كوردستان لە هەوڵی هێشــــــــــــتنەوەی هێزی ئەمریكیدایە  

 

ئا: سەروەر سالار چوچانی
سایتی worldtribune دەڵێ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدان ئەمریكییەكان قایل بكەین بەوەی هێزی سەربازییان لەكوردستان بهێڵنەوە و بۆ ئەم مەبەستە بەرپرسانی كورد كەوتونەتە لۆبیكردن.
سایتەكە دەڵێ بەرپرسانی كورد هوشدارییان داوە كە كشانەوەی سەرجەمی هێزەكانی ئەمریكا، ڕێگا خۆشدەكات بۆ پەلاماردانی كوردستان لەلایەن بەغدا و وڵاتانی دراوسێوە. قوباد تاڵەبانی وتویەتی "ئەوەی كە چۆن ویلایەتە یەكگرتوەكان لە عێراق دەكشێتەوە یان دەمێنێتەوە لە عێراق گەلێ چارەنوسسازە بۆ ئاسایشی عێراق و هەرێمەكە".
لەڕاپۆرتەكەدا هەروەها هاتوە بەرپرسانی كورد كەوتونەتە لۆبیكردن لەویلایەتە یەكگرتوەكان و شوێنانی تریش و تێیدا لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس و بەرپرسانی سەربازی كۆبوونەتەوە تا قایلیان بكەن دوای 2011 و كشانەوەیان لەعێراق، ئەمریكییەكان هێزی سەربازی لەكوردستان بهێڵنەوە. قوباد تاڵەبانی وتوشیەتی "هیوادارین ویلایەتە یەكگرتوەكان لەگەڵ كشانەوەی سەربازیدا، ڕۆڵە دیپلۆماتییەكانی لەعێراق زیاد بكات. بۆ نمونە ئێمە خۆشحاڵین بەوەی ویلاییەتە یەكگرتوەكان بڕیاریداوە كونسوڵگەریەكی دیپلۆماتی لەكوردستان بكاتەوە". بەپێی ئەو ڕاپۆرتە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكاش لەپلانی هێشتنەوەی هێزی ئەمریكیدان لەهەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری باكوری عێراقیش. لەم نێوەندەدا بڕیاری دروستكردنی دوو فڕۆكەخانەیان لەهەرێمەكە داوە وەك هەوڵێك بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەكە و مەشقی بە هێز و فەرماندەكانی حكومەتی هەرێم كردوە.
سایتی worldtribune لەهەڵمەتی لۆبیكردنەكانیاندا جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان پارەیەكی ئەوتۆی تێناچێ.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com