قـــاسم ئاغای كۆیە دەگەڕێتەوە هەولێر  

 

سڤیل: هەولێر
قاسم ئاغای كۆیە، كۆنەمستەشاری بەعس گەڕاوەتەوە هەولێر و لەمەلا ئۆمەری نزیك هەولێر دادەنیشێت و بەرپرسێكی پارتیش ئاماژە بەوەدەكات، هەموو كۆنەمستەشار و بەعسیەكان لەلایەن سەركردایەتی كوردستانەوە عەفو كراون.
قاسم ئاغای كۆیە بە یەكێك لەمستەشارە دڵسۆزەكانی سەردەمی بەعس ناسرابوو، لەراپەرین سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لێبووردنی گشتی بۆ هەموو موستەشار و پیاوانی بەعس دەركرد، بەڵام قاسم ئاغا بەرەنگای خەڵكی راپەریوی كۆیە بووەوە، بۆیە چووە بەغدا، دوای پرۆسەی ئازادی عێراق قاسم ئاغا نەگەڕایەوە كوردستان و رووی كردە وڵاتی سوریا، دواتر چووە توركیا، چەند ساڵێكە خێزانەكەی گەڕابوونەوە و لە مەلا ئۆمەر نیشتەجێبوون، ئێستا خۆیشی گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (سڤیل)ی راگەیاند كە ماڵەكەی قاسم ئاغا لەتەنیشت ماڵی بەهرامی شێمەی هاروونە و لەلایەن ئەویشەوە پارێزگاری لێدەكرێ، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) بەهرامی شێمەی هاڕون گوتی "قاسم ئاغای كۆیە ماوەیەكە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و منیش لەماڵی خۆم پەنام نەداوە، چونكە قاسم ئاغا كابرایەكی خاوەن عەشیرەت و خزمێكی زۆرە. هەرچەندە پێشتر لێرە نەبووە، بەڵام ئێستا ئەو ماڵ و منداڵی لێرەیە و عەشیرەتی هەیە و لەكوردستان دەژی".
بەرپرسێكی پارتی كە نەیوست ناوی ئاشكرا بكرێت بە(سڤیل)ی راگەیاند "ئەو مستەشار و كەسانەی كە لەگەڵ بەعس بوونە بەپێی بڕیارێكی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی عەفو كراون، بەڵام ئەوە لەرووی سیاسییەوە عەفو كراون، ئەگەر هەر كەسێك مافی شەخسی لەسەریان هەیە، ئەوا دەتوانن لەدادگا كێشەكەیان چارەسەر بكەن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com