زەین لە پلانیدایە بێتە كوردستان  

 

بەپێی هەواڵێكی سایتی cellular-news بەڕێوەبەری كۆمپانیای مۆبایل زەین لەئێراق ئاشكرای كردوە كە كۆمپانیاكەی لەپلانیدایە تۆڕ و چالاكییەكانی لەكوردستان گەشە پێبدات و بكەوێتە كێبڕكێ لەگەڵ ئاسیاسێڵ و كۆڕەك. عیماد مەكییە بەرپرسی زەین لەعێراق بەئاژانسی رۆیتەرزی گوتوە "دەچینە كوردستان و بەتۆڕێكی تەواو و پێشكەوتوەوە لەسەرەتای 2011دا لەوێ دەمانبینن". سایتەكە دەڵێ هەرچەندە كۆڕەك مۆڵەتی كاركردنی لەسەرتاپای عێراقدا هەیە، چالاكییەكانی زیاتر لەباكوری عێراقدا چڕبوونەتەوە. گەیاندنی تۆڕ بەهەموو ناوچەكانی عێراق، پێویستی بەهێزی ئابوری و شەریكێكی دەرەكی هەیە و بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیای ئیتیسالاتی ئیماراتی لەئارادایە. ئێستا سێ كۆمپانیای سەرەكی مۆبایل لەعێراقدا هەن كە بریتین لە ئاسیاسێڵ و كۆڕەك و زەین. حكومەتی عێراق ئاشكرای كردوە كە مۆڵەتی كاركردن دەداتە كۆمپانیایەكی چوارەم، هەرچەندە وردەكاری ئەو پرسە رون نییە.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com