رێكــــخــــسـتــنەوەی ســۆســـیالـــیــــست و زەرورەتی رێبازی سەیدا ساڵح یوسفی  

 

 

مەریوان نەقشبەندی*

سەرلەنوێ رێكخستنەوەی حزبی سۆسیـــــالیستی كوردستــــان بەسەرپەرشتی و سەركردایەتی شێخ محەمەد شاكەلی دەبێتە هەنگاوێكی ئێجگار گرنگ بۆ چارەسەركردنی زۆر لە كێشە ناوخۆییەكان


لەرۆژانی رابردوودا هەواڵی یەكێك لەهەفتەنامەكانی كوردستان سەرنجی راكێشام، كە باسی لەرێكخستنەوەی ریزەكانی حزبی سۆسیالیستی كوردستان و بەتایبەتیش بەو رێچكەیەی كە شەهید سەیدا ساڵح یوسفی بیری لەسەر دەكردەوە و كاری لەسەر دەكرد، لەو هەواڵەدا كۆمەڵێك ناو، كۆمەڵێك زانیاری و چەند مەدلولاتێك هاتووە، كە رەنگە بیرۆكەی هەواڵەكە زۆر گرنگتربێت لەناوەڕۆك و ئەو سەرچاوە و ناوانەی كە تێیدا هاتبوو، رەنگە ناوی شێخ محەمەد شاكەلی لەو هەواڵەدا گرنگترین خاڵی ناوەڕۆك و بیرۆكەی هەواڵەكە بێت، چونكە من بۆ ماوەی 4 ساڵە ئەو پیاوە دەناسم و وەك وەزیری ئەوقاف بەدرێژایی ماوەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێم كارم لەگەڵدا كردووە و لەدەرەوەی كاری وەزارەتیش سوودم لەبۆچوونەكانی وەرگرتووە و بەشێكی زۆریش لەمێژووی شۆڕشی كورد و بەتایبەتیش مێژوی حزبی سۆسیالیست و شەخسی سەیدا ساڵح یوسفی بۆ باس كردووم و هەستم كرد بیركردنەوەی شاكەلی زۆر لەبیركردنەوەی شەهید سەیدا ساڵح یوسفی نزیكە، رەنگە لێرەدا راستی یان ناراستی هەواڵەكە بەقەدەر گرنگی بیرۆكەی هەواڵەكە جێگای سەرنج نەبێت، چونكە زیاتر لەساڵێكە لەسنووری ئیدارەی پێشوی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بزوتنەوەی گۆڕان دروست بووە و ئەو بزوتنەوەیە لەماوەیەكی كەمدا بەشێكی زۆر لەقورسایی یەكێتی نیشتمانی بۆ خۆی برد و پێش ئەوەش بەناوی كۆمپانیای وشە بەشێكی باش لەبوجە و داهاتی یەكێتی بۆ دەستەبەر كرا و كاك نەوشیروان مستەفاش وەرگرتنی ئەو پارەیەی بەئیستیحقاقی سیاسی خۆی دەزانێ و زۆر بەراشكاوی دەیگوت من لەهەموو دەسكەوتەكانی یەكێتیدا شەریكم، هێشتا روون نییە ئاخۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت ببێتە بەدیلی یەكێتی نیشتمانی یاخود دەیەوێ وەك ئۆپۆزسیۆنێكی سەردەمیانە خۆی پێشكەش بكات، بەڵام زۆربەی بەرپرسانی ئەم بزوتنەوەیە و خودی نەوشیروان مستەفاش ئەوە ناشارنەوە، كە ئاراستەی كاری بزوتنەوەكەیان بەدڵی ئەوان ناڕوات و لێرەولەوێ رووبەڕووی ئیحراجبوون و گرفت دەبنەوە، كە بەردەوامبوونیان هەڕەشەیەكی راستەقینە دەبێت بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن، دەبێ ئەوەش بڵێین كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ماوەی كورتی تەمەنی، بەڵام بەهێزی كاریگەری ئۆزسیۆن لەهەرێمی كوردستاندا دەركەوتووە و هەرچی لەسیاسەت و بیركردنەوەی حزبە ئیسلامی و عەلمانییەكانی كوردستان ناڕازی بوو، خێرا لەگۆڕاندا خۆی دەبینیەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی كەمتر لەساڵێك بەسەر بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەژیانی سیاسی و دیموكراسی هەرێمی كوردستاندا بەدیاركەوت، كە نەك هەر بناغەی كاری سیاسی لەرووی ئەزموونەوە هەژارە، بەڵكو لەسەر ئاستی جەماوەریش بزوتنەوەی گۆران ڕوو لەهەژاری دەكات و دەكرێت بڵێین ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان پێویستیەكی زۆری بەگۆڕانكاری و بەخۆداچونەوە هەیە، یەكگرتوی ئیسلامی كوردستانیش كە لەسەردەمێكدا وەك حزبی سێیەم لەهەرێمی كوردستاندا كاری دەكرد و هەوڵی بۆ ئەوە دەدا، كە لەسۆنگەیەكی ئیمانداریەوە دەسكەوتی سیاسی بەدەست بهێنێت، ئێستا بە بارودۆخێكی بارگاوی و ناجێگیر و پڕ لەمەترسیدا تێپەڕدەبێت و حزبە بچوكەكانی دیكەی كوردستانیش هەریەكەیان كۆمەڵێك گرفتی ناوخۆیی و جەماوەری هەیە، سەبارەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش ئێستا وەك جاران پێیان ناوترێت دوو حزبە سەرەكییەكەی كوردستان، بەڵكو پێیان دەوترێت دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان، بەڵام لەرووی گەورەیی جەماوەریەوە پارتی وەك گەورەترین حزبی سیاسی و جەماوەری لەهەرێمی كوردستان و عیراقیشدا جێگیر بووە و یەكێتیش لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ راستكردنەوەی ئەو بارە قورسەی كە دوای جیابوونەوەی گۆڕان كەوتۆتە سەرشانی و هێشتا دیارنییە ئاخۆ دەتوانێت كۆتایی بەهەڵوەرینی پەلوپۆكانی بهێنێت یان نا، بەڵام چەند مانگێكە ئاگربەستێكی ئیعلامی (شەفەهی) لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا راگەیاندووە و نازانرێت ئەم ئاگربەستە تاكتیكیە یاخود ئامادەكاریە بۆ دوای سەركردایەتی بەرێز جەلال تاڵەبانی كە لەبەغدا رۆڵێكی ئێجگار گەورەی بۆ مانەوەی كورد وەك هێزێكی سەرەكی عێراق گێڕا، بەڵام لەبەرامبەردا حزبەكەی باجێكی گەورەی دووركەوتنەوەی تاڵەبانی لەسلێمانی دا. پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەگەرچی ئێستا بەسەردەمی زێڕینیدا تێپەڕ دەبێت و سەقامگیرترین حزبی سیاسیە لەكوردستان و عێراقیشدا، بەڵام بەبۆچوونی من لەهەموو حزبەكانی دیكەی كوردستان و عێراق زیاتر پێویستی بە گۆڕانكاری و خۆگونجاندن و خۆڕێكخستنەوە هەیە، چونكە گۆڕانكارییە سروشتی و ئابوورییەكان كەوتونەتە پێش رووداوە سیاسییەكان و ئەگەر خەڵكی كوردستان لەساڵانی دوای راپەڕیندا بەدوای هەناسەی ئازادیدا گەڕابێت، ئەوا ئێستا پێویستی بەخزمەتگوزاریی و سەقامگیری زیاتری ئابووری و كۆمەڵایەتی هەیە، ئەوەش وادەكات ئەركی حزبە گەورەكە لەهەر حزب و لایەنێكی دیكەی كوردستان زیاتر بێت و لەهەمان كاتیشدا دەنگی ناڕەزایی لەكوردستاندا زیاتر دەبێت، جا بۆ ئەوەی داواكاری و ناڕەزایی جەماوەری كوردستان یەكسان بێت بە ململانێی شەریفانەی نێوان حزب و لایەنە كوردستانیەكان و دروشمە نەتەوەییەكانمان دووربێت لەناوزڕاندن و هاندانی خەڵكی بۆ تێكدانی ئەو ئەزموونەی كە خوێنی هەزاران شەهیدی كوردستانی بۆ دراوە، پێویستمان بەلایەنێك، حزبێك، گروپێك دەبێت كە لەكاتی ناڕەزایی خەڵكدا ئۆپۆزسیۆن بێت و ئیحتیوای ناڕەزاییەكان بكات و لەئامێزیان بگرێت، لەكاتی هەڕەشەی سەر نەتەوەكەمان و تەنگژە سیاسی و لەبارودۆخە هەستیارەكانی كوردستان كە پەیوەندی بەئاسایشی نەتەوەیی و چارەنووسی میللەتەكەمان هەیە، خۆی بەهاوكار و پشتیوانی سەركردایەتی سیاسی بزانێت، ئەوەی لەكتێبەكانی مێژوو و لەهاوخەباتەكانی سەیدا ساڵح یوسفی تێگەیشتبم، رێبازەكەی هەمیشە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و چارەنووسی نەتەوەكەمانی خستبووە پێش بەرژەوەندیە حزبییەكان، بۆیە گرنگی سەرلەنوێ رێكخستنەوەی حزبی سۆسیالیستی كوردستان بەسەرپەرشتی و سەركردایەتی كەسایەتیەكی هێمن و كوردپەروەری وەكو شێخ محەمەد شاكەلی دەبێتە هەنگاوێكی ئێجگار گرنگ بۆ چارەسەركردنی زۆر لەو كێشانەی كە ئێستا دووچاری میللەتەكەمان دەبێت، بەتایبەتیش كێشە ناوخۆییەكان، دەبێ ئەوەش بزانین كە سەركردەكانی پێشووی حزبی سۆسیالیست بە كاك محەمەدی حاجی مەحمودیشەوە رۆڵێكی ئێجگار گەورەیان هەبووە لەخەباتی رزگاریخوازی كوردستاندا و دوای هەڵوەشانەوەی ئەو حزبەش بەرپرسانی سۆسیالیست لەناو حزب و لایەنەكانی دیكەدا رۆڵی ئێجگار كاریگەر و شەرەفمەندانەیان هەبووە و بەشداری راستەقینەبوون لەبەدیهێنانی ئەو دەسكەوتانەی كە ئەمڕۆ شانازی پێوەدەكەین. بۆیە باشترە نەك هەر سەرۆك بارزانی و سەرۆك تاڵەبانی، بەڵكو هەموو دڵسۆزانی گەلەكەمان پێشوازی لەهەنگاوی زیندووكردنەوەی رێبازەكەی شەهید سەیدا ساڵح یوسفی بكەن.
* نوسەر و رۆژنامەنووس
 

 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com