وەزیری دەوڵەت لەسەر لیستی یەكگرتووی ئیسلامی: كورد هەتا ماوەیەك لەمەوپێش هەوڵیدەدا هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی شیعەدا بكات، بەڵام ئیستا رووی كردووەتە لیستی عێراقیە  

 

سڤیل: شەنكار عەبدوڵڵا


شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕیوە، هێشتا حكومەت پێك نەهاتووە، عەلی محەمەد وەزیری دەوڵەت لەسەر لیستی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان دەڵێ كورد پێشتر هەوڵی دەدا لەگەڵ لایەنی شیعە رێك بكەوێ، بەڵام لەپڕ هەڵوێستەكە گۆڕا و روویان كردە لیستی ئەلعێراقییە.
هێشتا لایەنەكانی عێراقی رێككنەكەوتوون لەسەر پێكهێنانی حكومەتی عێراقی، ململانێیە گەورەكە لەنێوان لیستی دەوڵەتی قانون و لیستی عێراقییەیە، هۆكارێكی خەستتربوونی ململانێیەكە بەرای چاودێران بوونی دەستی دەوڵەتانی ئیقلیمیە، عەلی محەمەد ئەوە زیاتر روون دەكاتەوە "دەوڵەتە ئیقلیمیەكان دوو لایەنن، یەكێكیان ئێرانە كە حەریسە لەسەر ئەوەی شیعەكان دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت، هەتا ئێران زۆر هەوڵیدا كە هەردوو كوتلەی دەوڵەتی یاسا و ئیئتیلافی وەتەنی پێكەوە گرێبدات و كاندیدێكی دیاریكراویان هەبێت، بەڵام تائێستاش ئەمە نەكراوە، زیاتر دووركەوتنەتەوە، لایەنێكی تریشی عەرەبی و توركی و بەهاوكاری ئەمریكیەكان پێیان باشە پشتگیری عەلاوی و كوتلەكەی بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەریەكەیان بۆخۆیان دەیانەوێت بیدەستورێنن، ئەمەش ئاماژەیەكی باشە كە پەنا بۆ دەستور ببرێت، نەك بۆ هێز و شتی تریش، بەڵام ئەوەی كە موتابەعەی هەیە بۆ وەزعەكە بەرونی دەیبینێت، كە هەریەكە لەمالیكی و عەلاوی سورن لەسەر سەرەك وەزیرانی عێراق، ئەوەشی كە دەخوێنرێتەوە ئەمریكا پێی باشە لەنێوان عەلاوی و مالیكیدا پۆستەكان دابەشبكرێت".
دوای هەڵبژاردن لە 7/3دا، لەكوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆكی هەرێم فراكسیۆنی كوتلە كوردستانییەكان دروستبوو، ئەم فراكسیۆنە لیژنەیەكی دانوستانی هەیە لەگەڵ قەوارەكانی دیكەی عێراق، كە داواكارییەكانی كوردی لەخۆگرتووە، ئەم وەزیرەی یەكگرتووی ئیسلامی كە حیزبەكەی لەنێو فراكسیۆن و لیژنەی دانوستاندا هەیە، لەبارەی داواكارییەكانی كوردەوە دەڵێت "ئەم داواكارییانە سەقفی داواكارییەكانی كوردە و داواكارییەكانیش دەستورین، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئەمەش زیاتر دەكەوێتە سەر كارتی كوردی كە چەندە بەهێزە لەدانوستانەكان و فشار خستنە سەر ئەو لایەنانەی كە حكومەت پێكدەهێنن، واش چاوەڕوان دەكرێت لەسەرەتای دانوستانەكانەوە كورد بچێتە هەر لایەك تەرازووەكە بەو لایەدا سەنگی هەیە، ئەمەش ئەگەر بتوانرێت باش وەبەربهێنرێت بۆ تەحقیقی مافەكانی كورد شتێكی باشە، بەوەی كە ئەمجارە دەبینرێت هەموو لایەك لەدانوستاندان تەنها یەكێتی و پارتی نییە، بەڵكو هەموو لایەنەكان بەشدارن تێیدا". لەبارەی نزیكی وەفدی دانوستكاری كورد لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا گوتی "كورد هەتا ماوەیەك لەمەوپێش زیاتر هەوڵیدەدا كە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی شیعەدا بكات، كەچی لەپڕ هاوكێشەكەی پێچەوانە بووە، رویان كردووەتە لیستی عێراقیە، هەرچەندە هاتنی مالیكی بۆ هەولێر هەندێ لەو شتانەی گۆڕی، لەئێستادا كورد دۆستی حاشا هەڵنەگری شیعەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێی خۆشە هەموو هێلكەكانی نەخاتە سەبەتەیەكەوە"، هەندێ بۆچوون پێیانوایە كورد لەگەڵ لایەنی سونی كێشەی هەیە، نەك لەگەڵ شیعە بۆیە پێویستە لەگەڵ لایەنی سونی رێك بكەوێت، لەو بارەوە عەلی محەمەد گوتی "بەداخەوە لایەنی سوننی دوو جۆر خەڵك نوێنەرایەتیان دەكات، جۆرێكیان بەعسیەكانە كە دژی بەرژەوەندی گەلانی ترن لەعێراق، جۆرەكەی تریان ئیسلامیە سوننیەكانن كە لەبواری سیاسی و دبلۆماسیدا زۆر دواكەوتون، نازانن دۆستی خۆیان دیاری بكەن و نوقتەی هاوبەش بدۆزنەوە لەگەڵ كورددا، لەلایەكی ترەوە شیعەش بەرژەوەندییەكی ئەوتۆی نیە لەگەڵ كورددا، نەدەتوانێت بەرژەوەندییەكی كورد بهێنێتەدی و نەدەشتوانێت هەڕەشە لەكورد بكات، بۆیە كێشەكانی كورد زیاتر لەگەڵ عەرەبی سوننەدایە، سونەش ئەگەر كەسێكی وەك ئوسامە نوجێفی نوێنەرایەتی نەكات، كورد زیاتر بەرژەوەندییەكان لەگەڵ عەرەبی سوننەدا یەكدەگرێتەوە، چونكە ناوچە كێشە لەسەرەكان لەنێوان كورد و عەرەبی سونەدایە، ئەوانیش لەكەركوك و موسڵ و دیالە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com