|
عوسمان
ئۆجەلان یەكێكە لەسەركردە دیارەكانی پەكەكە،
كە ماوەی شەش ساڵە لەڕیزەكانی ئەو پارتە
هاتۆتە دەرەوە، جگە لەوەی برای ڕێبەری ئەو
پارتەیە، ئەندامی كۆنسەی رێڤەبەری سەرۆكایەتی
پەكەكەش بووە، لەم دیمانە تایبەتەدا، بۆ یەكەم
جار پەردە لەسەر هەندێك نهێنی هەڵدەداتەوە و
دەستگیركردنی ئۆجەلان بەپلانی بەشێكی ناو
سەركردایەتی پەكەكە لەقەڵەم دەدات، كە بە
كرێگرتەی ئەرگەنەكۆنیان لەقەڵەم دەدات.
لەدەستگیركردنی سەرۆك ئاپۆدا هەندێك كەسی ناو
پەكەكە ڕۆلی خۆیان بینی
سڤیل: نامۆ
سڤیل: گۆڕینی دروشمی پەكەكە لەفیدرالیەوە بۆ
ئۆتۆنۆمی نەرمی نواندنێكی ئاشكرا نییە لەلایەن
پەكەكەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد
بەڕێگەیەكی ئاشتی؟
عوسمان ئۆجەلان: ئێستا لەكوردستانی عێراقدا
سیستەمی فیدرالی جێگیربووە، بەڵام لەكوردستانی
توركیا جیایە، ئەو رەوشەی لەكوردستانی عێراق
بەفیدرالی دروست بووە لەكوردستانی توركیا
بەئۆتۆنۆمی دەتوانێت دروست بێت، بەڵام پێویستە
ئۆتۆنۆمی دوا داواكاری كورد نەبێت، پێشتر
دروشمی پەكەكە كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ و
یەكگرتو بوو، بەڵام دوای دەسگیركردنی سەرۆكی
پەكەكە وازی لەو دروشمە هێنا، كەسیش نەیدەزانی
بە ڕوونی كام دروشمی هەیە، ئەمە دوو ساڵە
پەكەكە دروشمی خۆی دیاری كردووە، كە داوای
ئازادی و دیموكراتی دەكات، واتە ئۆتۆنۆمی
دیموكراتی، كە ئەمە داوایەكی باشە.
سڤیل: سەرۆكی دەستگیركراوی پەكەكە (عەبدوڵا
ئۆجەلان) ئەوەی ڕاگەیاندبوو نە سوپای توركیا
گوێی لێ رادەگرن، نە پەكەكە گوێ
بەپێشنیارەكانی دەدات، لێكدانەوەت بۆ ئەمە
چیە؟
عوسمان ئۆجەلان: سەرۆكی پەكەكە ئێستا هێزی
هەرە گەورەیە، چونكە ئەگەر لەهەموو كوردستاندا
بڵێی پەكەكە بەهێزە، یاخود ئاپۆ بۆت
دەردەكەوێت كە ئاپۆ بەهێزترە، خەڵكی كورد
تەواو بە ئاپۆوە گرێدراون، پەكەكەش ناتوانێت
گوێ لەئاپۆ نەگرێت، ماوەیەك پێش ئێستا ئاپۆ
داوایكرد یەكێتیەكی نەتەوەیی دروستبكرێت و
دانوستاندن دەستپێبكات، بەڵام سەركردایەتی شاخ
ئەو داوایەی جێبەجێنەكرد، یاخود هەندێك جار
داواكانی لەبەرژەوەندی سەركردایەتی شاخ نییە
خۆیانی لێ كەڕ دەكەن، وەك ئەوەی كە
نەیانبیستبێت، بەڵام ئەگەر ئاپۆ پێداگری لەسەر
شتێك بكات، ئەوە دەبێت جێبەجێ بكرێت، چونكە
سەركردیەتی سیاسی شاخ دەزانن هێزی سیاسی كورد
ئاپۆیە نەك پەكەكە.
سڤیل: ئەوەی پێیدەوترێت كرانەوەی توركیا
بەرووی كورددا كرانەوەیەكی راستەقینەیە، یاخود
فێڵێكی سیاسی توركیایە بۆ وەرگیرانی لەیەكێتی
ئەوروپا و بێدەنگكردنی رای گشتی؟
عوسمان ئۆجەلان: لەتوركیادا گەلێك هێز
دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و نەیانتوانیوە كێشەی
كورد چارەسەر بكەن، ئەوانەشی كە داوای
چارەسەریان دەكرد، تەمەنیان درێژ نەدەبوو، وەك
تورگوت ئۆزال، ئۆزال دەیویست كێشەی كورد
چارەسەر بكات، ئەو دەیزانی گەشەكردن و
پێشكەوتنی توركیا بە چارەسەركردنی كێشەی
كوردەوە بەندە، بۆیە دەیخواست كێشەی كورد
چارەسەر بكات، لەساڵی دوو هەزار و سێدا
لەچوارچێوەی هەندێك هەنگاودا خۆی ئامادە كرد و
پەكەكەش بۆ ئەوەی زەمینە خۆشبكات ئاگربەستی
ڕاگەیاند و بەڕێز تاڵەبانیش ناوبژیوانی دەكرد،
كە هەردوولا ئەوەیان قبوڵ بوو، بەڵام هەموومان
دەزانین ئەم دۆخە درێژەی نەكێشا لەساڵی
دووهەزار و چواردا ژیانی ئۆزال بەشێوەیەكی
ناڕوون و تەماوی كۆتایی پێهات، كە دەتوانم
بڵێم كوشتیان، بۆیە لەتوركیادا دوو شت زۆر
مەحاڵە، یەكەم گۆڕانكاری، دووەم چارەسەركردنی
كێشەی كورد، چونكە ئەوە وەك كراسێكی ئاگراویە،
كە ئەو وڵاتە لەبەریبكات، سەركردایەتی پەكەكەش
زۆر ئامادە نەبووە بۆ ئاشتی. هەندێك جار هێزی
هەواڵگریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر دەست
وەردەدەنە ناویان وەك ئیتلاعاتی ئێران یان
هەواڵگری سوریا یان ژیتەمی توركیا (میت) وا
لەپەكەكە دەكەن، رێگەی ڕاستی نەگرێتەبەر بۆ
ئاشتی.
سڤیل: مەبەست ئەوەیە كە ئیتلاعات و میت و
مخابەراتی سوریا لەناو پەكەكەدا بوونیان هەیە؟
عوسمان ئۆجەلان: هەواڵگری سوریا لەكۆنەوە
لەناو پەكەكەدا هەیە، هەواڵگری توركیاش، چونكە
پەكەكە هێزێكە لەدژی ئەوان شەڕ دەكات، دەستیان
هاویشتۆتە ناو پەكەكە و ئیتڵاعاتی ئێرانیش
بەهەمان شێوە، با دروست بڵێم كەسێك هەیە ئێستا
لەناو سەركردایەتی پەكەكە وەك ئەندامی
ئەرگەنەكۆن ئیش دەكات، كەسێكە بۆ ئەرگەنەكۆن
ئیش دەكات، بەڵگە چیە بۆ ئەمە؟ سێ ساڵ زووتر
لەزیندان ئازادكرا، لەزیندانیشدا پەكەكەی توشی
كێشە دەكرد، دوای ئازادبوونی كە چووە ئەوروپا
چالاكی نادروستی كرد، كە یەكێتی ئەوروپا
پەكەكەی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەو كەسە
پەكەكەی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە، پێویستە
پەكەكە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكات، بۆچی كاتێك
كە بەرپرسیاری ئەوروپای پەكەكە بوو چالاكی
وەهای كرد، ئەوروپا پەكەكە بە تیرۆر ناوزەد
بكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسە خۆی بە
سۆسیالیست نازانێت، كە بە مەبدەئەوە كار بۆ
پەكەكە بكات.
سڤیل: كەواتە پەكەكە بۆ لێپرسینەوەی لەگەڵدا
ناكات، سەركردایەتی چۆن هەستی بەمە نەكردووە؟
عوسمان ئۆجەلان: ئاپۆ ویستی ئەوە بكات، بۆیە
لەئەوروپا دەركرا، لەسەداسەد سەرۆك ئاپۆ
دەیتوانی لەئیتالیا جێگیر ببێت، مادام میتەران
و دانیال میتەرانیش داوایان لەئاپۆ كرد لەو
وڵاتە بمێنێتەوە، بەڵام ئاپۆ لەوێ بڕیارێكی
دەركرد، گوتی مستەفا قەرەسو و جەمیل بایك و
دوران كالكان و كانی یەڵماز كاری سەركردایەتی
نەكەن، لەلایەكەوە دانیشتن و كاری پەروەردە
بكەن، كاتێك ئەم بڕیارەی دەركرد، هێزێكی
شاراوە ئاپۆی لەئیتالیا دەركرد و بەرەو زیندان
ڕاپێچ كرا.
سڤیل: واتە دەستگیركردنی ئاپۆ دەستێكی شاراوەی
ناو سەركردایەتی پەكەكەی لەپشتەوە بووە؟
عوسمان ئۆجەلان: لەدەستگیركردنی سەرۆك ئاپۆدا
هەندێك كەسی ناو پەكەكە رۆڵی خۆیان بینی، بۆ
نمونە شەمزین ساكیك بۆ توركیا كاری دەكرد، كە
ئێستا لەزیندانە و جاران لەسەركردایەتی پەكەكە
بوو لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە، واتە گەلێك كەس
لەناو پەكەكەدا دژایەتی ئاپۆیان دەكرد و
ڕێگەیان خۆشكرد ئاپۆ بچێتە زیندانی ئیمرالی،
كە پێویستە گەل ئەوان بداتە دادگا.
سڤیل: تۆ لەلایەكەوە برای عەبدوڵڵا ئۆجەلانی
لەلایەكی ترەوە ئەندامێكی كۆن و سەركردایەتی
پەكەكە بووی لەسەرەتای دامەزراندنی پەكەكەوە
لەو شۆڕشەدابووی، چۆن بیرت لەوە نەكردەوە، كە
لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بكرێت؟
عوسمان ئۆجەلان: كاتێك ئاپۆ دەستگیركرا، ئێمە
چوار ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی لەشوێنێك
بووین، پێكەوە گفتوگۆمان كرد لەناو خۆماندا كە
دەبێت لەهەواڵی ئەمشەودا بە كوردی و توركی بۆ
خەڵك قسە بكەین، كە خەڵك ڕاپەرین بكات،
چارەنوسی ئاپۆ دیار نەبوو، تازە گیرابوو،
پازدەی شوبات بوو، ئەبوایە شەو هەواڵی پەكەكە
باسی بكات، بە سێ ئەندامەكەی تری كۆنسەی
سەرۆكایەتیم گوت بەكوردی قسە دەكەم، ئێوەش
یەكێكتان بە توركی قسە بكەن بۆ گەل
لەتەلەفزیۆندا، بەڵام هەموویان دەیانوت
ناتوانین قسە بكەین، گوتم من برای سەرۆك ئاپۆم
لەهەمووتان زیاتر ئازارم پێگەشتووە، من
دەتوانم قسە بكەم، بۆ ئێوە ناتوانن قسە بكەن،
كەسیان قسەیان نەكرد، ناچار بووم بە توركی و
بە كوردی لەتەلەفزیۆن قسەم بۆ خەڵك كرد، هەر
لەو ڕۆژەدا كە ئاپۆ گیرا، پاشان پێویست بوو،
پەكەكە خۆی رێكبخاتەوە، چونكە هەمووی دەیوت
پەكەكە شەش مانگی تر تەمەنی دەبێت، بەڵام
هەموو كاروبارەكانی ناوخۆی پەكەكەم خستە سەر
شانی خۆم، هەتا ساڵی دووهەزار و سێ پرۆژەی
گۆڕانكاریم دەستپێكرد، كە خاڵێكیان ئەوە بوو
كە ئەوانەی پەكەكەیان خستۆتە لیستی تیرۆرەوە
دادگایی بكرێن، بەڵام ئەوانەی هەواڵگری
دەوروبەر پشتگیری دەكردن دژایەتی ئێمەیان كرد.
سڤیل: هۆكاری هەڵاتنی ئێوە و دووركەوتنەوەتان
لەپەكەكە چی بوو، دوای دەستگیركردنی ئاپۆ؟
عوسمان ئۆجەلان: كاتێك پرۆسەی ڕیفۆرم بوو
بەبڕیار و كۆنگرەش پشتگیری كرد، هێزێك
بەپشتگیری ئیتڵاعاتی ئێران و هەواڵگری سوریا و
میتی توركی كەوتنە دژایەتیمان و هەوڵیاندا من
بكوژن، منیش ئەوەم دەزانی، كە كوشتنی من
دەبێتە كێشەیەكی گەورە، چونكە لەناو پەكەكەدا
برای ئاپۆ بكوژرێت بەشێوەیەكی نادیار كە
ناوبانگی منیش ئەوكات بەهێزبوو، دەرەنجامێكی
خراپی دەبوو، منیش دەمزانی دەستگیركردنی ئاپۆ
چی زەرەروزیانێكی لەبزافی رزگاریخوازی كورد
داوە، گوتم با كوشتنی منیش ئەوەندەی تر توشی
زیانمان نەكات باشترە من بڕۆم.
سڤیل: كەواتە هەڵاتنی تۆ كارێكی ناچاری بوو؟
عوسمان ئۆجەلان: بەڵێ ناچاری بوو، من رامنەكرد
لەناو پەكەكەدا من دەركرام، كە یەكێك لەوانە
مستەفا قەرەسوو دوران كالكان بوون، ئاپۆش ئەو
راستیەی دەزانی، گوتی عوسمان وەك كەرێكی
لێهاتووە، كە بیخەنە ناو زەویەكەوە، هەمووی
مین بێت، یانی دەیزانی من ناچارم بڕۆم، بەڵام
ئێستا لەزینداندا هێزی ئەوانەی نییە.
|