|

سڤیل: شوان سدیق
سێ مەڵبەند تێكەڵ بە مەڵبەندی سێی هەولێری
یەكێتی دەكرێنەوە، تائێستاكە چارەنوسی كارگێڕ
و ئەندامانی ئەو مەڵبەندانە كە تێكەڵ
دەكرێنەوە یەكلایی نەكراوەتەوە. بەرپرسێكی ئەو
حیزبەش ئاماژە بەوە دەكات "هەموو ئەندامێك
بەپلە و ئیمتیازی خۆی دادەنرێـتەوە و حیزبیش
بیر لەوە دەكاتەوە كەسانێك خانەنشین بكات".
بڕیاری تێكەڵكردنی مەڵبەندی 17ی دەوروبەر و
مەڵبەندی مەخمور و مەڵبەندی 18 لەگەڵ مەڵبەندی
سێی هەولێر لەدوای كۆتاییهاتنی سێیەم كۆنگرەی
یەكێتی دێت، كە یەكێك لەبڕیارەكانی كۆنگرەی
ئەو حیزبە ئەوە بوو، ژمارەیەكی زۆر لەمەڵبەند
و ئۆرگانەكانی حیزب تێكەڵ بكرێن. بەرپرسێكی
یەكێتی لەسنوری هەولێر بە(سڤیل)ی راگەیاند
"گۆڕانكارییەكانی یەكێتی نیشتمانی لەسنوری
هەولێر كاری زۆری لەسەر كراوە، یەكێك
لەگۆڕانكارییەكانیش ئەوەیە كە ئێستاش هەریەكە
لە (رێباز بێركۆتی) بەرپرسی مەڵبەندی 18 و
(بەكر یەعقوب)، ناسراوە بە (بەكرە سور)
بەرپرسی مەڵبەندی مەخمور بە بڕیاری مەكتەبی
رێكخستنی یەكێتی بە جێگری یەكەم و دووەمی
بەرپرسی مەڵبەندی سێی هەولێر دانراون، كە
ئێستا ئاسۆ ئەڵمانی بەرپرسیەتی. ئەو بەرپرسە
روونیشكردەوە لەدوای دەستنیشانكردنی بەرپرسی
ئەو مەڵبەندانە بۆ جێگری مەڵبەندی هەولێر، تا
ئێستا چارەنووسی كارگێڕ و ئەندامانی تری
مەڵبەندەكانی دەوروبەر و 18 و مەخمور یەكلایی
نەكراوەتەوە، نازانرێت ئاخۆ دەخرێنە سەر ئەو
مەڵبەندانە یاخود خانەنشین دەكرێن. هەروەها
قارەمان شینەی بەرپرسی مەڵبەندی 17ی دەوروبەر
بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند.
لەم بارەوە شاڵاو عەلی ئەسكەری ئەندامی
مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان،
بە (سڤیل)ی راگەیاند، لەگەڵ ئەو
گۆڕانكارییانەی كە یەكێتـی نیشتمانی بە
بەرنامە كاری لەسەر دەكات، هەر مەڵبەندێكیش
تێكەڵ بەمەڵبەندەكانی تر بكرێن، "بێگومان
كارگێڕ و ئەندامانی ئەو مەڵبەندانە هەر
ئەندامی ئەو حیزبەن و بۆ هەر جێگایەكی تریش
نەقڵ بكرێن، بێگومان هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر
پلەكانیاندا نایەت".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی نكۆڵی
لەوەش نەكرد "لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كە
ئێستا یەكێتی نیشتمانی ئەنجامیان دەدات،
بێگومان كەسانێك هەن كە تەمەنێكی زۆریان هەیە
و ساڵانێكە خزمەت بەو حیزبە دەكەن، پێویستیان
بەوەیە خانەنشین بكرێن، ئەمەش كۆنگرە بڕیاری
لەسەر داوە و ئیشی لەسەر دەكەین، ئەو كەسانە
خانەنشین بكرێن".
|