ئەندامێكی كۆردیناسیۆنی پژاك: ئەمریكا پژاك بە تیرۆریست دەزانێ و دەشــــزانێ ئێــران سەرچــــاوەی تیرۆرە  

 

 

سڤیل: ئەحمەد سەفا




ئەندامێكی كۆردیناسیۆنی پژاك باس لەهەندێك لایەنی حیزبەكەیان دەكات و پێیوایە ئەمریكا لەبری ئێران پژاك بە تیرۆریست دەزانێ و كاتێكیش باس لەپەیوەندی نێوان پەكەكە و پژاك دەكات، پێیوایە ئەو دووانە تەنها لەفیكری ئۆجەلاندا هاوبەشن.
كاتێك قسەی لەسەر پژاك كرد، رێزان جاوید ئەندامی كۆردیناسیۆنی پژاك باسی لەپێشینیەكی مێژوویی دروستبوونی ئەو حیزبەی كرد، رێزان پێیوابوو بیروبۆچوونی ئاپۆ لەلای ئەوان وەك بیرێكی جیهانی وایە، ئەو ئەندامەی كۆردیناسیۆنی پژاك گوتی "پەژاك دوای دەستگیربوونی رێبەر ئاپۆ دامەزرا، ئێمە پێمانوایە بیر و خەباتی ئاپۆ بۆ هەموو كوردە و تەنیا لەچوارچێوەی پەكەكەدا نییە، بیرێكی جیهانییە و خاوەن تێزی نوێ و ئەندێشەی نوێیە، دەسگیركردنی ئاپۆ بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی فراوان، ئەمە بانگەوازێك بوو بۆ رێكخستنێكی نوێ دژ بەو بێدەنگییەی كە رۆژهەڵاتی كوردستانی داگرتبوو، دوای ئەوە سەدان لاوی رۆژهەڵاتی كوردستان روویان لەقەندیل كرد، رێكخستنی ئەو لاوانە پێویستی بە دامەزراندنی پارتێكی نوێ هەبوو، لەسەرەتادا هەڤاڵانی (پ ك ك) زۆر یارمەتیان دان، تا شوێن و پێداویستییەكانیان بۆ دابین كردن، لەگەڵ ئەوەی كە راهێنان و پەروەردەی ئەو لاوانەیان لەئەستۆ گرت و ئەزمونی تێكۆشانی خۆیان لەمبارەیەوە فێری ئەو لاوانە كرد". پژاك لەسەرەتادا لە 1999 تا 2003 لەژێر ناوی بزووتنەوەی یەكێتی دیموكراتی كاری دەكرد، دواتر لە 2003دا كۆنفرانسێك بەستراوە و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان دامەزراوە.
رێزان جاوید باسی لەدەستەی دامەزرێنەی ئەو پارتە كرد و كە هەندێكیان لەژیان نەماون، ئافات، عەكیف، دڵخواز و چەند كەسێكی تر، كە ئێستا لەژیاندا نەماون، بەڵام ئەوانەی ماون و دەستەی دامەزرێنەر بوونە لەوانە بڕیار گاباری و برادەرانی تری ئەمانە لەسەرەتادا سەركردایەتی رێكخراوەكەیان دەكرد، دواتر كە بزاڤەكە بووە بە پارت و مەجلیسی خۆی دامەزراند، كۆردیناسیۆنی خۆی هەڵبژارد و سەرۆكی پارتی دیاری كرا. لەوكاتەوە تا ئێستا هەڤال رەحمان حاجی ئەحمەدی سەرۆكی پژاكە، پژاك تا ئێستا 3 كۆنگرەی گرتووە، لەنیسانی ئەمساڵدا یەكەم كۆنفراسمان بەست، كە كۆنفرانسی یەكەم بوو دوای دامەزراندن.
لەگەڵ ئەوەشدا كەسانێكی تر كە ئێستا لەریزەكانی پژاك نەماون و خۆشیان بە دەستەی دامەزرێنەری پژاك دەزانن، رێزان جاوید بە پێچەوانەی ئەوان ئەو كەسانە بە كرێگیراو دەزانێ و دەڵێ "لە ساڵی 2004 هێرشێك بۆ سەر بزاڤەكەمان دەستی پێكرد، ئەو كات پژاك وەك ئێستا ئەزمونی نەبوو، هێرشەكە لە ناوەوە بوو، زۆر كەس دەیانویست پارتیمان بكەنە سەر بەلایەنێك و تەنانەت ویستیان كادیرانمان بە بیرۆكەی دەرەكی پەروەردە بكەن و سیاسەتێك بەسەر پژاك دا زاڵ بێت، كە لەگەڵ كلتوری كوردەواری نەگونجێ و ژیانی گەریلایی تێك چێت و جۆرێك بێ ئەخلاقی رەواج پەیدا بكات، دوایی دەركەوت كە بەكرێگیراو بوون و مەبەستیان دوورخستنەوەی پژاك بوو لەئەندێشەكانی سەرۆك ئاپۆ، ئەوان قەوڵیان لەدەرەوە وەرگرتبوو، تا پژاك تێك بدەن و دوایی شتێك بەو ناوە ساغ كەنەوە، كە سەری نەگرت و لێك بڵاوبوون".
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن رێزان جاویدەوە هەیە، كار و چالاكییەكانی پژاك لەسنورەكانی نێوان باشور و باكوری كوردستان تارۆژهەڵات و باكوری كوردستان دایە و لە زەڵێیەوە دەست پێدەكات، تا نزیكی بادینان و دەچێتەوە ناو باكوری كوردستان، بەڵام رێزان لەو شوێنانە پژاك بە میوان وەسف دەكات و دەڵێت "پژاك لەو هەرێمەدا میوانە و هێزە گەریلاكەی دایم لە هاتوچۆ دایە و شوێنێكی تایبەتی نییە، شوێنی گەریلای پژاك لەندی شێخان و دالاهۆ و بێستون و شاهۆیە، لەسنورەكانی باكور و باشور را بیگرە، تا دەگاتە قوڵایی رۆژهەڵاتی كوردستان".
هەندێك لایەن پژاك بە درێژكراوەی پەكەكە دەزانن، بەڵام رێزان دەڵێت "تەنیا خاڵی هاوبەشی ئێمە و پەكەكە ئایدیۆلۆژی رێبەر ئاپۆیە، لەئاستی رۆژانەدا وەك حەرەكەتێكی كوردی قبوڵمانن، كە ساڵەهایە تێكۆشان دەكەن و رێبازەكەشیان شۆرشگێڕانەیە و خزمەت بە گەلی كورد دەكەن، بەداخەوە لە ئاتمۆسفێری سیاسی رۆژهەڵاتدا هێندێك شتی لەم شێوازە كەوتۆتە رۆژەڤەوە، كە مەسەلەن بۆچی پژاك وپەكەكە پێوەندیان هەیە، لە حالێكدا دەبوو بەپێچەوانە بوایە".
ئێران هەردەم لە هەوڵی ئەوەدایە پژاك لەجیهاندا بناسێنێ، لەو بارەیەوە رێزان جاوید دەڵێ "كۆماری ئیسلامی دژی پژاك لەمزگەوتەكان واژۆی كۆدەكردەوە، كاتی گرتنی هەڤال حاجی ئەحمەدی لەئەلمانیا كۆماری ئیسلامی داوایكرد لەدەولەتی ئەلمانیا تەحویلی ئێرانی بداتەوە و لەگەڵ پژاك وەك گروپێكی تیرۆریستی مامەڵە بكرێت". لەبەرامبەر ئەمریكایش رێزان جاوید دەڵێ "ئیدارەی ئەمەریكا بە پژاك دەڵێ تیرۆریست، لەحاڵێكدا دنیا دەزانێ كۆماری ئیسلامی ئێران سەرچاوەی تیرۆرە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com