كۆبوونەوەكەی مالیكی لەگەڵ بارزانی بەو جۆرە نەبووە كە مالیكی چاوەڕێی دەكرد  

 

 

سەرەڕای تەئكیدكردنەوەی هەریەكە لەبارزانی و مالیكی لەسەركەوتویی كۆبوونەوەكەیان، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكان كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێ بە بەشی ئینگلیزی سایتی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەنی گوتوە كۆبوونەوەكان سەركەوتوو نەبوون و بەو جۆرە نەبوون كە مالیكی چاوەڕوانی دەكرد. سەرچاوەكە گوتویەتی شاندەكەی دەوڵەتی یاسا ویستویانە ماوەیەكی درێژتر لە كوردستان بمێننەوە، بەڵام سەرنەكەوتویی كۆبوونەوەكان وای لێكردن هەر زوو بگەڕێنەوە.
شەرقولئەوسەت دەڵێ نیمچەكۆدەنگییەك لەنێوان هەموو لیستەكاندا هەیە، بەوەی ڕێگە نەدەن مالیكی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران. سەرچاوەكە گوتوشیەتی "ئەوەی لە كۆنگرە ڕۆژنــــامەنوسییەكە گوتیان جیاوازبوو لەوەی لەكۆبوونەوەكە روویدا، بەتایبەت كە ئیئتیلافی لیستە كوردستانییەكان داوای بەڵێنی نوسراویان لە مالیكی كردووە". ئەمیر ئەلكیانی لە ڕەوتی ئەحراری سەر بەموقتەدا سەدر دەربارەی ئەوەی كە بارزانی گوتی هێڵی سورمان نییە لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی پۆستەكە لەلایەن مالیكیەوە، گوتویەتی "لێدوانەكەی بارزانی زیاتر وەك سۆز و ڕێزێك بوو بۆ مالیكی، ئەگینا بارزانی یەكێكە لەوانەی زۆرترین تەحەفوزیان لەسەر مالیكی هەیە".
بەڵام عەلی دەباغ لە لیستی دەوڵەتی یاساوە ئەوەی ڕەتكردۆتەوە و تەئكیدی كردۆتەوە لە سەركەوتویی كۆبوونەوەكان و پێی وابوە هەڵوێستە ڕاشكاوەكەی مەسعود بارزانی وا لە لایەنەكانی تریش دەكات واقعیانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتدا بكەن.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com