رۆشنبیرانی كورد بیر لە رێگـــــــــــاچارەی سێیەمین دەكەنەوە  

 

سڤیل: هێمن خۆشناو

بەهۆی بەرفراوانبوونی تونــــدوتیــژی لــــەنێوان دەوڵەت و PKK خەڵك زیاتر مەیلداری رێگاچارەی سێیەمین دەكات




سەرمایەدار و رۆشنبیر و سیاسەتمەدارانی كورد لەتوركیا بیر لەدامەزراندنی ئاراستەیەكی سیاسی دیكەی جیاواز لەPKK دەكەنەوە. هەوڵ دەدەن لەسەرەتا ئەم وێستگەیە بە خانەوادە بەهێز و كاریگەرەكان دەستپێبكات.
بەر لەماوەیەك لەئەنجامی تەقینەوەی مینێك، كە گومان دەكرێت لەلایەن PKK دانرابێتەوە، ساڵح ئۆزدەمیر سەرۆكی پێشووی پارتی HEP لەباتمان، سەرۆكی پێشووی İHD سەعدی ئۆزدەمیر، هەروەها سادق ئۆزەدمیر و سادات ئۆڤەن سەرۆكی پێشووی ژووری پارێزەرانی باتمان گیانیان لەدەستدا. خانەوادەی ئۆزەدمیر و خانەوادەی ئۆڤەن لەباتمان بەدژایەتیكردنی شەڕی نێوان PKK و دەوڵەتی توركیا ناسراون. بەدەنگێكی بڵند رەخنە لە PKK و دەوڵەت دەگرن. لەدوای تەقینەوەی مینەكە سەبڕی ئۆزەمیر كە سێ برای لەئەنجامی ئەم كردەوەیە گیانیان لەدەستدا، پەكەكەیان بەئەنجامدانی ئەو كردەوەیە تاوانباركرد. بەڵام ئێستا نە ئۆزەدەمیر و نە خەڵكی دیكە لەدژی ئەم پارتە هیچ قسەیەك ناكەن. ئەوەی بەتەنیا لەوبارەیەوە قسە دەكات سەرۆكی ژووری پارێزەرانی باتمانە. یوسف تانڕیسەڤەر لەوبارەیەوە دەڵێت "هەموو ئیشارەتەكان دەیسەلمێنن كە ئەمە كاری PKK یە، بەڵام ئەم رێكخراوە لەترسی كاردانەوەكانی جەماوەر بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشە ناخاتە ئەستۆی خۆی".
كورد بەساڵانە لەنێوان ئاگری PKK و دەوڵەت دەسووتێت، ئەمجارە وادیارە هەوڵ دەدەن ئەو تابڵۆیە دەمدرێژە بشكێنن. بۆیە رێگاچارەی سێیەمین تا دەچێت زیاتر لەمێشكی كورد گەڵاڵە دەبێت. سەرچاوەكان پێیانوایە بەخاكسپاردنی چوار كەسەكەی باتمان دەبێتە دەروازەیەك بۆ بەراستیبوونی رێگای چارەسەری دوور لەچەك، كە بە رێگای سێیەمین ناودەبرێت. سەرتاج بوجاك كە رێبەرایەتی پلاتفۆڕمی دیموكراتی كورد دەكات بۆ (سڤیل) پێیوایە "تەنیا كەسایەتییە سەربەخۆكان نا، بەڵكو چەندین كەسایەتی دیاری ناو BDPش پشتگیری لەرێگاچارەی سێیەمین دەكەن. كەشوهەوای شەڕ دەنگی رێگای سێیەمینی كز دەكرد، بەڵام رووداوەكەی باتمان وای لەكورد كرد بەجدیانە كردەوەكانی PKK هەڵسەنگێنن". لەرابردوو زۆر لەرۆشەنبیر و رێبەرە سیاسیە مەدەنیەكانی كورد لەباكووری كوردستان بەهۆی چەندین بیانوو نەیاندەخواست لەبەرامبەر PKK بووەستن، ئەمڕۆ هەڵوێستی خۆیان گۆڕیووە یان بەدوای گۆڕانی هەڵوێستیاندا دەگەڕێن. سیاسەتمەداری كورد ئیبڕاهیم گوجلو بۆ (سڤیل) پێیوایە "لەداهاتوویەكی زۆر نزیك سەرمایەدارانی كورد بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەی سێیەمین رۆڵێكی گرنگ دەگرنە ئەستۆ. بەڵام لەلایەن خۆیانەوە BDPو PKK هەوڵدەدەن، ئەو خانەوادە بەكاریگەرانە بەهۆی گەڕانیان بەدوای رێگاچارەی سێیەمین بێ كاریگەر بكەن". وەحدەدین بەهادار سەرۆكی كۆمەڵەی كارساز و پیشەگەرانی ئامەد، جەخت لەوە دەكاتەوە كە چەندین كەسایەتی كورد كە دژایەتیكردنی بەكارهێنانی توندوتیژی كۆیان دەكاتەوە بۆ ئافراندنی هێڵێكی سیاسی نوێ كەوتوونەتە گەڕ. ئەو بۆ (سڤیل) دەڵێت "لەناو هێڵی رێگاچارەی سێیەمین كەسانی ئایینپەروەر، لیبڕال، سۆسیالیست و دیموكراتخواز جێدەگرن. تازە بەتازە دەستمان بەگفتوگۆ كردووە. لەداهاتوویەكی نزیك دەنگی خۆمان بە گوڕتر دەردەخەین". سەرتاج بوجاك، لەدرێژەی لێدوانەكەیدا، پێیوایە بەهۆی بەرفراوانبوونی توندوتیژی لەنێوان دەوڵەت و PKK خەڵك زیاتر مەیلداری رێگاچارەی سێیەمین دەكات "لەمەوپێش لەدژی PKK ئۆپۆزسیۆنێكی بەم شێوەیە جدی لەباكووری كوردستان نەبوو. یەكەمین جارە ئۆپۆزسیۆن زیاد دەكات و خۆی بەم شێوەیە نمایش دەكات. ئەمەش زەمینەی ئەوە خۆش دەكات هەموو كوردانی دژ بەتوندوتیژی بێنە لای یەك و بۆ كێشەكەیان ململانێی دیموكراتیانە بكەن".
ئەمڕۆ دەزگا پیشەیی و سەرمایەدارەكانی هەرێمەكە وەكو Müsiad كۆمەڵەی كارساز و پیشەگەرانی سەربەخۆ، Günsiad كۆمەڵەی كارساز و پیشەگەرانی باشووری رۆژهەڵات، Disiad كۆمەڵەی كارسازانی ئامەد، هەروەها لەگەڵ هەردوو پارتی سیاسی Hak-Par و Kadep نوێنەرایەتی ئەم رەوتە سیاسیە نوێیە دەكەن. هەروەها كەسایەتیە دیارەكانی هەرێمەكە وەكو ئاڵتان تان، ئیبراهیم گوجلو، بایرام بۆزیەلی، غالیب ئەنساڕ ئۆغڵو، وەحدەدین بەهادار، عەلی ئۆنجو، شا ئیسماعیل بەدرخان ئۆغڵو، ئەمین ئاكتار، سەزگین تانڕیكوڵو، تاهیر ئەلچی، سەرتاج بوجاك، ئەحمەد ئاجار، محەمەدئەمین كاردەش، سینان چیفت یورەك، عەبدولڕەحمان ئاسڵان، سەباحەدین كۆركماز و سەعید ئایدۆغموش و چەندانی تر بەشداری لەو پێكهاتەیە دەكەن.
لەگەڵ ئەم هەموو پێشكەوتنانە، لەماوەی رابردوو كۆنگرەی كۆمەڵگای دیموكراتی كە وەكو رێكخراوێكی نزیك لە PKK ناسراوە، لەشاری ئامەد كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی ئەنجامدا و تێیدا داوای دەستەبەركردنی ئۆتۆنۆمی بۆ چارەسەری كێشەی كورد كرد. هاوكات لەگەڵ ئەم كۆبوونەوەیە چەندین گرووپ و كەسایەتی كە وەكو هەوادارانی رێگا چارەی سێیەمین دەناسرێن لەژێر چەتری بزوتنەوەی یەكێتی نەتەوەیی كورد Tevkürtكۆبوونەوەیەكیان سازكرد، ئەمەش بوێری و سووربوونی ئەو كەسانە لەسەر درێژەدان بەڕێگاچارەی سێیەمین نیشان دەدات. لەوبارەیەوە سەتاج بوجاك دەڵێت "جگە لەسەربەخۆیی گەیشتووینەتە ئاستێك دەتوانین لەسەر هەموو شتێك گفتوگۆ بكەین. لەناوماندا هەیە پشتگیری لەفیدڕاسیۆن دەكات".
یەكەمین خۆ تاقیكردنەوە لەنێوان ئاراستەی سیاسی PKK و ئەوانەی لایەنگری لەهێڵی رێگاچارەی سێیەمین دەكەن، لەراپرسی 12ی ئەیلولی داهاتوو ئەنجام دەدرێت. BDP بەبیانووی جیاجیا و بۆ نیشاندانی هێزی كاریگەری خۆی لەسەر كورد بڕیاری بایكۆتكردنی راپرسی ناوبراوی داوە. ئەو سیاسەتەی زیاتر لە90 ساڵە دەوڵەتی توركیا بە دروشمی "یان تۆ توركی یان خائینی" دەگرێتەبەر، ئەمڕۆ PKK و BDP بەدروشمی "یان لەگەڵ ئێمەی یان خائینی" دەیگرنەبەر. بەم هۆیەشەوە بۆ ئەوەی راپرسی نەگاتە سەركەوتن BDP هەموو هێز و توانای خۆی دەخاتە گەڕ. سۆسیۆلۆگ مەزهەر باغڵی لەزانكۆی دیجلە لەوبارەیەوە بۆ(سڤیل) دەڵێت "لەبەرئەوەی BDP دەیزانی ئەگەر دەنگدەر بچێتە سەر سندوقی دەنگدان پێی كۆنتڕۆڵ ناكرێت، بڕیاری بایكۆتكردنی دا. راپرسی دەبێتە مایەی دۆڕاندنی PKK و سەركەوتنی رێگاچارەی سێیەمین. هەروەها راپرسی دەبێتە هەنگاوێك بۆ رەنگاوڕەنگكردنی سیاسەتی كورد". رەمزی یوكسەل، كە هاوڵاتیەكی خەڵكی باتمانە و لەیەك لەدەزگاكانی حكومەت كاردەكات. بۆ (سڤیل) هاوشێوەی پڕۆفیسۆر باغڵی پێیوایە، راپرسی بۆ یەكەمین جار باڵادەستی PKK لەناو كورد لاواز دەكات. بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەن بەهەموو شێوەیەك نەهێڵن هاوڵاتیان بچنە سەر سندوق "لەوانەیە لەناوچە شاخاوییەكان سەركەوتن بەدەست بێنن، بەڵام لەناو مەڵبەندی شارەكان زۆر زەحمەتە". لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئەو هاوڵاتیە باتمانیە، ململانێی نێوان لایەنگرانی رێگاچارەی سێیەمین و PKK بەتوند وەسف دەكات "خەریكە ململانێی ئەم دوو رەوتە سیاسیە لەمملانێی نێوان كورد – تورك توندتر دەبێت".
یەكێك لەو هۆكارانەی BDP و PKK دەیكەنە بیانووی بایكۆتكردنی راپرسی، ئەوەیە كە هەمواركردنی دەستوور شتێكی بۆ كورد تێدانییە، تەنیا بۆ بەهێزكردنی پێگەی AKP ئەنجامدراوە. لەمبارەیەوە پەرلەمانتاری پێشووی كورد ئەسەد جانان، ئەم بانگەشەیە پشتڕاستدەكاتەوە و بۆ (سڤیل) دەڵێت "زۆربەی كورد پابەند دەبن بەبڕیاری بایكۆتكردنی راپرسی. ئەم هەڵوێستەش رێگا دەكاتەوە بۆئەوەی لەداهاتوو دەستوورێك بێتە ئاراوە كە دان بەكورد بنێت". بەڵام سەرتاج بوجاك بەپێچەوانە بیردەكاتەوە "وەكو بزانم چەندین خانەوادەی BDP هەیە، پابەند نابن بەبڕیاری بایكۆتكردن. چونكە پێیانوایە ئەو هەمواركردنە لەداهاتوو كوردیش دەگرێتە باوەش".
تەنیا PKK، هۆكاری نەمانی ئەو تابڵۆیە فرە رەنگە نیە كە تا ساڵانی 1980 لەناو سیاسەتی مەدەنیانەی كورددا هەبوو، بەڵكو توندوتیژی دەوڵەتیش لەم رووە بەرادەی PKK هۆكاربوو، وایكرد كورد زیاتر لەدەوری PKK كۆببێتەوە. بۆیە ئێستا ئەوانەی خۆیان بە رێگاچارەی سێیەمین بەناو دەكەن، هەوڵ دەدەن ئەم دوو هۆكارە شیبكەنەوە و لەبواری كرداریدا پەراوێزیان بخەن و هەوڵ دەدەن رێگایەكی چارەسەری تایبەت بەخۆیان دابڕێژن. بەڵام بەهۆی باڵادەستی BDP و PKK لە هەرێمەكە ئەنجامدانی ئەمە لەو قۆناغە زۆر زەحمەتە. بۆیە چاودێران پێیانوایە رێگاچارەی سێیەمین تەنیا لەسەر داوای كۆمەڵگا درێژەی پێنادرێت، پێویستە دەوڵەت زەمینەیەكی بە ئارامی بۆ بئافرێنێ. بەتایبەتی كە هەودارانی ئەم رێگایە تا ئێستا رووبەڕوویی كاردانەوەی توندڕەوانە دەبنەوە و نەیانتوانیووە راستی خۆیان بە كۆمەڵگای كوردی لەباكووری كوردستان پەسەند بكەن. بۆیە ناتوانین بڵێین سیاسەتی نوێی پەیڕەوكراو لەلایەن دەوڵەتی توركیا سەبارەت بەكێشەی كورد، هەروەها بەرزبوونەوەی دەنگە رەخنەگرەكان لەبەرامبەر PKK، زەمینەی هاتنە ئارای رێگاچارەی سێیەمین خۆش دەكات. لەوبارەیەوە ئەسەد جانان دەڵێت "ئەگەر ئەمڕۆ كێشەی كورد و PKK بەیەكەوە بەستراونەتەوە، رۆڵی سیاسەتی دەوڵەت سەرەكیە. دەوڵەت لەحیسابی خۆی هەڵ دەدات سیاسەتی كورد لەكاریگەری PKK رزگاری ببێت، بەڵام لەم رووەوە رێگاچارەی سێیەمین وەكو موخاتەب و دەروازەی قورتاربوون نابینێ. پێویستە دەوڵەت زەمینەی سەركەوتنی رێگاچارەی سێیەمین بئافرێنێ". بەڵام مەزهەر باغڵی لەم رووەوە پێیوایە "هەندێك كاردانەوەكانی دەوڵەت، دەبێتە مایەی لاوازكردنی بەهێزبوونی رێگاچارەی سێیەمین، كە ئەمەش ناهێڵێت ئەلتەرناتیفێك بۆ BDP دروست ببێ".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com