گـــــــۆڕان روتــبـــەكـــــانـــــی هـــــێــــــزی زێرەڤانی بە نادەستوری دەزانێت  

 

 

بــــــــریـــكاری وەزارەتی كــــاروبـــــاری پێشــــمەرگە: روتبەكانی زێرەڤانی روتبەی فەلەكن و دەیانگۆڕین

سڤیل: هەولێر




ئەندامێكی لیژنەی كاروباری ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، روتبەكانی زێرەڤانی بە نادەستوری ناو دەبات و پێیوایە هیچ خاڵێكی یاسایی پشتگیری لەو روتبانە ناكات. بریكاری وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەش دەڵێت، ئەو روتبانە هی فەلەكن و دەیانگۆڕین.
نزیكەی سێ ساڵە هێزەكانی زێرەڤانی، كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 21 هەزار پێشمەرگە و سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، جۆرێك روتبە دەبەستن، جیاوازە لەتەواوی ئەو رووتبانەی كە هێزەكانی پۆلیس و سەربازی عێراقی دەیبەستن، ئەمەش بەلای نەریمان عەبدوڵڵای ئەندامی پەرلەمانی كوردستانەوە، سەرپێچییە لە "یاسا و دەستور"، چونكە ئەو ئەندامەی پەرلەمان جەخت لەسەر نەبوونی هیچ مەرسومێك دەكاتەوە، بۆ بەستنی ئەو رووتبانە.
ئەو روتبەیەی كە هێزەكانی زێرەڤانی دەیبەستن، بەبێ هەبوونی مەرسومێك دانراون، ئەمەش وەك نەریمان دەڵێت "دانانی ئەو روتبانە بۆ هێزەكانی زێرەڤانی، تەنها خوێندنەوەی سیاسی حیزبەكەیانە، ئەگینا هیچ شتێكی یاسایی پشتیوانی ئەو رووتبانە ناكات و لەدنیادا شتێكی لەو شێوەیە نییە كە كراوە، چونكە لە هەر وڵاتێكدا ئەگەر یەك شارحەی بچوكی روتبە بگۆڕدرێت، ئەو وڵاتە سەرتاپا سیستەمەكەی دەكەوێتە مەترسییەوە"، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان، پێشتر هێزەكانی زێرەڤانی بە "میلیشیای حیزبی بێسەروبەر"، ناو بردبوو، ئەمەش بووە هۆی نیگەرانبوونی فەرماندەكانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، بەڵام بۆ (سڤیل) گوتی "ئەوان رووتبەیەك دەبەستن، كە مەرسومێك نیە بۆ ئەو شێوە روتبەیە، چونكە ئەوە پەیوەندی بە دەستوورەوە هەیە و دەستور دەستنیشانی دەكات و لەبوارە سەربازییەكاندا كاری پێدەكرێت، چونكە ئەوانە شتی ستراتیژی گەورەن، ئێمە تا ئێستا پەیڕەوی نیزامی بەریتانی دەكەین و لەرێگەی نیزامی عێراقییەوە وەرمانگرتووە، هەتا ئێستاش تەعدیل نەكراوە، بۆیە ئەو روتبانەی ئەوان دایان ناوە شتێكی غەریبە"، گوتیشی "ئەو روتبانەی بۆ زێرەڤانی دانراون هیچ هێزێكی سەربازی ئەو روتبانە ناناسێتەوە، من لە لیوا عەزیز وەیسیم پرسی تۆ چۆن ئەو روتبانەت وەرگرتووە، گوتی من پێشمەرگە بووم و بۆیان حساب كردووم و ئیتر ئەو روتبانەم وەرگرتووە".
هێزەكانی زێرەڤانی كە لەرووی بودجەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، بەڵام ئەو وەزارەتە ئاگاداری چۆنێتی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەر و فەرماندەكانییان نییە و ناشزانن ئەو روتبانە چۆن دانراون، فایەق تۆفیق بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوتی "لەبارەی دانانی ئەو روتبانەوە فەرماندەیی زێرەڤانی ، منیش وەك تۆی لێدەزانم، هەموو هێزەكانی ناوخۆ تەرفیعاتیان لای ئێمەیە، بەڵام زێرەڤانی تەرفیعاتیان لای ئێمە نیە"، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ، هێزەكانی زێرەڤانی بە هێزێكی نیزامی ناو دەبات، پێشیوایە لە هێزەكانی پێشتری پێشمەرگە، كاروبارەكانیان رێكوپێكترە، گوتی "ئەمانە خەڵكانێكن ئێستا لەژێر مەشقدان، ئێمە سودیان لێوەردەگرین، بۆ پارێزگاریكردنی دامودەزگاكانی خۆمان، هەر دامودەزگایەك دەبینیت ئەوان پاسەوانی دەكەن و دەوروبەری فرۆكەخانەش هەر ئەوان پارێزگاری دەكەن، خۆ ناكرێت بە جلی مەدەنییەوە بن و ناشكرێت بێ روتبە بن"، رەخنە لەو بۆچوونەی نەریمان عەبدوڵڵای ئەندام پەرلەمانیش دەگرێت، كە زێرەڤانی بە "میلیشیای بێسەروبەر" ناوزەد گردبوو، گوتی "بابچێت لە كاك نەوشیروان بپرسێت كە كێ بێسەروبەرە، چونكە ئەوانە بێسەروبەرن كە كاتی خۆی دایانمەزراندن پێیاندەوتن هێزی بەرگری، لە گەرمیان نازانین چەند پۆلیسمان هەبووە، ئایا هەموو ئەوانە هی ئەوان نین".
لە بەرانبەریشدا نەریمان عەبدوڵڵا، رەخنە لە هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری فریاكەوتن دەگرێت و پێیوایە ئەوانیش نایاسایین، نەریمان گوتی "لە یاساكانی عێراقدا شتێك نیە بە ناوی بەرگری فریاكەوتن بێت، ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش بە شێوەیەكی سەقەت دروست كراوە، چونكە یاسایەكییان نییە كاری لەسەر بكەن، بەڵام ئەوان وەك پۆلیس كار دەكەن و پۆلیسیش تایبەتە بە وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام زێرەڤانی لەسەر سیستەمی عەسكەری دروستكراوە و بودجەكەشیان لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە، كە ئەسڵەن ئەمە یاسایی نیە، چونكە ئەو سیستەمەی ئەوان پەیوەندی بە سیستەمی ناوخۆ و پۆلیسەوە نیە".
لەلایەكی ترەوە، بریكاری وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، رەخنە لە بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت و پێیوایە بە دوای خاڵێكدا دەگەڕێن كە گەورەی بكەن لەسەر حكومەتی هەرێم، ئەنوەری حاجی عوسمان زیاتر دەڵێت "گۆڕان دەگەڕێن ئەوەی كە موخابەراتی ئێرانی و عێراقی و تورك ناتوانن بە حكومەتی هەرێمی بڵێن گۆڕان پێی دەڵێت"، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە، كە هێزەكانی زێرەڤانی، سەر بە فەرماندەیی لەشكری كوردستان (فەلەك)ی پارتین و روتبەكانی ئەو هێزانەشی بە روتبەی فەلەك ناو برد، گوتی "جاران لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە دوو جۆر رووتبە هەڵدەگیرا، یەكیان هی حكومەتی عێراقی بوو، ئەوی تریشیان لەلای پارتی شێوەیەك بوو، لەلای یەكێتیش شێوەیەكی تر بوو، ئەو روتبەیەی زێرەڤانی بە سەراحەت، روتبەی فەلەكە، ئەوەی یەكێتیش هی فەرماندەیی گشتییە، ئەو روتبانەی زێرەڤانی بۆ ئەو سەردەمە كە دانراون قانونی بووە، بۆ ئێستا قانون روتبەیەكی داناوە، ئەو روتبانەن كە ئێستا ئەو چوار لیوایەی كە لە سوپای هاوبەش پێكمان هێناون و بارەگای وەزارەت هەڵیانگرتووە"، بە وتەی بریكاری وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە "ئەمە شك و گومانیان تێدانیە، كە بێرییەكەی ئەوان لەوێ سەوز بوو و هی ئێمە سوور بوو و نابێت ئێمە لەو راستییە دەرچین".
لە ئێستادا وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، سەرقاڵی رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی و یەكێتییە و دەیانەوێت لە ناو یەك سوپادا یەكبخرێنەوە، كە یەك جلوبەرگیان هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش كەڵك لە سوپای كۆریا وەردەگرن، ئەنوەری حاجی عوسمان گوتی "ئێستا قیافەی تەواومان لە كۆریاوە هێناوە و بەپێی ئەو قیافەیە سوپای كوردستان رێك دەخەینەوە"، سەبارەت بە شێوەی روتبەكانی سوپا نوێیەكە گوتی "ئێمە لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و حكومەتی هەرێم، دوای موناقەشەیەكی زۆر، گەیشتینە ئەو بڕیارەی كە هەموو سوپای كوردستان دەبێت یەك جۆر روتبەی هەبێت، كە داڵێكە و ئەو داڵەش لە ئارمەكەی حكومەتی هەرێم وەرگیراوە، ئێستا لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە بە كار دەهێنرێت، بۆیە دەبێت تەواوی سوپای كوردستان ئەو روتبەیە هەڵبگرن، چونكە لە كوردستان یەك وەزارەتمان هەیە بۆ پێشمەرگە و دەبێت یەك روتبەش هەڵبگرن، ئەو روتبانەی هێزەكانی زێرەڤانیش دەگۆڕین".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com