بزووتنەوەی گۆڕانیش سەركردایەتی لەسەر ئاستی پارێزگاكان درووست دەكات  

 

 

جگە لە سەركردایەتی هەرێمی كوردستان سەركردایەتی نیشتیمانی پێكدەهێنن

سڤیل: هەولێر



هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بزووتنەوەكەیان لەسەر بنەمانی بازنەكانی دەنگدان خۆی رێكدەخاتەوە و سەركردایەتی بۆ پارێزگاكان و هەرێمی كوردستانیش دروست دەكەن، جگە لەوەش باس لەوە دەكات، كە بزووتنەوەكەیان سەركردایەتییەكی نیشتیمانی پێكدەهێنێت.
بزووتنەوەی گۆڕان كە گروپێكی جیابووەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن بەسەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا، دوای بەشداریكردنییان لە دوو هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان و وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستا خەریكی دانانی هەیكەلی رێكخراوەیی خۆیانن، بەڵام وەك سەركردەكانی گۆڕان كە بە هەڵسوڕاو دەناسێنرێن، باسی دەكەن، هەیكەلی رێكخراوەیی و شێوەیەی رێكخستنییان جیاوازە لە حیزبەكانی تر، چونكە وەك ئەوان دەڵێن، شێوەی رێكخستنی تەقلیدی حیزبە كوردستانییەكان پەیڕەو ناكەن.
ئاواتی شێخ جەناب، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لەسنووری پارێزگای سلێمانی، كە بنكەی سەرەكی و پێگەی بەهێزی جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان لەو پارێزگایە، ئاماژە بەوە دەدات، بزووتنەوەكەیان لەماوەی تەمەنیدا توانیویەتی پشتیوانی میدیای ئازاد بێت لە هەرێمەكە و وا بكات بوێرانەتر رەخنە بگرن و "میدیای ئازاد كە چالاكانەتر و ئازایانەتر، خاڵ بخاتە سەر پیتەكانی گەندەڵی و نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و شەفافییەت و ئازادی بیروڕا"، ئەمە جگە لەوەی كە پێیوایە گۆڕان توانیویەتی رۆحی خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكان لای خەڵكی هەرێمەكە زیندوو بكاتەوە، چونكە وەك ئەو گوتی "یەكێك لەو خاڵە ئیجابییانەی كە پێویستە بۆ گۆڕان تۆمار بكرێت ئەوەیە، دەكرێت خەڵك لەپێناو میللەتەكەی خۆیدا، واز لە پلە و پایە و پۆست بهێنێت و چاوەڕێی پاداشت و بەرانبەر نەكات، گۆڕان جارێكی تر ئەو رۆحییەتەی زیندوو كردەوە، كە خەڵك لەخۆبوردوو بێت لەپێناو ئامانجە گشتی و نەتەوەییەكاندا قوربانی بدا، ئەمە سەركەوتنێكی ئەوەندە گەورەیە، ئەندامانی گۆڕان و هەڵسوڕاوانی گۆڕان دەبێت شانازی پێوە بكەن".
ئاوات كە پێشتر بەرپرسی مەڵبەندی كەلاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە و لەدوای وازهێنانی نەوشیروان مستەفای جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هاوڕێكانی لە حیزبەكەی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەویش وازی لە یەكێتی هێناوە و ئێستاش یەكێكە لە سەركردە و هەڵسوڕاوە دیارەكانی ئەو بزووتنەوەیە، ئاوات سەبارەت بەشێوەی بەرپرسیارێتی لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا دەڵێت "یەكێك لە ئیجابییەتەكانی گۆڕان ئەوەیە، كە لە عوقدەی تەراتوبی مەسئولییەت دەرچووە و هەرچی هەیە لە ناو گۆڕاندا هەمووی هەڵسوڕاوە".
ئاوات، جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، بزووتنەوەكەیان لە رووی رێكخستنەوە پشت بە "پشتیوان" دەبەستێت، ئەو لەبارەی ئەو پشتیوانانەوە دەڵێت "ئەم پشتیوانانە سەربەخۆی تەواوی ئابوری خۆیان هەیە و ئەوانە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن، كە ماددی هەم لە رووی دارایی دەگرێتەوە، هەم لە رووی بەشداریكردنی سیاسی دەگرێتەوە و بەشداریكردنی مەعنەویش خۆی دیارە چییە، ژمارەیەكی كەمی ئەندام كە ئەندامەكان ئەو كەسانە دەبن، كە لە بارەگاكان و بەپێی پێویستی ئیشوكارەكان، خۆیان موفەریخ دەكەن و كاروباری بزووتنەوەكە هەڵدەسوڕێنن"، گوتیشی "ئەو كەسانەی كە پشتییان پێدەبەستین پشتیوانەكانە و رەنگە ئەوەندەش كەمبێت كە باس نەكرێت".
ئاوات ئاماژە بەوەش دەدات، بزووتنەوەكەیان لەسەر بنەمای بازنەكانی هەڵبژاردن خۆی رێكدەخاتەوە و بەشێوەیەكی تەواویش لامەركەزییەت دەدات بە قەزا و ناحیە و گەڕەكەكان، گوتیشی "هەر شارێك سەركردایەتییەكەی تایبەت بە خۆی دەبێت و دواتریش سەركردایەتی هەرێمی دەبێت و دواتریش سەركردایەتی نیشتیمانی بەپێی پێویست دروست دەبێت"، بەڵام ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان، رێكخستنەكانی خۆیان وا وەسف دەكات، كە شێوەیەكی فەرشیان هەیە و لەلایەن یەك كەسەوە سەرپەرشتی ناكرێت، گوتی "ئێمە گروپ و ئەنجومەنمان هەیە، بەشێك لە بەرپرسیارێتی و ئیش و كارەكان، رەنگە بەشێوەیەكی دەوری سەرپەرشتی بكرێن، نەك كەسێكی دیاریكراو"، ئەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی ئەوەشی كرد، ئەوان بۆ كۆمەككردنی هەڵسوڕاوەكانیان لە رووی مادییەوە، كۆمەڵێك رێگایان دەستنیشان كردووە، بۆ ئەوەی ئەو كۆمەكانە پێشكەش بە هەڵسوڕاوەكانیان بكەن، بەڵام وەك ئەو گوتی "ئەو كۆمەكانە بەشێوەیەك دەبێت، بەبێ ئەوەی بیانكەین بە كۆیلەی حیزب، یەكێك لەو ئەلتەرناتیڤانە ئەوەیە كە لەرێگەی سندوقەكانی هاوكارییەوە كۆمەكی خەڵك بكرێت، بەڵام بە مەرجێك وای لێنەكرێت ببێتە عەبدی حیزب و موچەكەشی وەك پەتی ئیعدام لە ملی بێت و هەر وەختێك حیزب ویستی لێتوند بكات و هەڕەشەی سەندنەوەی ژیانی لێبكات".
ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە بزووتنەوەكەیان مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەكات و دژایەتی هیچ لایەنێكی دیاریكراو ناكات، بەشێوەیەك كە پێشوەختە بڕیاری دژایەتییان هەبێت بۆی، دەڵێت "گۆڕان مامەڵە لەگەڵ رووداو و واقیع و بەشەر دەكات، ئێمە بڕیاری ئامادەمان نە بۆ پارتی و نە بۆ یەكێتی نیە، بڕیارێكمان نیە بڵێین ئەگەر پارتی و یەكێتی وایان كرد، ئێمەش وا دەكەین، ئەمە رۆژگار دەریدەخات كە هەڵوێستمان بەرانبەر لایەنەكان چۆن دەبێت كە قەبارەی هەرچەندێكیش بێت"، بەڵام ئەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوەش دەدات، ئەوان بڕوایان بەپێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردن و دایەلۆگ هەیە، گوتیشی "دوژمنایەتیمان لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا نیە، تەنها خیلافی سیاسیمان هەیە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com