یەكێـتی كۆمیتە و مەڵبەندەكان دەكاتە رەقیبی حكومەت  

 

ئەندامێكی پەرلەمان: ئەم بڕیارە كارەساتە و گەڕانەوەیە بۆ دواوە

سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی




بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە، كۆمیتە و مەڵبەندەكانی خۆی دەكات بە چاودێر بەسەر بەرپرسە حكومییەكانەوە، ئەندامێكی پەرلەمانیش ئەو بڕیارە بە "كارەسات" ناو دەبات.
لە دواكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بڕیاری دامەزراندنی لیژنەیەكی باڵای یەكێتی دەدرێت بۆ چاودێریكردنی بەرپرسە حكومییەكانی یەكێتی و ئەو لیژنەیەش پێكدێت لە (كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی)، كاری ئەو لیژنەیە چاودێریكردنی ئەدائی ئەو بەرپرسانەیە كە بەهۆی یەكێتییەوە پۆستی حكومییان وەرگرتووە، ئەو لیژنەیەش پشت بەو راپۆرتانە دەبەستێت، كە لەرێگەی مەڵبەند و كۆمیتەكانەوە بەرز دەكرێتەوە، بەم كارەش مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ، كۆمیتە و مەڵبەندەكان دەكاتە رەقیبی حكومەت.
لەماوەكانی رابردوودا، جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پرۆژەیەكی بۆ جیاكردنەوەی حیزب لەحكومەت خستەڕوو و بەپێی ئەو پرۆژەیە بێت، حیزب بۆی نیە دەست لەكاروبارەكانی حكومەت وەربدات، بەڵام بەو بڕیارەی مەكتەبی سیاسی كە كۆسرەت رەسوڵ سەرپەرشتی ئەو كۆبوونەوەیەی كردوە كە بڕیارەكەی تێدا پەسەند كراوە، جارێكی تر ئەو پرۆژەیەی سكرتێری گشتی یەكێتی پشتگوێ دەخرێت و بڕیارەكەش وەك پێشێلكارییەك دەژمێردرێت بەرانبەر بەو پرۆژەیەی تاڵەبانی.
بەپێی دەرەنجامی پلنیۆمی دووەمی یەكێتی نیشتیمانی كە لەرۆژانی (29ـ31/10/2009) بەسترا، ئەنجومەنی ناوەند دامەزرا، ئەو ئەنجومەنە ئەركی پەرلەمانێكی بچوكی ناو حیزب دەبینێت لەچاودێریكردنی دامودەزگا حیزبییەكانی یەكێتیدا، لەدوای كۆنگرەی سێهەمی یەكێتیش، كە لەرۆژی (1/6/2010)بەسترا، ئەو ئەنجومەنە گوڕوتینێكی زیاتری بەخۆیەوە بینیی و ئەندامەكانی بە هەڵبژاردن دەستنیشان كران، بۆیە ئەو بڕیارەی مەكتەبی سیاسی رەنگە هەوڵێك بێت بۆ كەمكردنەوەی رۆڵی ئەو ئەنجومەنە، هەرچەندە بەرپرسانی یەكێتی ئەوە رەت دەكەنەوە.
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، ئاماژە بەوە دەدات، هێشتا ئەو میكانیزمە دیاری نەكراوە، بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ راپۆرتی كۆمیتە و مەڵبەندەكان، دەڵێت "هێشتا ئەوە دیاری نەكراوە ئایا ئەو لیژنەیەی مەكتەبی سیاسی لەو راپۆرتانە دەكۆڵێتەوە، یان دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی ناوەند"، ئەسەسەرد، ئەوەش باس دەكات، كە حیزبەكەی دوو دەزگای هەیە بۆ چاودێریكردن "یەكێكییان ئەنجومەنی ناوەندە كە دەتوانێت لەم مەسەلانە بكۆڵێتەوە، یەكێكیشیان مەكتەبی بەدواداچونە، ئەویش هەر پەیوەندی بە حیزبەوە هەیە"، هاوكات پاساو بۆ بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەهێنێتەوە و پێیوایە بەهۆی ئەوەی كە ئەو بەرپرسە حكومیانەی لەسەر بەشی یەكێتی پۆستی حكومییان وەرگرتووە، حیزبەكەی بۆی هەیە چاودێریی كاروبارەكانییان بكات، گوتیشی "ئەو بەرپرسانە دەبێت بەشێوەیەكی خراپ پۆستەكانیان بەكارنەهێنن، كە ناوبانگی یەكێتی پێ لەكەدار ببێت، بۆیە مەكتەبی سیاسی ئەو دەسەڵاتەی داوە بەخۆی، كە ئەو كەسانەی بەو شێوەیە پۆستەكان بەكار دەهێنن بانگ بكات و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكات، ئەگەر راپۆرتەكان وادەرچوون هەوڵ دەدرێت بۆ لادانیان لەپۆستەكەیان، كە ئەمەش لەبەرژەوەندی حكومەت و لەبەرژەوەندی گشتیشدایە"، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە، كە لەكاتی هەڵسەنگاندنی ئەو راپۆرتانەی لەسەر ئەو بەرپرسە حكومیانە بەرز دەكرێتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی، مافی بەرپرسەكەش دەپارێزرێت، گوتی "ئەگەر راپۆرتەكە هەڵە دەرچوو، بەدڵنیاییەوە ئەوانەی كە راپۆرتەكەیان نوسیووە سزا دەدرێن، بەپێی قەبارەی هەڵەكە ئەو سزایانە دەیگرێتەوە، كە لەپەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە، ئیتر یان دەردەكرێت یان سڕ دەكرێت یان سزایەكی تری دەدرێت".
ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی كە ژمارەیان (101) ئەندامە و تائێستاش (80) ئەندامیان بە هەڵبژاردن دەستنیشان كراون و (21) ئەندامەكەی تریش كورسییەكانیان بەبەتاڵی ماوەتەوە، كە ئەو (21) كورسییە لەدەسەڵاتی سكرتێری گشتیدایە تا پڕیان بكاتەوە، بەڵام تاڵەبانی بەنیازە لەعەرەب و توركمانەكان و كوردەكانی ناوچەی بادینان ئەو (21) ئەندامە دەستنیشان بكات، كاری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بریتییە لەچاودێریكردنی دامودەزگا حیزبییەكانی یەكێتی، بۆ ئەوەی لەكاتی سەرپێچیكردن لەپەیڕەوی ناوخۆ، رووبەڕووی لێپرسینەوەیان بكات، ئاسۆ شێخ نوری كە ئەندامی ئەو ئەنجومەنەیە دەڵێت "چاودێریكردنی بەرپرسە حكومییەكان كاری هەموو لایەكە، بەڵام ئەنجومەنی ناوەند بەپلەی سەرەكی چاودێری هەموو دەزگا حیزبییەكان دەكات، بە ئیدارییەكانیشەوە، چاوی ئێمە چاوی رێكخستنەكانە كە زانیاری بەرز دەكەنەوە بۆمان، چونكە ئەنجومەنی ناوەند لەهەموو جێگەیەك ئەندامی نیە تا زانیارییەكانیش لای خۆیەوە بێت، بۆیە دەبێت لەرێگەی شانەكانی حیزب و كۆمیتە و كەرت و پۆلەكانەوە لە قەزا و ناحیە و شارۆچكەكاندا چاودێری بەرپرسە ئیدارییەكان بكەین"، ئاسۆ نایشارێتەوە، كە بەرپرسە ئیدارییەكانی یەكێتی، رووبەڕووی رەخنە و گلەیی هاوڵاتییان بوونەتەوە، گوتی "ئێستا لەناوچەكاندا گلەیی و گازندەیەكی زۆر لەبەرپرسە ئیدارییەكان هەیە، ئەو زانیارییانەش كە دێن لەناو جەماوەرە و شانە رێكخسنەكانەوە دێن، بۆیە ئەو لیژنەیەی مەكتەبی سیاسیش پشت بەو زانیارییانە دەبەستن كە دەگاتە مەكەبی سیاسی".
هەرێمی كوردستان بەهۆی هەڵگیرساندنی كۆمەڵێك شەڕی ناوخۆوە، كە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەروەها شەڕی حیزبە ئیسلامییە توندڕەوەكان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، تا ئێستا نەتوانراوە بەشێوەیەكی بنبڕ كۆتایی بە دەستێوەردانی حیزب بهێنرێت لەكاروبارەكانی حكومەت، فەرید ئەسەسەر دەڵێت "دەستێوەردانی حیزب لەكاروباری حكومی یەكێكە لەكێشە قورسەكان، چونكە لەهیچ شوێنێك چاكسازی بەبێ كێشە نەكەوتۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە، من پێموایە ئێمە توانای چارەسەركردنی ئەو كێشەیەمان هەیە، بەڵام ئەو چارەسەركردنەش بە ئاسانی نابێت"، لەبەرانبەریشدا دكتۆر زانا رەئوف، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سەر بە فراكسیۆنی گۆڕان، بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەگێڕێتەوە بۆ دووبارە دەستێوەردانی حیزب لەكاروبارەكانی حكومەت دا. دكتۆر زانا رەئوف گوتی "ئەگەر بەڕێوەبەرێك كەمتەرخەمی یان گەندەڵی هەبێت لەناو فەرمانگەیەكدا پێویستە لەرێگەی وەزارەتەكەیەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەگەر وەزیرێكیش بێت پێویستە لەرێگەی پەرلەمانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت و لەرێگەی دیوانی چاودێری داراییەوە راپۆرتی لەسەر ئامادە بكرێت و بدرێت بە دادگا"، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كودستان، بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەپێشێلكردنی یاسا ناو دەبات، زیاتر گوتیشی "ئەم بڕیارە نەك هەر پێشێلكردنی یاسایە، بەڵكو ئەمە خۆی كارەساتە و گەڕانەوەیە بۆ دواوە، لەهەمانكاتدا رەنگە ئەم بڕیارە ببێتە هۆكاری بە ئاگاهاتنەوەی فەرمانبەرە فەرمییەكانیش، چونكە ئەگەر ئەوان بە لێهاتوویی و توانای خۆیان گەیشتبنە ئەو پۆستانە، نەك لەبەر ئیعتیباراتێكی حیزبی، ئەگەر بڕیارێكی لەو شێوەیەش دەربچێت دەكرێت پەنابەرنە بەر یاسا".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com