆپۆزسیۆنی باڵەكەی تری یەكێتی نیشتیمانی
كوردستانیش كاری كردووە، گوتی "ئەوان لە
هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا هەمان زمانی پێشووی
شەڕی ناوخۆیان بەكارهێنا، بۆ نمونە ئەوەندەی
كە زەختیان لە باڵەكەی تری یەكێتی و شەخسی مام
جەلال كرد، ئەوەندە نەیانتوانی بە زمانێكی جیا
و لەسەر ئاستێكی كوردستانی قسە بكەن، نەك
لەسەر ئاستێكدا كە ململانێكان وانیشان بدەن
لەگەڵ باڵێكدا ململانێ دەكەن، ئەوان
نەیانتوانی وەك ئۆپۆزسیۆنێكی سەرتاسەری خۆیان
نیشان بدەن و زیاتر وەك ئۆپۆزسیۆنی باڵێكی
یەكێتی بەدیار كەوتن".
دكتۆر كامەران پێیوایە بۆ راستكردنەوەی ئەو
رەخنانەی كە لەسەرییانە، گۆڕان پێویستە
لەمەدوا لەسەر ئاستی كوردستانی كار بكات، وتی
"پێویستە هەر شتێك بوو بەشێوەیەكی شمولی سەیری
بكات و رەخنەكەی تەنها لە یەكێتی نەبێت، بەڵكو
رەخنە لە پارتیش بگرێت و بەشێوەیەكی یەكسانیش
مامەڵەیان لەگەڵدا بكات".
لە بەرانبەریشدا ئاواتی شێخ جەناب، رەخنە لەو
بۆچوونەی دكتۆر كامەران مەنتك دەگرێت و
پێیوایە سەرنجەكەی "دەقیق" نیە، چونكە وەك ئەو
دەڵێت "لایەنێك كە ناوی یەكێتییە، هاورێكانمان
عەزییەت دەدەن، زیندانییان دەكەن و برینداریان
دەكەن و نانبڕاویان دەكەن و لە پۆست و پلە و
پایەكانییان لا دەبرێن، سەری رمی
راگەیاندنەكەشی تا ئاستی تەخوینكردن رووبەڕووی
ئێمەیە و دەمانخاتە هەڵوێستێكی وەهاوە، كە
ناتوانین بەرگری لە خۆمان نەكەین، بۆیە ئەو
خوێندنەوەی دكتۆر كامەران خوێندنەوەیەكی دەقیق
نییە، چونكە پارتی راستە هەندێكجار و
لەمدواییانەشدا پێكەوە لەگەڵ یەكێتی كەوتنە
وێزەی گۆڕان، بەڵام تا ئاستی نەرمتر
جوڵاونەتەوە بەرانبەرمان و وەك یەكێتییان
نەكردووە".
یەكێك لەو خاڵانەی كە تا ئێستا وەك رەخنەیەك
رووبەڕووی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێتەوە،
ئاشكرانەكردنی سەرچاوەی دارایی
بزووتنەوەكەیانە، تا ئێستا سەركردەكانی گۆڕان
باس لەوە دەكەن، كە سەرچاوەی داراییەكەیان
پشتیوانی و هاوكاری خەڵكە، ئاوات شێخ جەناب
دەڵێت "بە درێژایی ماوەیەكی زۆر شۆڕشی ئەیلول
و شۆڕشی نوێ، لەسەر پیتاكی خەڵك ژیاون، لەم
سەردەمەشدا لەبەر ئەوەی رادەی خۆبەخشین و
هاوكاریكردن یەكجار زیادی كردووە لەناو
هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕاندا، كەمترین ئەرك
لەسەر بزووتنەوەكەیە، ئەو ئەركانەی كە لەسەر
بزووتنەوەكەیە، بە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی
ئەندام و هەڵسوڕاوەكانی و بەپشتوانی كۆمەڵانی
خەڵكی كوردستان، بە ئاسانی دەتوانێت پێی بژی".
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (سڤیل) كەوتون،
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
بڕیاری داوە، كە هەموو ئەندام مەكتەب سیاسی و
سەركردایەتییەكانی پارتی، خۆیان لە هەر جۆرە
باسكردنێكی بزووتنەوەی گۆڕان بە دوور بگرن،
سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی پارتی ئەو
زانیارییەی پشتڕاست كردەوە و گوتی
"بڕیارمانداوە بەهیچ جۆرێك باسی گۆڕان نەكەین،
ئەگەر باسی ئێمەیان كرد بە روونكردنەوە
وەڵامیان دەدەینەوە و ئەگەر تەشهیریان كرد،
داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەین"، (سڤیل)
بۆ وەرگرتنی سەرنجی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
لەسەر ساڵێك تەمەنی بزووتنەوەی گۆڕان،
پەیوەندی بە ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی و
مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەوە كرد، بەڵام بە
بیانووی جۆڕاوجۆر خۆیان لەو باسە بە دوور گرت.
|