|
سڤیل:
سەلام كەریم - رێباز حەسەن
خالید سدیق عەبدولعەزیز كوڕی رابەری
بزووتنەوەی ئیسلامی و بەرپرسی مەكتەبی رابەر
لەسەر چەند پرسێكی تایبەت بە بزووتنەوە
دەوەستێت و هاوكات سوپاسگوزاری خۆیان بۆ پارتی
رادەگەیەنێت.
بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەرەتای نەوەدەكان
بزووتنەوەیەكی ئیسلامی چەكدار و بەهێزبوو،
بەڵام دواتر چەند ئینشیقاقێكی ناوخۆیی تێیدا
روویدا، چەند حیزب و هێزێكی لێ جیابووەوە، كە
دواترینیان كۆمەڵی ئیسلامی بوو، ئەمەش توشی
لاوازی كرد، خالید مەلا سدیق، كە كوڕی رابەری
بزووتنەوەی ئیسلامی و هاوكات بەرپرسی مەكتەبی
رابەرە، پێیوایە هۆكارەكان "بەشێكی ناوخۆیی و
بەشی گەورەی دەرەكی بوو، پێش لێدانی عێراق
بەرنامە هەبووە بزوتنەوە بەو بەهێزییەوە لەژێر
ركێفی بنەماڵەی عەبدولعەزیدا نەمێنێت،
هۆكارەكەیشی ئەوەبوو كە دەزانرا ئەم بنەماڵەیە
زۆرترین پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ پلەداران و
سەرۆك عەشیرەتەكانی ناوەڕاستدا هەیە، بەمجۆرە
دەبوو بەگەورەترین حزب لەعێراقدا، بۆیە
پلانەكە وابوو پێش لێدانی عێراق بزوتنەوە بچوك
بكەنەوە".
لەچەند ساڵی رابردوودا دەنگۆیەك هەبوو، گوایە
عیرفانی مەلا عەلی بەپشتیوانی بەریتانیا
دەبێتە ئەندازیاری زیندوكردنەوەی بزوتنەوەی
ئیسلامی، تاچەند ئەم دەنگۆیە بنەمای
لەراستییەوە نزیك بوو، خالید مەلا سدیق
لەبارەی عیرفانەوە گوتی "كاك عیرفان
سەركردەیەكی چالاكی بزوتنەوەیە و ئێستا
بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنە، مەكتەبەكەی ئەو
كەمترین كێشەی تێدایە، بەڵام پەیوەندییەكانمان
لەرێگەی كاك ئیحسانی مەلا عەلی بەڕێوەدەچێت.
كاك عیرفان و هەموو كەسایەتییەكانی بنەماڵە
توانیویانە پارە بهێنن و بزوتنەوەی پێ
ببوژێننەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا پارەیان بۆخۆیان
هەڵنەگرتوە و كەسیان خاوەن موڵك نین، نە
لەناوخۆ، نە لەدەرەوەی وڵات".
دوای ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی ئینشیقاقی كرد، لەو
كاتەوە كۆمەڵ و بزوتنەوە قسە لەسەر یەكتر
دەكەن و هێرش دەكەنە سەر یەكتری، زۆربەی
لێدوانەكان تۆمەتباركردن و ناوزڕاندنی یەكترە،
چاودێران پێیانوایە ئەو دوو حیزبە ئیسلامیە
هێشتا نەیانتوانیوە قۆناغی كاردانەوەكانی
ئینشقاق تێپەڕێنن و پەیوەندییەكانیان ئاسایی
بكەنەوە، لەو بارەوە خالید مەلا سدیق گوتی
"ئێمە خۆمان بەچەتری حزب و جەماوەری ئیسلامی
دەزانین، بزوتنەوە مەگەر وەك تاكەكەس لێدوان
لەوبارەوە بدات، ئەگینا خۆمان لەوە بەگەورەتر
دەزانین دابەزینە ئەو ئاستە، بۆنمونە پێش
ماوەیەكی كەم كاك زانا رۆستایی لێدوانێكی دا و
دڵی زۆر كەسی برینداركرد".
وەك تێبینی دەكرێت بزووتنەوە زیاتر رووی
لەپارتییە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی
لەئاستێكی باشە و لەگەڵ یەكێتی بەو شێوەیە
نابینرێ، خالید مەلا سدیق لەو بارەوە دەڵێ
"وەك ئەندامێكی بزوتنەوە (نەك وتەبێژی
بزوتنەوە) دەڵێم ئێمە مەمنونی پارتی دیموكراتی
كوردستانین، زیاتر بەدەممانەوە هاتووە، خەمی
بودجە و خانەنشینی و دامەزراندنەكانی خواردوە.
سەبارەت بەپەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتی
كەمتەرخەمی لەوانەوەیە".
سەبارەت بە پەیوەندی بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ
بزووتنەوەی گۆڕان خالید گوتی "نەوشیروان
مستەفا كەسێكی ناودار و دیاری گۆڕەپانی سیاسی
كوردستانە، بەڵام گۆڕان بەشێك بووە لەیەكێتی،
ئەو كەمتەرخەمییەی لەیەكێتییەوە هەبوو
بەرامبەر بزوتنەوە، بەهەمانشێوە لەلایەن
گۆڕانەوە بەرامبەر بەبزوتنەوە درێژەی هەیە،
یەكێتی و گۆڕان هەمان تێڕوانیان بەرامبەر
بەئێمە هەیە".
لە دوای كۆنگرەوە و گەڕانەوەی محەمەد بازیانی
بۆ نێو بزووتنەوەی ئیسلامی هەندێ جار لەنێو
سەركردەكانی بزووتنەوە و بنەماڵەی عەبدولعەزیز
و محەمەد بازیانی لێدوانی توند لەدژی یەكتر
دەدەن، لەوبارەوە خالید مەلا سدیق گوتی "دكتۆر
بازیانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەیە،
زۆربەی ئەوانەی لەبارەیەوە دەوترێت راست نییە،
یەكێكە لەهەرە بەئەدەبەكان، یەكێكە لەو
كەسانەی بەرامبەر بەگەورەی خۆی ئەدەبی ئیسلامی
دەپارێزێت، راستە كابرایەكە زۆر دەجوڵێت،
كێشەیشی لەگەڵ بنەماڵەدا نییە و خۆشیشمان
دەوێت".
|