|
سڤیل:
هەولێر
دوو لیوا لەپێشمەرگەكانی پارتی و یەكێتی بۆ
پاسەوانێتی نەوت دادەمەزرێت، بریكاری وەزارەتی
ناوخۆ دەڵێت "هەر پۆلیسێكیان مانگانە نزیكەی
800 دۆلار وەردەگرن"، ئەمەش دەبێتە هۆی
وەرگرتنەوەی ئەركی پاسەوانی بیرە نەوتییەكان
لە پاڤێڵ تاڵەبانی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (سڤیل) كەوتوون،
حكومەتی هەرێم بە نیازە دوو لیوا لە
پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ پاراستنی كەرتی
نەوت دروست بكات، ئێستاش پارتی كار دەكات بۆ
پێكهێنانی ئەو لیوایەی كە بەر خۆی دەكەوێت و
سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی
كوردستان دەبن و وەك پۆلیس دادەمەزرێن، تێكڕای
پۆلیسەكانیشیان لە پێشمەرگەكانی سەر بە
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەبن.
عەمید ئازاد حەوێزی بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و
راگەیاندنی فەرماندەیی زێرەڤانی سەر بە پارتی
دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای كرد، كە لە
پێشمەرگەكانی ئەو فەرماندەییە لیوایەك بۆ
پاسەوانی نەوت دروست كراوە، گوتی "ئەو لیوایە
سەر بە فەرماندەیی زێرەڤانی نابێت، تا ئەم
قۆناغە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی
سامانە سروشتییەكانی كوردستان دەبێت"، سەبارەت
بە كاریگەری ئەو لیوایە لەسەر كەمكردنەوەی
ژمارەی پێشمەرگەكانی فەرماندەیی زێرەڤانی گوتی
"ئەوان لیوایەك دەبن، لای ئێمە دەچنە ئەوێ و
لە هەر جێگەیەك بن، هێزی حكومەتی هەرێمی
كوردستانن".
بە وتەی عەمید ئازاد، تا ئیستا فەرماندەی
لیواكە دانەنراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی
(سڤیل)، هەیكەلی ئەو لیوایە دامەزراوە و
عەمیدێكی سەر بە فەرماندەیی زێرەڤانی كراوە بە
فەرماندەی ئەو لیوایە، بەڵام عەمید ئازاد
حەوێزی رەتی كردەوە هیچ كەسێك لەو ئەفسەر و
فەرماندە و پێشمەرگانەی زێرەڤانی كە دەخرێنە
سەر ئەو لیوایە، پلەیان بەرز بكرێتەوە، گوتی
"هەر كەسە و بە پلەی خۆی دەچێتە ئەو لیوایە،
واتە هیچ پلە و پایەیەكی بەرز ناكرێتەوە، كە
بەپێی میلاكاتی پۆلیسی فیدراڵی تەشكیلی ئەو
لیوایە كراوە و بەپێی پلەكانی خۆیان جێیان
دەكرێتەوە و هیچ پلە بەرزكردنەوەیەكی تێدا
نییە، بەڵام من نازانم ژمارەیان چەند دەبێت و
موچەیان چەند دەبێت، بەڵام میلاكی لیوایەكی
پۆلیسی فیدراڵی چەندە، ئەو لیوایەش ئەوەندە
دەبێت"، بەڵام ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە لیوایەكی
لەو شێوەیە بۆ پێشمەرگەكانی یەكێتی
دروستكراوە، "لە پێشمەرگەكانی سنووری پارێزگای
هەولێر و دهۆك و كەركوك و سلێمانیش ئەو لیوایە
بۆ پارتی دادەمەزرێت".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی
كوردستان، پەیوەندی نێوان خۆیان و ئەو لیوایە،
دەگێڕنەوە بۆ پەیوەندییەك كە ئاسانكاری
كاروبارەكانیان بێت، دكتۆر ئاشتی هەورامی
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی
كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی "ئەو
لیوایە پەیوەندییان بە ئێمەشەوە هەیە، چونكە
ئەوان پاسەوانی بەرهەمە نەوتییەكان دەكەن،
بەڵام لە رووی كردارییەوە سەر بە وەزارەتی
ناوخۆن"، دكتۆر ئاشتی هەورامی، باسی ئەوەشی
كرد، كە وەزارەتەكەیان لە رووی گرێبەستییەوە
پەیوەندی لەگەڵ بەڵێندەرەكان هەیە و لە رووی
ئەمنیشەوە وەزارەتی ناوخۆ بەو كارە هەڵدەستێت،
گوتیشی "ئەوەی كە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە،
ئەو ناوچانەی كە بەرهەمە نەوتییەكان و پاڵێوگە
و ئەو شتانەی تێدایە كە ئەوان دەیپارێزن،
بۆیان دەستنیشان دەكەین، ئەو بەڵێندەرانەیان
پێدەناسێنین كە كار دەكەن، ئەمە شتێكی
عەمەلییە، رۆژانە كۆمپانیاكان دێن لە كوردستان
و عێراق كاردەكەن و داوای پاسەوان دەكەن، كە
ئەو پاسەوانانەش حكومەت پێیان دەدات".
دامەزراندنی ئەو لیوایانەی كە تایبەتن بە
پاسەوانی نەوت، لەدوای بڕیارێكی سەرۆكی
حكومەتەوە دێت، كە تێیدا بڕیار درابوو، بۆ
پاراستنی بەرهەمە نەوتییەكان و پاڵێوگەكان،
هێزەكانی سەر بە حكومەت هێزێكی تایبەت
دادەمەزرێنێت، چونكە پێشتر كۆمپانیا
ئەمنییەكان، ئەو ئەركەیان لە ئەستۆ بوو، بەپێی
ئەو زانیارییانەی كە پێشتر لە راپۆرتێكی
گۆڤاری جیهان بڵاو كراوەتەوە، پاڤێڵی كوڕی
جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی
كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق، لە رێگەی
كۆمپانیا ئەمنییەكەی خۆیەوە، ئەركی پاسەوانی
بیرە نەوتەكانی شیواشۆك و گەرمیانی لەئەستۆ
گرتبوو، كە لە بەرانبەر ئەو پاسەوانییەدا،
كۆمپانیاكە مانگانە بڕی (6) ملیۆن دۆلاری
وەرگرتووە، ئەمە جگە لە تەواوی ئەو
ئاسانكارییانەی كە لە ناوچەی ئیدارەی سەوزدا
لە رووی كاروبارەوە بۆی كراوە.
لەلای خۆیەوە فایەق تۆفیق بریكاری وەزارەتی
ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە
لێدوانێكدا بۆ (سڤیل)، ئەو زانیارییانەی
پشتڕاست كردەوە، گوتی "ئەركی ئەو لیوایە
پاراستنی بیرە نەوتییەكان و بەرهەمە
نەوتییەكان و پاڵێوگە و بۆڕییە نەوتییەكانە"،
سەبارەت بە ژمارەی چەكدارەكانی ئەو لیوایە
گوتی "رەنگە ژمارەیان نزیكەی 500 كەس بێت"،
فایەق تۆفیق بڕیاری دروستكردنی ئەو لیوایەی
گێڕایەوە بۆ بە "هەدەردانی پارەیەكی زۆری
حكومەت" بۆ ئەركی پاسەوانی ئەو كەرتە، گوتی
"لە زۆر جێگا كۆمپانیای ئەهلی بەو كارە
هەڵدەستێت و پارەیەكی زۆر خەرج دەكرێت،
معاشێكی بەلاش دەڕوات و خەڵكانێك پێی
دەوڵەمەند بوون، بۆیە بڕیار دراوە حكومەت ئەو
ئەركە بگرێتە ئەستۆی خۆی، كە بۆ وەزعی
پیشمەرگە باش دەبێت، چونكە هەر یەكێك لەو
پێشمەرگانەی دەبنە پۆلیس لەو لیوایە، مانگی
نزیكەی 800 دۆلار وەردەگرێت".
|