سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی وەرگرتنی موشیر گەلالی دەخاتە بەرباس .. مـوشیر گەڵاڵی نــاچـــار كـرا دەست لەكار بكێشێـتەوە  

 

سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی




لەنامەیەكدا بۆ مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی هەندەرانی ئەو حیزبە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لەریزەكانی كۆمەڵ راگەیاندووە، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش رایگەیاند، موشیر گەڵاڵی پێشتر مافی ئەندامێتی لێسەندراوەتەوە و ناچاركراوە دەست لەكاربكێشێتەوە.
لەنامەیەكدا كە كۆپییەكی بۆ (سڤیل) ناردووە، موشیر گەڵاڵی بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی هەندەرانی كۆمەڵی ئیسلامی، لەبەریتانیاوە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی ئاراستەی كۆمەڵی ئیسلامی كردووە، لەنامەكەدا كە رێكەوتی (1/8/2010) بەسەرەوەیە باسی ئەوە دەكات، ماوەی 35 ساڵە بێوچان كاری كردووە بۆ "سەرخستنی ئیسلام و موسوڵمانان"، هەروەها هاتووە "لەنێو دوو پارتی ئیسلامی بزووتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی وەكو پەیوەندییەكان كارم كردووە لەچەند شوێنێكی جیاوازدا و بەبێ هیچ بەرامبەرێك كە جێگەی باس بێت. تەنهاو تەنها بۆ ڕەزامەندی خوای گەورە و خزمەت بە میللەتەكەم. لەو پێناوەشدا زۆر جار قوربانیم بە خۆم و ماڵ و منداڵیشم داوە. ئەگەرچی من ئەوكارانەم بۆ قیامەتی خۆم كردووە، بەڵام زۆر جاریش بەڕاشكاوانە تێبینی خۆم هەبووە لەسەر هەندێك لەبەڕێوەبردنی كارەكان". هەروەك لەنامەی دەست لەكاركێشانەوەكەشیدا هاتووە، لەمەولا دەیەوێت بەشێوەیەكی سەربەستانە كاری خۆی ئەنجام بدات و لەناو ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامیدا نابێت، "بۆیە من لەئێستە بە دواوە وادەزانم باشتر وایە جوهد و تێكۆشانەكانم سەربەستانەتر بگوێزمەوە دەرەوەی كۆمەڵی ئیسلامی و خۆم خەریك بكەم بە پشتگیری و هاوكاری جالییەی كوردی لەهەندەران و ئیستیقالەی خۆم ڕادەگەیەنم وەك ئەندامێك لەڕیزەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و شانازی دەكەم بەو مێژووەی كە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرە هەمیشە سەربەخۆیی خۆم پاراستووە و‌ سەربەرز بووم بەوەی كە كارەكانم بۆ ڕەزامەندی خوا و پاشان میللەتەكەم سەرف كردووە و ناحەزانی دینیشم هەمیشە دەست بەتاڵ بوون".
رۆژی (23/8/2010) مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، وەڵامی نامەكەی موشیر گەڵاڵی دەدەنەوە و تێیدا دەست لەكاركێشانەوەكەی قبوڵ دەكەن، لەوەڵامەكەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵدا هاتووە "ئێمە وەك مەكتەبی سیاسی دەست لەكاركێشانەوەی (بەڕێز موشیر گەڵاڵی)مان پێگەیشت كە مێژووی (1\8\2010)ەی لەسەرە، بۆیە دەست لەكاركێشانەوەی بەڕێزیانی لەمێژووی (23\8\2010) قبوڵكرد، بۆیە لەم مێژووەوە ناوبراو لەسەرداوای خۆی هیچ پەیوەندیەكی لەڕووی ڕێكخراوەیی و حیزبیەوە بەكۆمەڵی ئیسلامیەوە نامێنێت، بەڵام برایەتی ئیسلامی كە لەسەر بنچینەی ئیمان دروست دەبێ و بەیەكەوەمان دەبەستێتەوە هەردەمێنێ"، ئەو وەڵامەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، لەیەكێك لەماڵپەڕە ئەلەكترۆنییەكان بەناوی ئیسلام پەیك بڵاو كراوەتەوە.
بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (سڤیل) كەوتوون، پێش ئەوەی نامەی دەست لەكاركێشانەوەكەی موشیر گەڵاڵی بگاتە كاربەدەستانی كۆمەڵ، مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی كۆمەڵ بڕیاری دەركردنی موشیر گەڵاڵییان داوە لەریزەكانی ئەو حیزبە، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (سڤیل)ی راگەیاند، بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حیزبی بەعس و ئاشكراكردنی نهێنییەكان، كۆمەڵ ئەو بڕیارەی داوە، گوتی "كۆمەڵی ئیسلامی بەهۆی ئەوەی كە موشیر گەڵاڵی پەیوەندی بە بەعسەوە هەبووە و دواتر نهێنییەكانی كۆمەڵی بڵاو كردۆتەوە، كۆمەڵ بڕیاری داوە كە مافی ئەندامێتی لێبسێنێتەوە و دەری بكات، تەنها لەبەر خاتری ئەو ماوەیەی كە لەگەڵ كۆمەڵ بووە، وەك دەست لەكاركێشانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا كراوە"، بەپێی ئەو زانییارییانەی لەناو كۆمەڵی ئیسلامییەوە دەست (سڤیل) كەوتوون، سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و خودی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، لەلێدوانەكانی موشیر گەڵاڵی نیگەرانن، چونكە بەهۆی رێگەگرتن لەخۆپاڵاوتنی بۆ سەركردایەتی كۆمەڵ لەكۆنگرەی دووەمی ئەو حیزبەدا، موشیر گەڵاڵی پەیوەندییەكانی نێوان حیزبەكەی و حیزبی بەعسی ئاشكرا كرد، بەمەش دووبارە ئەو گومانانەی قوڵتر كردەوە، كە پێشتر لەسەر بوونی پەیوەندی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا هەبوون.
بەرپرسانی كۆمەڵی ئیسلامی تا ئێستا وەڵامی ئەو زانیارییانەیان نەداوەتەوە، كە موشیر گەڵاڵی سەبارەت بە هەبوونی پەیوەندی لەنێوان كۆمەڵی ئیسلامی و حیزبی بەعس ئاشكرای كردن، محەمەد حەكیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) دەڵێت "كاك موشیر دەستی لەكاركێشاوەتەوە و لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەكەشیدا، قسەی مەعقولی كردووە، ئێمە لەگەڵ كاك موشیر جگە لەحیزبایەتی، پەیوەندی ئیسلامی و كوردایەتیمان دەمێنێت، وەك هەر كوردێك كە ئەو پەیوەندییەمان هەیە لەگەڵی، بەڵام كاك موشیر خۆی سەربەستە و خۆیشی نامەی دەست لەكاركێشانەوەی بۆ ناردووین".
لەلایەكی ترەوە بەرپرسانی بزووتنەوەی ئیسلامی لەكوردستانی عێراق، رایدەگەیەنن كە دەرگای هاتنەوە بەڕووی ئەندامە جودابووەكانییان داناخەن، شوان قەڵادزێی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی بزووتنەوە گوتی "بزووتنەوەی ئیسلامی دایكی هەموو حیزبە ئیسلامییەكانە و دایكیش هیچ كاتێك بە منداڵەكانی خۆی ناڵێت مەیەرەوە بۆ ماڵەكەی خۆت"، بەڵام شوان ئەوەشی وت، كە تا ئێستا بڕیارێك نیە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ موشیر گەڵاڵیدا بكرێت، گوتی "كاك موشیر یەكێكە لەو كەسانەی كە جیابوونەوە و كۆمەڵی ئیسلامییان دروستكرد، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستێكی ئیستیفزازی بەرانبەر بەبزووتنەوەی ئیسلامی نەنواندووە، تا ئێستاش ئێمە بەرنامەمان نیە كە نە لەئێستا و نە لەداهاتوودا گفتوگۆی لەگەڵ بكەین بۆ ئەوەی بێتەوە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی".
بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل)، بۆ وەرگرتنەوەی موشیر گەڵاڵی لەریزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیدا، دوو بۆچوونی جیاواز دروست بوون، بۆچوونێكیان پێیوایە ئاساییە موشیر گەڵاڵی بگەڕێتەوە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆچونێكی تریشیان بەرهەڵستی گەڕانەوەی ئەو كەسانە دەكات بۆ ناو بزووتنەوە، كە پەیوەندییان لەگەڵ حیزبی بەعسدا هەبووبێت، بۆیە رەنگە بۆچوونی دووەمییان شانسی وەرگرتنەوەی موشیر گەڵاڵی لەریزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی كەم بكاتەوە، هەرچەندە ئەو بەرپرسەی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی، جەختی لەسەر ئەوە كردبووەوە كە بە ئاگاداری بەرپرسە پایە بڵندەكانی حیزبەكەی، ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ حیزبی بەعسدا دروست كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە هێشتا موشیر گەڵاڵی باسی ئەوەی نەكردووە كە دەگەڕێتەوە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی و لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەكەشیدا، باسی ئەوەی كردووە، كە رەنگە خۆی بە پاڵپشتی جالییەی كوردییەوە سەرقاڵ بكات.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com