تۆمەتباران دەستگیر دەكرێن.. سڤیل زانیاری لەبارەی كوژرانی كارگێڕ مەڵبەندێكی یەكێتی بڵاو دەكاتەوە  

 

سڤیل: تایبەت
كارگێر مەڵبەندێكی یەكێتی لەسەر كێشەی زەوی دەكوژرێت و هێزەكانی پۆلیس تۆمەتباران دەستگیر دەكەن.
شەوی دوو لەسەر سێی ئەیلولی 2010 لە گوندی خاروانی ناوچەی زرارەتی، سەعات و نیوێك دوای بانگی ئێوارە، زێدان زراری كارگێڕی مەڵبەندی 18ی یەكێتی كوژرا. هەر ئەو شەوە هێزەكانی پۆلیسی هەولێر و سوپای پێنجی زێرەڤانی و بەرپرسانی حكومی و حیزبی دەچنە شوێنی رووداوەكە، (سڤیل) پەیوەندی بە عەمید عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێرەوە كرد، ئەو كاتە لەشوێنی رووداوەكە بوو، لەبارەی رووداوەكە تەنیا ئەوەندەی گوت "ئەو كێشەیە لەسەر زەوی بووە، بووەتە هۆی كوژرانی زێدان، جارێ هەر ئەوەندە لێدوانی ئێمەیە".
سەرچاوەیەك بە (سڤیل)ی راگەیاند كە زێدان زراری پێشتر پارتی بوو، برای سەعید زراری و ئامۆزای سدقی زراری سەرۆك شارەوانی هەولێرە، بەڵام دواتر دەبێتە یەكێتی لە مەڵبەندی 18 دەبێتە كارگێڕ مەڵبەند، ساڵی رابردوو لەسەر كێشەی زەوی لەگەڵ ماڵی هەمزە سێوێ كە بنەماڵەیەكی ناوداری ئەو ناوچەیەن و پارتین، شەڕیان دەبێت و لەتاریقی كوڕی هەمزە سێوێ دەدات، بۆیە دوژمنداری لەنێوانیاندا دروست دەبێت و تا لەشەوی دوو لەسەر سێی ئەم مانگە كوژرا. بەپێی زانیارییەكان ئەو شەوە زێدان لە ماڵی خۆی بووە و بە چەكی قەناس كوژراوە.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ماڵی هەمزە سێوێ لەپشت كوژرانی ئەو كارگێڕ مەڵبەندەوەن، بۆیە هەر ئەو شەوە هێزەكانی پۆلیس و زێرەڤانی بەدوای تاریقی هەمزە سێوێدا بوون، سەرچاوەیەك لە هێزی زێرەڤانی بە (سڤیل)ی راگەیاند كە هەر ئەو شەوە تاریق دەسگیر كرا.
شایانی باسە تاریق لە ساڵانی كۆتایی نەوەدەكان ئامر هێز بووە لە سوپای دووی پارتی.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com