كلیچدار ئۆغلو دان بە هەڵەكانی جەهەپەدا دەنێ  

 

بەپێی هەواڵێكی سایتی ڕۆژنامەی حوڕیەتی توركی، كەمال كلیچدار ئۆغلو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)ی نەتەوەپەرست لەهەڵمەتی دژایەتی چاكسازییە دەستورییەكانی ئاكەپەدا سەردانی ناوچە كوردنشینەكانی توركیای كردووە و بەڵێنی چارەسەری كێشەی كوردی داوە و دانی بەوەدا ناوە ئەوەی كە كورد لایەنگری جەهەپە نین، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەی ئەو پارتە. كلیچدار ئۆغلو بە كۆبونەوەی جەماوەریی شاری باتمانی كوردنشینی گوتوە "من كێشەكانی ئەم ناوچەیە دەزانم و تەنیا یەك پارت هەیە بتوانێ كێشەی كورد چارەسەر بكات. ئەوە حزبەكەی ئێمە بوو كە بزاوتێكی پەرلەمانی دروست كرد لەپێناوی لابردنی كۆت و بەند لەسەر بەكارهێنانی زمانی ناوچەیی هەر لایەك، ئەوكاتەی وەها ڕێگرییەك لەبەكارهێنانی زمان هەبوو". لەدرێژەی هەمان هەڵمەتدا ناوبراو سەردانی وانی كرد و لەكۆبونەوەیەكی جەماوەریدا گوتی "تاكە ئامانجمان دروستكردنی توركیایەكە، كە تێیدا خەڵكی ئەم ناوچە دڵڕفێنە بتوانن تەعبیر لەبۆچونەكانی خۆیان بكەن".
پاشان وەك رەخنەكردنی هەڵوێستی رابردوی پارتەكەی لەبارەی باتمانی كوردنشینەوە گوتی "حزبەكەمان لەوە بەرپرسە كە خەڵكی باتمان سۆزێكی كەمیان بۆ حزبەكەمان هەبووە. وەك پێویست سەردانی ئەم ناوچەیەمان نەكردوە و گوێمان لەكێشەكانی خەڵكەكەی نەگرتوە".
خەڵكی ناوچە كوردییەكان پێشوازییەكی ئەوتۆیان لەكلیچدارئۆغلوی ڕێبەری جەهەپە نەكرد، هەروەك مانگی نیسانی ڕابردوو كاتێ دەنیز بایكاڵی ڕێبەری هەمان پارت سەردانی وانی كرد، لەلایەن جەماوەری كوردی ئەوێوە هێلكەباران كرا.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com