سەفینی مەلا قەرە: ئێمە بۆ گۆڕینی دەسەڵات هەوڵ دەدەین، دەسەڵاتیش پارتییە نەك یەكێتی  

 

 

سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی



لەم دیمانەیەدا سەفینی مەلاقەرە سەركردە و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری هەولێر، باس لەپەیوەندییەكانی گۆڕان و پارتی و یەكێتی دەكات، ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە بزووتنەوەكەیان كار بۆ گۆڕینی دەسەڵات دەكات، كە بە دەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە، پێشبینی ئەوەش دەكات، لەكاتی هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا، پارتی كاردانەوەی بەرانبەریان دەبێت.
***
سڤیل: پەیوەندیتان لەگەڵ پارتی لەچ ئاستێكدایە؟
سەفینی مەلا قەرە: تەمەنای ئەوە دەكەین، كە لەگەڵ هەموو لایەنەكان پەیوەندییەكی ئاساییمان هەبێت، ململانێیەكی هێمن و مەدەنیانە و ئازادانەمان هەبێت، ئەو تەرحەشمان كردووە و گفتوگۆشمان لەگەڵ پارتی و یەكێتیش هەبووە، بەڵام لەگەڵ پارتی هەندێك كات پەیوەندیمان باشە و هەندێك كاتیش پەیوەندیمان خراپە، بۆ نمونە لەسەر شەهیدكردنی سەردەشت عوسمان كە رۆژنامەنووسەكان خۆیان بێدەنگ نەبوون لەسەری، كە گەنجێك بكوژرێت و كەس نەزانێت كێ تیرۆری كردووە، ئەمە كاریگەری هەبوو لەسەر پەیوەندی پارتی و گۆڕان، لەراستیدا سەردەشت عوسمان هەڵسوڕاوی گۆڕان نەبووە، هەتا تیرۆریش نەكرا و نوسینەكانی بڵاو نەكرایەوە، من بەش بەحاڵی خۆم لەهەولێر بووم، نەمزانیوە دەنگی بە گۆڕان داوە، بەڵام ئێمە وەك شتێكی مەبدەئی، لەسەر پشتیوانیكردن لەرۆژنامەنووسێكی ئازاد، پێمانوایە ئەگەر شتێكی هەڵەشی گوتبێت، نابێت سزاكەی كوشتن بێت، ئەمە كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی ئێمە و پارتی دانا و ئێمە گوناهمان نەبوو.
سڤیل: بەڵام ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، ئێمە هیچ كاتێك بەشێوەیەكی فەرمی پێشوازیمان لەگۆڕان نەكردووە، ئەو پێشوازییەش كە لێیان كردوون لەسەر ئاستی پەرلەمان بووە، نەك لەسەر ئاستی بزووتنەوەی گۆڕان، ئایا دەكرێت بڵێین پەیوەندییەكانتان ئاڵۆزبووە، چونكە لەئەسڵدا نەبووە؟
سەفینی مەلا قەرە: ئێمەش هەر ئەوەندەمان ویستووە و زیاترمان نەویستووە، ئێمە لەپەرلەمانێكدا دەژین كە پارتی و یەكێتی و گۆڕان و حیزبەكانی تریشی تێدایە، لەوەدا كەس خێر بە كەس ناكات، ئێمە دژی هیچ لایەنێك نین و تەنها دەمانەوێت سیستەمی دەسەڵات بگۆڕین، بۆیە ئەمڕۆ بێت یان سبەی دەبێت ئەوانیش بگەنە ئەو بڕوایەی كە ململانێیەكی هێمنانە، لەگەڵ گۆڕان و هەموو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر، لەبەرژەوەندی میللەت و وڵات و خۆشیاندایە.
سڤیل: ململانێ لەگەڵ یەكێتی ئاسانە یان لەگەڵ پارتی؟
سەفینی مەلا قەرە: رەنگە هێشتا زوو بێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، چونكە نازانین كاتێك مەترسی دەگاتە سەر حیزبێك كە دەسەڵاتی لێ بسێنیتەوە، هەڵسوكەوتی چۆن دەبێت، بۆیە رەنگە جیاوازییەكی زۆری نەبێت لەرووی ئاسانی ململانێ كە هەر یەكەیان بەشێوەیەك بیر بكەنەوە، بەڵام هەتا ئێستا پارتی هەستی بەو مەترسییە نەكردووە، كە دەسەڵاتی لێ بسەنرێتەوە.
سڤیل: ئایا ئەو مەترسییە بۆ پارتیش دروست دەكەن، چونكە بۆچوونێك هەیە، كە پێیوایە گۆڕان لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت گرەو لەسەر ململانێی پارتی بكات؟
سەفینی مەلا قەرە: ئێمە نامانەوێت مەترسی بۆ سەر كەس دروست بكەین، بەڵام حیزبی فەرمانڕەوا مادام چارەنووسی خەڵكی لەبەردەستدایە، دەبێت خۆی بگۆڕێت، با دەسەڵاتی ئێستا و با پارتی یان یەكێتی وا بكەن، كە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەكەیان دروست نەبێت، چونكە كاتی خۆی لەناو شارەكانی عێراقدا ئۆپۆزسیۆنێكی فیعلی بوونی نەبوو، بەڵام كاتێك بەعس لاواز بوو، هەموو میللەت لێی راپەڕی، كە هیچ حیزبێك نەبوو كۆیان بكاتەوە، بۆیە ئەگەر گۆڕانیش نەبێت، مەترسی لەسەر ئەو شێوە فەرمانڕەواییەی پارتی و یەكێتی هەیە لەلایەن جەماوەرەوە، ئێمە گرەو لەسەر پارتی ناكەین، رەنگە شیكاری نادروستی هەندێك كەس بێت بۆ بارودۆخەكە، بەڵام لەراستیدا ئێمە بۆ گۆڕینی دەسەڵات هەوڵ دەدەین، دەسەڵاتیش پارتییە نەك یەكێتی.
سڤیل: واتە هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی پارتی بگۆڕن؟
سەفینی مەلا قەرە: لەسەرەتاوە رامانگەیاندووە و نەمانشاردۆتەوە كە دەمانەوێت سیستەمی دەسەڵات بگۆڕین، واتە دەسەڵات لەخزمەتی خەڵكدا بێت، نەك دەسەڵات جیاواز بێت لەخەڵك، ئیتر كێ خۆی لەبەردەم ئەو مەترسییەدا دەبینێتەوە كەیفی خۆیەتی، ئێمە دژی پارتی نین، بەڵام با پارتی وا بكات بەشێوەیەكی عادیلانە حكومڕانی ئەو وڵاتە بكات، بۆ ئەوەی خەڵك نەیەوێت بیگۆڕێت، خۆ ئەگەر ئەو شێوەیەكی راست و عادیلانەی گرتەبەر و جەماوەر لەشێوەی حكومڕانییەكەی رازی بوو، ئەو دەمە كەس ناتوانێت بیگۆڕێت.
سڤیل: واتە لەداهاتوودا ململانێتان لەگەڵ پارتی دەبێت نەك یەكێتی؟
سەفینی مەلا قەرە: بەڵێ ململانێمان لەگەڵ دەسەڵات دەبێت، ئێمە لەهەڵبژاردنەكانی پێشووش لەهەولێر و دهۆك وەك سلێمانی هەڵمەتی هەڵبژاردنمان كردووە، رەنگە پێشتر خەڵكی هەولێر و دهۆك لەگۆڕان تێنەگەشتبن و نەیانزانی بێت گۆڕان چی دەوێت، بەڵام ئێستا باشترە.
سڤیل: پێتانوایە لەو حاڵەتەدا پارتی كاردانەوەی چی دەبێت، چونكە هەر لەئێستاوە بۆ هەر شتێك لەرووی راگەیاندنەوە كاردانەوەی توندییان هەیە؟
سەفینی مەلا قەرە: بێگومان بێدەنگ نابن و بەرگری لەخۆیان دەكەن، ئەوەش مافێكی سروشتی خۆیانە باری سەرنجی خۆیان بڵێن، بەڵام بەو مانایە نییە كە لەسەر داوا و خواستەكانی خۆمان مساوەمە بكەین.
سڤیل: ئایا دەگاتە حاڵەتی توندوتیژی؟
سەفینی مەلا قەرە: ناگاتە ئەو دۆخە، بەڵام ئەگەر بیشگات ئێمە هەر بە شێوازی مەدەنیانەكەی خۆمان بەردەوام دەبین، پێشتریش پارتی و یەكێتی پەنایان بردە بەر توندوتیژی، بەڵام ئێمە لەسەر شێوازی مەدەنی خۆمان بەردەوام بووین و پەنامان بردەبەر دادگا و سندوقەكانی دەنگدان، ئەگینا هەر كاتێك پێویستمان بە لەشكر بێت، دەتوانین گەورەترین لەشكر كۆ بكەینەوە و توندوتیژی لەكەس قبوڵ نەكەین، چونكە لەئازاترین پێشمەرگەكان كە قورسایی ئەو شۆڕشەیان لەئەستۆ بووە و شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساندووە لەگەڵ گۆڕانن، جا بە ئاشكرا بێت یان بە نهێنی، بەڵام ئەوە ئامانجی ئێمە نیە و نامانەوێت بە هیچ شێوەیەك پەنا بەرینە بەر توندوتیژی و چەك.
سڤیل: ئەگەر ناچار بن لەشكر كۆ دەكەنەوە؟
سەفینی مەلا قەرە: ئەو كاتەی كە هاتە سەر ئەوەی توندوتیژی بگاتە رادەیەك كە مەترسی لەسەر هاوڵاتی و ژیانی هاوڵاتی و داهاتووی ئەو وڵاتە دروست ببێت، ئێمەش قسەیەكی تری لێدەكەین، بەڵام هێشتا زووە با ئێمە تەمەنای خێر بكەین كە پەنا نەبەنە بەر ئەو شتانە.
سڤیل: ئەو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەیەك بەر لەئێستا سەردانی نەوشیروان مستەفایان كرد، ئایا ئەو سەردانە بە چ مەبەستێك بووە؟
سەفینی مەلا قەرە: ئەو سەردانە لەچوارچێوەی ئەو پەیوەندیە هاوڕێیەتیانەیە، كە ئێمە پێشتر لەگەڵ یەكێتی كارمان دەكرد و ساڵانێكیش پێكەوە هاوڕێ بووین، رەنگە باسی پەیوەندییەكانیش كرابێت، بەڵام زیاد لەپێویست ئەو سەردانە گەورە كراوە، رەنگە دیاریش بێت كە لەچ لایەنێكەوە گەورە كراوە و بە مەبەستیش بووە، چونكە ئێمە هەموو كاتێك رامانگەیاندووە هیچ دژایەتییەكمان لەگەڵ یەكێتی نییە، بەڵام بۆیە لەو حیزبە هاتووینەتە دەرەوە، چونكە لەسیستەمی حوكمڕانی و شێوەی وەرگرتنی بڕیار لەو حیزبە رازی نەبووین، پێمانوابوو یەكێتی كەوتۆتە دەست كۆمەڵێك خەڵك، نە بەرژەوەندی یەكێتییان دەوێت و نە بەرژەوەندی كورد و نە بەرژەوەندی گشتییان دەوێت، ئەو سەردانەش سەردانێكی جدی نەبووە و هێشتا هەنگاو نەنراوە بۆئەوەی بە جدی پەیوەندییەكانمان ئاسایی ببێتەوە. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكی سروشتییمان هەبێت و ململانێیەكی هێمنانەمان هەبێت، چونكە ئێمە رێبازێكی سیاسی دیاری خۆمان هەیە، رێبازە سیاسییەكەی یەكێتیش دیارە چییە، بۆیە پێویست بەوە ناكات هەموو رۆژێك لەراگەیاندن هێرش بكەینە سەر یەكتری، پێویست ناكات هەموو كاتێك گرتن و راونان و نانبڕین هەبێت و هەموو ساتێك چاودێری یەك بكەین، بەڵكو پێویستە ململانێیەكی هێمنانە هەبێت لەنێوانماندا، بەتایبەتی لەناوچەی دەسەڵاتی سەوز، لەسەرەتاشەوە رامانگەیاندووە كە ئامادەین پەیوەندییەكی ئاساییمان هەبێت لەگەڵ یەكێتی، كە توندوتیژی تێدا نەبێت، خەڵك حاكم بێت لەوەی كە رێبازی سیاسی كێ راستە و رێبازی سیاسی كێ راست نییە. لەناو یەكێتی رەئییەكی وا دروست بووە، كە ئەو تەشەنوجاتانەیان لەگەڵ گۆڕان نەمێنێت، بەڵام لەسەرەتاوە ئێمە لەگەڵ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانین نەك دژی یەكێتی و لەناو یەكێتیش كەسێكی دیاریكراو.
سڤیل: بەڵام ئێوە لەسەرەتاوە بیروبۆچوونەكانتان بەتوندی دەردەبڕی، ئەمەش بۆتە پێناسێكی ئێوە، ئێستاش داوا دەكەن ململانێكان بەشێوەیەكی هێمن بەڕێوەبچێ، ئەمە گۆڕانكاری نییە لەهەڵوێستەكانی پێشووتاندا؟
سەفینی مەلا قەرە: هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستەمی حكومڕانی و سەندنەوەی دەسەڵات لەكۆمەڵێك خەڵك، ئەوە خۆی بارودۆخێكی توندە، ئێمە هەرگیز نەمانوتووە با راپەڕین و شۆڕشی چەكداری و خەباتی توندوتیژی بكەین بۆ گۆڕینی دەسەڵات، بەڵكو وتومانە لەرێگای ململانێیەكی هێمنەوە كە خەڵك حاكم بێت و بە دەنگی خۆی چارەنووسی خۆی یەكلایی بكاتەوە، ئەوە خۆی توندە ئەگینا ئێمە هەرگیز لەگەڵ ململانێی تونددا نەبووین.
سڤیل: ئاساییكردنەوەی پەیوەندیتان لەگەڵ یەكێتی پێتوایە ئاسان بێت، بە تایبەتی لەدوو هەڵمەتی هەڵبژاردن ئێوە سەری رمی راگەیاندنەكانتان لەسەر یەكتری بوو؟
سەفینی مەلا قەرە: كارێكی ئاسان نیە، هەرچەندە ئێمە لەسەرەتاوە دەرگامان واڵا بووە و هیچ هەڕەشەیەكمان نەكردووە، ئەوەی كە كراوە ئەوان بوون، ئەگەر ئەوان پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ئێمە ئاسایی بكەنەوە، ئەوا هیچ كێشەیەك بوونی نیە، ئێمە ئیشی خۆمان دەكەین و لەهەر جێگەیەك هەوڵ دەدەین رەئی خەڵك و پشتیوانی خەڵك بۆ ئەو رێبازە سیاسییەی خۆمان كۆ بكەینەوە و خەڵك فێر بكەین خۆی داوای مافەكانی خۆی بكات و بە قسە بێت لەسەر داواكانی خۆی، بۆیە هەركاتێك یەكێتی یان پارتی و هەموو حیزبەكانی تریش بیانەوێت، ئێمە كێشەمان نیە و دەتوانین پەیوەندییەكی ئاساییان لەگەڵدا ببەستین وەك دوو لایەنی سیاسی و پەیوەندییەكی هێمنانەمان لەگەڵیان هەبێت، لەراگەیاندنەكان هەر كەسمان قسەی خۆمان بكەین و خەڵكیش ئازاد بێت لەوەی تەئیدی كێمان دەكات.
سڤیل: ئەو ئاساییبووەنەوەیە، كار ناكاتە سەر پێگە جەماوەرییەكەتان؟
سەفینی مەلا قەرە: ئێمە لەسەر ئامانجەكانمان و تەرحكردنی رای خەڵك و رای گشتی ناوەستین، بۆیە ئەگەر پەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتی یان دەسەڵات باش بێت، ئێمە رای گشتی تەرح دەكەین، ئیتر دەسەڵات پێی خۆش بێت یان پێی ناخۆش بێت، بە ئەركی خۆمانی دەزانین، چونكە خۆمان بە نوێنەری خەڵك دەزانین.
سڤیل: ئازاد جوندیانی دەڵێت گۆڕان بوونەتە حیزب و ئێستا شعوریان بە شتەكان هەیە، نوسەرێكیش دەڵێت گۆڕان كاتێك كە ناوی حیزبی لەخۆی نا، چیتر پارتی و یەكێتی وەك جاران حسابیان بۆ ناكەن، چونكە ئەوكاتە گۆڕانیش وەك هەموو حیزبەكان بە تەنگ بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە دەبێت، ئایا لەوكاتەوە گۆڕان باسی حیزببوون دەكات، هەستتان بەوە كردووە كە گۆڕانێك لەسیاسەتەكانتاندا روویدابێت؟
سەفینی مەلا قەرە: هەتا ئێستا گۆڕان حیزب نیە، راستە شێوەیەك لەرێكخستنی باشمان هەیە، لەسەرانسەری كوردستان و لەدەرەوەی وڵاتیش، چونكە هیچ حیزبێكی سیاسی و هیچ جوڵانەوەیەكی سیاسی، بەبێ رێكخستن نابێت، ئەمەش بەو مانایە نیە كە ئێمە شكڵی رێكخستنمان وەرگرت ئیتر بووینەتە حیزب، ئێمە لەسەرەتاوە مادام فراكسیۆنمان هەیە لەپەرلەمانی كوردستان و نوێنەرایەتی خەڵك دەكات، حیزبێكی سیاسی و یاسایی و شەرعین، بەڵام شەڕ پێ فرۆشتنی دەسەڵات بوو كە رێی پێدەگرتین و ئەو تەشقەڵە یاساییەیان پێدەكردین، كە رەنگە ئێستاش كۆتایی پێنەهاتبێت، بۆیە من لەگەڵ ئەو قسەیەی ئازاد جوندیانیدا نیم، چونكە گۆڕان نە بە رواڵەت و نە بە نەهج و هیچ شتێكی نەگۆڕاوە، دواتر ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان هیچ بەرژەوەندییەكمان نیە جگە لەبەرژەوەندی گشتی، چونكە ئەگەر بەرژەوەندی خۆمان بویستایە، بەشداری حكومەتمان دەكرد و چەند وەزیرێكیشمان دەبوو و پاسەوانیشمان دەبوو، بەڵام ئێمە هەرگیز مساوەمە لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەكانی گەل و هەرێمەكە بۆ بەرژەوەندی گۆڕان ناكەین.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com