|
بەپێی
ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتدپرێس،
شاندێكی عێراقی و كوردستانی كە لە پزیشك و
پەرستار و مرۆڤناس و پزیشككاری داوەری
پێكهاتوە، سەردانی وڵاتی بۆسنە دەكەن، تا فێری
ئەزمونی ئەوان ببن، كە توانیان بە ڕێگەی
زانستی قوربانییانی شەڕی بەڵكان بناسنەوە و
دواتریش بە هەمان ڕێگا ناسنامەی قوربانیانی
دەستی دیكتاتۆر پێنۆچێ و قوربانییەكانی
گەردەلولی تسونامی و زریانی كاترینا دیاری
كران. بەپێی ڕاپۆرتەكە بە دەستپێشخەری
ڕێكخراوێكی مرۆیی بەشداربوان فێری "هەڵكۆڵینی
ئێسقان، دەركردنی ترشی ناووكی DNA، شیكاریی
خوێن، دروستكردنی تاقیگەی تایبەت بەو بوارە
دەكرێن". تا لەو ڕێگەیەوە ترشی ناوكی DNA
ئێسقانی قوربانییان دیاری بكرێت و لەڕێگەی
بەراوردییەوە بە ترشی ناوكی خزم و نزیكانیان
ناسنامەی قوربانییەكان دیاری بكرێت. ڕاپۆرتەكە
دەڵێ ڕێكخراوەكە بەرنامەیەكی سۆفتوێری بە
هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی دیاری كردوە، وەك
ئاسانكارییەك بۆ ئەوانەی لە داهاتو
لێكۆڵینەوەكان ئەنجام دەدەن. ڕاپۆرتەكە دەڵێ
بەپێی سەرچاوە عێراقییەكان ژمارەی قوربانییانی
گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وڵاتدا 350،000 كەسە و
سود وەرگرتن لەو ڕێگە زانستییە بۆ ناسینەوەیان
چەندین دەیەی دەوێ!
مونقیز ئەلدیزەلی سەرۆكی پەیمانگای پزیشكایەتی
دادوەری بەغدا گوتویەتی بۆ ئەوەی دڵنیا بین
لەناسنامەی قوربانییەك، دەبێ نمونە لە خوێنی
چوار خزمی وەربگرین.
بەرپرسێكی باڵای رێكخراوە بیانییەكە تەئكیدی
لەگرنگی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتییان كردۆتەوە
سەبارەت بەو ڕێگە زانستییە، تا وەك ئەو لادێ
كوردنشینەیان لێنەیەت كاتێك ڕێكخراوەكە باسی
گرنگی ترشی ناوكی DNA بۆ كردبوون لە ناسینەوەی
قوربانییەكاندا، كەچی خەڵكی گوندە كوردنشینەكە
وتبویان مرۆڤ تا چەند ساڵ بێ DNA دەژی،
وایانزانیبوو DNA ئەندامێكی جەستەیە!
|