|
بەپێی
هەواڵی سایتی news.am ی ئەرمینیایی، ئاگربەستی
تاكلایەنەی پارتی كرێكارانی كوردستان لەمانگی
ڕەمەزاندا لەئەنجامی كۆبوونەوەی بەرپرسانی
توركیا لەگەڵ سەرۆكی بەندكراوی پەكەكە
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بووە. سایتەكە دەڵێ
لەكۆبوونەوەیاندا لەگەڵیدا، لایەنی توركی
داوای ئاگربەستیان لەئۆجەلان كردووە. بەپێی
هەواڵی سایتە ئەرمەنییەكە، موراد قەرەیلان یەك
لە ڕێبەرانی پەكەكە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی
وتوە پێویست بە شاردنەوە ناكات، كە لایەنی
توركی لەكاتی كۆبوونەوەدا لەگەڵ ئۆجەلان داوای
ئاگربەستیان كردوە. ڕۆژنامەی حوڕییەتی توركیش
ئاماژە بە توڕەبوونی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی
توركیا دەكات، بەرامبەر بە پەیوەندییەكانی
ئاكەپە و پەكەكە. رۆژنامەكە لە زاری
قەرەیلانەوە گواستویەتییەوە "لەڕاستیدا
ڕێبەرایەتی ئێمە لەگفتوگۆكان كشابووەوە. بەڵام
لەسەر داخوازی ڕاستەوخۆی دەوڵەت، دەستمان
داوەتەوە گفتوگۆ". حوڕییەت دەڵێ دەنگۆی ئەوە
هەیە هەندێ لەئەندامانی دەوڵەت سەردانی
ئۆجەلانیان كردبێت و داوای چەك دانانیان
لێكردببێت، لانیكەم تا ڕیفراندۆمەكەی دەستور
تەواو دەبێ و ئاگربەستەكەی ئێستای پەكەكەش
دوای هەفتەیەك لە ڕیفراندۆمەكە بەسەردەچێ.
لەو بارەیەوە ئۆكتای ڤورال جێگری سەرۆكی حزبی
مەهەپەی نەتەوەپەرستی توركیش بە حوڕییەتی
گوتوە "ئەو ئاگربەستە لەئەنجامی كۆبونەوەی
نهێنی ئاكەپە و ئۆجەلان بووە و پاڵنەری سیاسی
لەپشتە". ڤورال داوای كردووە پەردە لەسەر ئەو
"پەیوەندییە نەگریسە" لابدرێ.
|