|
ناكۆكییەكانی
بەغدا لەبەختی كوردە
سایتی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەوتارێكیدا
دەڵێ: عێراقی عەرەبی بەرەو لاوازتربوون دەچێ،
بەغدا حكومەت و ڕێبەرایەتی شك نابات، وڵات
شاهیدی تەقینەوەگەلی كاولكەر و كوشتاری
ڕۆژانەیە و بەشێوەیەكی بەرچاو دابەش بووە و
بوەتە قوربانی ململانێی ئایدیۆلۆجی و شەڕی بە
وەكالەتی هێزە هەرێمییەكان. كەچی گروپێك
لەعێراقدا هەن كە سەرەڕای ئەمانەش، زەردەخەنە
دەكەن، ئەوانیش كوردەكانن.
لەوتارەكەدا هاتوە، بەغدایەكی لاواز هەلێكی
باشە بۆ كوردستان و مێژوو دەری دەخا بەغدایەكی
بریندار توانای پەلاماردانی كوردستانی نییە.
بەغدایەكی پارچە پارچە، ڕێخۆشكەرە بۆ كوردستان
تا تواناكانی بواری ئابوری و وزەی خۆی
پەرەپێبدات، هەروەكو لەسەروبەندی لاوازی بەغدا
لە 2003 دا بەهۆی هەبوونی ڕاوێژكارگەلێكی
نێودەوڵەتیەوە كورد لەدەستوری عێراقدا
فیدرالییەكی ئەوتۆیان بۆ خۆیان مسۆگەر كرد، كە
ئەوەندەی كەم نییە لەسەربەخۆیی.
لەو وتارەدا هاتوە: بەختی كوردستان دیسان
گەڕایەوە، بەوەی دوای 6 مانگ لەئەنجامدانی
هەڵبژاردن بەغدا هێشتا حكومەتی نییە. ئەمەش
مانای ئەوەیە، هاوتا عەرەبەكانیان لەبەغدا
ناچاری سازشی زیاتر و تەنانەت ئیستیغلال كرانن
لەلایەن كوردەوە، هەر بۆیەش لایەنی كوردی
لیستێكی 19 خاڵییان ئامادەكردوە وەك پێشمەرجێك
بۆ هەر لایەك كە بیەوێت ببێتە هاوپەیمانیان لە
بەغدا.
دەربارەی تموحەكانی یەكێتی و پارتیش دەڵێ
"پارتی ئەوەندە بە تەنگ وەرگرتنەوەی
سەرۆكایەتی كۆمارەوە نییە، بەڵكو دەیەوێت
لەبری ئەوە لایەنی كوردی چەند پۆستێكی وزاری
زیاتریان بدرێتێ، دیارە لەوەرگرتنی پۆستەكاندا
بە ڕەچاوكردنی ئیستیحقاقی ئینتیخابی پشكی شێر
دەدرێتە پارتی".
هەروەها زۆر ڕێی تێدەچێ ساڵی داهاتوو
سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم بدرێتەوە بە
نێچیرڤان بارزانی. لەدەستدانی سەرۆكایەتی
عێراق پێدەچێ مانای كۆتاییهاتنی ژیانی سیاسی
تاڵەبانی بێ و لەدەستدانی هەردوو پۆستەكەش
یەكێتی دەخاتە هەڵوێستی موحریجەوە بەوەی نە لە
بەغدا و نە لەكوردستان پۆستی ئەوتۆی باڵای
نامێنێ، بەتایبەت كە یەكێتی، لانیكەم لەڕوی
سیاسییەوە، زاڵێتی بەسەر سلێمانیدا نەماوە
بەهۆی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە.
|