|
سڤیل:
مەریوان عومەر
دوای ئەوەی شاندەكەی راوێژكاری ئاسایشی
نەتەوەیی ئەمریكا چەند دانوستانێكی خێرای
لەگەڵ لایەنە جیاجیاكاندا كرد و گەڕایەوە
ئەمریكا، پرسیاری زۆر سەبارەت بە ئەنجامی
كۆبوونەوەكانی و پلانی ئایندەی ئەمریكا دروست
كرد.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆژنامەی "ئەلقەبەس"ی
راگەیاندوە، كە دوای ئەوەی ئەمریكا شكستی هێنا
لەوەی سەركردەی هەردوو گەورەترین لیست "نوری
مالیكی" و "ئەیاد عەللاوی" بگەیەنێتە
رێكەوتنێك، سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستی
سەرۆكی حكومەت لە نێوانیاندا، بە جۆرێك
هەریەكەیان ماوەی 2 ساڵ سەرۆكایەتی حكومەت
بكەن، ئێستا ئەمریكا جارێكی تر و بە نەخشەیەكی
تازەترەوە گەڕاوەتەوە، بۆ دەربازكردنی عێراق
لەو قەیرانە سیاسیەی تێی كەوتووە.
پلانی تازەی ئەمریكا مانەوەی مالیكیە لە پۆستی
سەرۆك وەزیراندا، لە بەرامبەریشدا ئەیاد
عەللاوی پۆستی سەرۆك كۆمار و وەزارەتە
گرنگەكان (بەرگری و ناوخۆ و ئاسایشی نشتیمانی"
وەربگرێت. سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بۆ
هاوپەیمانی كوردستانی بێت و "جەلال
تاڵەبانی"یش پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی سیاسی
بۆ ئاسایشی نیشتیمانی وەربگرێت.
ئەندامانی سەر بە لیستی ئیئتیلافی نیشتیمانی
ئەم نەخشەیە وەك پلانێك بۆ دوورخستنەوەی ئەوان
لە دەسەڵات تەماشا دەكەن، تاوەكو لیستەكەیان
ببێتە كوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆن لەنێو پەرلەماندا.
ئەمەش لە لایەن "موقتەدا سەدر"ی سەركردەی
تەیاری سەدری بە تەواوەتی رەت كراوەتەوە، ئەو
باڵەی گەورەترین قورسایی لەنێو ئیئتیلافەكەدا
هەیە.
دوای ئەوەی ئەمریكا لەدواین نەخشەیدا پشتگیری
بۆ مانەوەی مالیكی لە پۆستەكەیدا نیشاندا، بەو
مەرجەی لەگەڵ لیستی ئەلعێراقیەدا بگاتە
رێكەوتنێك، سەرچاوەیەكی نزیك لەدەوڵەتی یاسا
ئاشكرای كرد، نوری مالیكی ئامادەیی خۆی
دەربڕیوە دەسبەرداری خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی
سەرۆكایەتی حكومەت ببێت، گەر ئەو پاڵێوراوەی
هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی (ئیئتیلافی نیشتیمانی
+ دەوڵەتی یاسا) پێشنیاری دەكات، بتوانێت 80
دەنگ بەدەست بهێنێت، لە كۆی 159 كورسی
هاوپەیمانیەتیەكەیان.
مالیكی لە لێدوانەكانیشدا چەند هێز و لایەنێكی
نێو ئیئتیلافی نیشتیمانی بە هەوڵی گرێتێخستنی
پێكهێنانی حكومەت لەرێگای وەستان لەدژی مالیكی
و نەتوانینی دەسنیشانكردنی پاڵێوراوێك
تۆمەتبار كرد. مالیكی سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر
بە داواكارییەكانی ئیئتیلافی نیشتیمانی
نیشاندا، كە داوا دەكەن دەسبەرداری خۆپاڵاوتن
بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بێت، وتیشی "ئەوان
سەرۆك وەزیرانێكی لاوازیان دەوێت، كە دیلی
دەستی ئەملا و ئەولا بێت و لەسەر حیسابی گەلی
عێراق موجامەلە بكات. سەرۆك حكومەتێكی لاواز
چۆن دەتوانێت دەستوور جێبەجێ بكات و بەرگری لە
عێراق بكات؟!".
لەبەرامبەردا ئیئتیلافی نیشتیمانی، كە هەردوو
سەركردەی شیعی موقتەدا سەدر و عەممار ئەلحەكیم
لەخۆدەگرێت، لێدوانەكانی مالیكیان رەتكردەوە و
بەرپرسیاریەتی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان
خستە ئەستۆ.
ناكۆكیەكانی نێوان دەوڵەتی یاسا و ئیئتیلافی
نیشتیمانی گەیشتۆتە ئاستێك، كە مەترسی
هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیەتیەكەی نێوانیان
دەكرێت، لەو حاڵەتەشدا ئەلعێراقیە دەبێتە
گەورەترین كوتلە و ئەركی پێكهێنانی حكومەتی پێ
دەسپێردرێت. "نەسار ئەلروبەیعی" ئەندامی
ئیئتیلافی نیشتیمانی سەر بە رەوتی سەدر دەڵێ
"ئیئتیلافی نیشتیمانی پابەندە بە
هاوپەیمانیەتی نیشتمانی لەگەڵ دەوڵەتی یاسادا،
گە بتوانێت پاڵێوراوێكی تر لەجیاتی مالیكی
پێشكەش بكات، بەڵام گەر هاوپەیمانیەتی
نیشتمانی هەڵبوەشێتەوە، ئەوكات ئەلعێراقیە
دەبێتە گەورەترین كوتلە و ئەركی پێكهێنانی
حكومەتی پێ دەسپێردرێت". هەر لەبارەی لێدوانە
توندەكانی ئیئتیلافی نیشتیمانی لەبەرامبەر
مالیكیدا، "بەلقیس كولی" ئەندامی كوتلەی سەدری
دەڵێی "ئێستا مالیكی كەسێكە چیتر لەشەقامی
سیاسی عێراقیدا حەز بە مانەوەی ناكرێت،
پێویستە دەوڵەتی یاسا ئەم مەسەلەیە بە جدی
وەربگرێت و جێگرەوەیەكی بۆ دیاری بكات".
لەپێناو سەرخستنی دواهەمین نەخشەكەی، بۆ
پێكهێنانی حكومەتی عێراقی، ئەمریكا فشارەكانی
بۆسەر لیستی ئەلعێراقیە زیاتر كردوە، تا
مالیكی وەك سەرۆك وەزیران قبوڵ بكەن. "ئوسامە
نوجەیفی" سەركردەی لیستی ئەلعێراقیە دانی بەو
فشارانە بەهێزانە دانا كە لەسەر لیستەكەیانە،
لەپێناو پەسەندكردنی مالیكی وەك سەرۆكی تازەی
حكومەت، بەڵام وتیشی "ئێمە بە شێوەیەكی توندتر
بە رووی ئەو فشارانەدا وەستاینەوە و دەست بە
ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و مافی خۆمان بە
پێكهێنانی حكومەتەوە دەگرین. ئێمە لەبەردەم
بەرپرسیاریەتێكی مێژوویی و نەتەوەیی داین،
پڕۆژەیەكی نیشتیمانی راستەقینەمان هەیە،
پڕۆژەیەكی تایەفی و حیزبی و دەستەگەری نیە،
ئێمە رەتی دەكەینەوە مالیكی و حیزبی دەعوە
دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئەوان پێنج ساڵ
فەرمانڕەوا بوون، جگە لە قوڵكردنەوەی تایەفی و
دەستەگەری حیزبی، هیچ بەرهەمێكی تریان نیە".
لەكاتێكدا كوتلەی ئەلعێراقیە مەرجەكەی
ئیئتیلافی نیشتیمانی رەتكردەوە، كە داوای
كردبوو لەبەرامبەر ئەنجامدانی گفتوگۆ
لەگەڵیدا، ئەلعێراقیە گفتوگۆكانی لەگەڵ
دەوڵەتی یاسادا بوەستێنێت، زۆر لە چاودێران
پێیان وایە نزیكبوونەوەی مالیكی لە لیستی
ئەلعێراقیە ئاماژەیەكە بۆ ئێران، كە گەر
بیەوێت هاوپەیمانیەتی نێوان دەوڵەتی یاسا و
ئیئتیلافی نیشتیمانیدا بمێنێت، دەبێ فشاری
زیاتر بخاتە سەر ئیئتیلافی نیشتیمانی، تا بە
مانەوەی مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیران رازی
ببن.
"تارانی"ش دەزانێت كە ئیئتیلافی نیشتیمانی تا
ئێستا نەیتوانیوە پاڵێوراوێك لەجیاتی مالیكی
پێشنیار بكات، بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی باڵا
دەیەوێت "عادل عەبدولمەهدی" پاڵێوراوی
ئیئتیلافەكەیان بێت بۆ سەرۆكایەتی حكومەت،
بەڵام سەدرییەكان رەتی دەكەنەوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەگەرەكانیشدا هەندێك
لایەنی سیاسی بەدووری نازانن تاران بە دواین
نەخشەی ئەمریكا رازی بێت، كە پشتگیری
لەمانەوەی مالیكی لە پۆستەكەیدا دەكات، هەروەك
بەدووریش نازانرێت ئەیاد عەللاوی سەردانی
تاران بكات، لە پێناو سەرگرتنی دواین نەخشە و
روونكردنەوە وردەكاریەكانی بۆ لایەنی ئێرانی.
بەڵام هەندێك لایەنی تر لەو باوەڕەدا نین
ئێران بەوە رازی بێت ئەلعێراقیە سێ وەزارەتە
ئەمنیەكە وەربگرێت، زۆر لە كەسایەتیەكانی نێو
پێكهاتە شیعەكانیش بە توندی لە دژی ئەوەن و بە
سەرچاوەی نیگەرانی و مەترسیشی دەزانن.
ئێستا كە مالیكی لەلایەن ئیئتیلافی نیشتیمانی
و زۆر لایەنی سیاسی ترەوە گەمارۆ دراوە و
فشاری دەخرێتەسەر، كە دەسبەرداری خۆپاڵاوتنی
بێت، رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لەچەند
بەرپرسێكی ئەمریكی گواستۆتەوە، كە ترسیان لەوە
هەیە، كاتێك مالیكی بێئومێد بێ "رەفتاری
چاوەڕواننەكراو" ئەنجام بدات، كە لە
بەرژەوەندی خۆشیدا نەبێت!.
|