بایدەمیر توركەكان توشی شۆك دەكات  

 

 

ئا: سەروەر سالار چوچانی
10 رۆژ لەمەوبەر عوسمان بایدەمیر والی دیاربەكر گوتی بۆ لەشارەوانی دیاربەكردا لەتەنیش ئاڵای توركیادا ئاڵای كوردستان هەڵناكرێ. مستەفا ئایكۆل نوسەری تورك دەڵێ ئەم قسەیەی بایدەمیر لای زۆر لە توركەكان شۆك بوو و گەلێ كاردانەوەی توندیان نواند، هەر لە جەمیل چیچەكی وەزیرەوە هەتا میدیای توركی. ئایكۆل دەڵێ بەڵام من لەگەڵ ئەوەدام ئەم بۆچونەی بایدەمیر نابێ هێرش و شكاتكاریی لێبكەوێتەوە، بەڵكو دەبێ گفتوگۆی ڕاستگۆیانە بخولقێنێ.
ئایكۆل دەڵێ دەبێ "ماف" جیابكەینەوە لە "داواكاری". ئەو دەڵێ من دڵنیام لەسایەی كۆماری توركیادا مافە بنچینەییەكانی كورد لە قسەكردن و فێركردن و پەخش و بڵاوكردنەوە بە زمانی كوردی پێشێل كراون و ئێستاش مافی خۆیانە ئەو مافانەیان بۆ بگێڕدرێتەوە، بەڵام مەسەلەی چۆنێتی پێكهاتەی دەوڵەت مەسەلەیەكی ترە و جۆرێتی دەوڵەت هەر لە یەكێتیەوە تا فیدرالی و پاشایی و كۆماری وەك ماف پۆلێن و دیاری ناكرێن، بەڵكو لەسەر چەند بنەمایەكی مێژویی دەچەسپێن. ئایكۆل دەڵێ من لەگەڵ بیرۆكەی لامەركەزیكردنی توركیادام وەك ئەوەی عوسمانییەكان پیادەیان دەكرد، بەڵام لەگەڵ سیستمی خۆڕێبەری هەرێمیدا نیم، وەك ئەوەی بایدەمیر داوای كردوە لەسەر بنەمای ئیتنیكی بێت. مستەفا ئایكۆل بۆ ئەو بۆچونەشی لێكدانەوەی تایبەتی هەیە. یەك لە بەهانەكانی ئەو ئەوەیە كە توركیا وەك عێراق نییە، دەڤەرێكی دیاریكراوی هەبێ و كوردەكانی تێدا كۆبووبێتەوە، ئەویش چونكە زیاتر لەنیوەی كوردەكانی توركیا لە دەرەوەی ئەو دەڤەرە مێژوییەن، كە هەرێمی كوردستانی توركیایە و ئێستا لە شارە گەورەكانی وەك ئەستەنبول و ئەدەنە دەژین.
ئایكول دەڵێ ڕەنگە هەندێك بڵێن هەڵكردنی ئاڵای كوردستان گرنگییەكی مەعنەوی بۆ كورد هەیە و وا دەكات هەستێكی شانازی لای كوردێكی ئەستەنبولی دروست بێ، كاتێ دەبینێ ئاڵای كوردستان لە دیاربەكر دەشەكێتەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا زۆرینەیەكی توركی بە فیدرالیزەكردنی توركیا ڕازی نابن و سەرەنجام كێشەكان قوڵتر دەبێتەوە. بەم پێیە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان چەندە كورد دڵخۆشدەكات، ئەوەندە توركەكان شێت دەكات. هەر ئەمەشە وا دەكات هەڵكردنی ئاڵای "زەرد و سەوز و سور"ی كوردستان لەم قۆناغەدا یاریدەی چارەسەری كێشەكە نەكات.
مستەفا ئایكۆل دەڵێ بەر لە پێشكەشكردنی ئەو بیرۆكانە، پێویستمان بە دوو خاڵە:
یەكەم: دەبێ كۆتایی بە توندوتیژی بهێنرێ. بەتایبەت پەكەكە واز لە پەلامارەكانی بهێنێ، چونكە ئەو شەڕە هەر خەڵكی بێتاوان ناكوژێ، بەڵكو فەزا سیاسییەكەش ژەهراوی دەكات.
دوەم: دەبێ ئەو بۆشایی تێگەیشتنەی لەنێوان كورد و توركدا هەیە پڕ بكرێتەوە. ئێستا نە تورك ئاگایان لێیە كورد لە سایەی كۆماری توركیادا توشی چ زەبروزەنگێك هاتون و نە كوردیش ئاگایان لەو هەموو وێرانكاری و كوشتارەیە كە توركەكان توشی هاتون لەسایەی پرسی كارەساتئامێزی "جەنگی دژەتیرۆردا".
لە كۆتاییدا مستەفا ئایكۆل دەڵێ "بەر لەوەی دیاری بكەین كە چۆن پێكەوە بژین، پێویستمان بەوەیە لە خەمەكانی یەكتر تێبگەین".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com