"لە عێراق دۆڕاو هەموو شتێك بەدەست دێنێت"  

 

 

سڤیل: مەریوان عومەر

"دیموكراتیەتی عێراق ژمارەی پێوانەیی شكاند، 213 رۆژ دوای هەڵبژاردنەكــــان هێشتا حكومەتێكی تازە دانەمەزراوە"

رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لەژمارەی رۆژی چوارشەممەدا، لە سەروتارەكەیدا رەخنەی لەبارودۆخی سیاسی عێراق گرتوە. گاردیان نوسیویەتی "ئەوەی لەعێراقدا هەڵبژاردنەكانی دۆڕاندوە، هەموو شتێكی دەست دەكەوێت" وەك ئاماژەیەك بۆ سەرۆك وەزیرانی ماوەبەكۆتاهاتوو "نوری مالیكی"، دوای ئەوەی وەك پاڵێوراوی هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی دەستنیشانكرا و لەئێستاشدا نزیكترین پاڵێوراوە لەوەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران.

وتاركەی گاردیان لەژێر ناونیشانی "عێراق: دۆڕاو هەموو شتێك بەدەست دەهێنێت" باس لەوە دەكات، كە تا رادەیەكی زۆر مانەوەی مالیكی لەپۆستەكەیدا یەكلایی بۆتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پشتگیری سیاسی سەدرییەكان و چەند هێزێكی تری سیاسی نێو هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی بەدەست هێنا.

ماڵپەڕی BBC لەرۆژنامەكەی گواستۆتەوە، كە "نوری مالیكی بەشێوەیەكی زۆر سەرسەختانە دەستی بە دەسەڵاتەوە گرتوە"، دوای بەدەستهێنانی پشتگیری نەیارەكانی دوێنێشی "لە رەوتی سەدر" نزیكە لەوەی گرەوی خولی دووەمی سەرۆكایەتیش بباتەوە. رۆژنامەكە نوسیویشیەتی كە "دیموكراتیەت لەعێراقدا ژمارەی پێوانەیی شكاند، كاتێك دوای تێپەڕبوونی 213 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنە گشتیەكاندا هێشتا نەتوانراوە حكومەتێكی تازە دابمەزرێندرێت". رۆژنامەكە پێشی وایە "نەخشەی هەڵبژاردنی عێراق لەسەر بنەمای مەزهەبی دابەش بووە".

رۆژنامەكە ئاماژە بەو هاوپەیمانیەتیە دەكات، كە ئەیاد عەللاوی سەركردایەتی دەكات و هێزە سیاسیە سوننیەكان لەخۆدەگرێت و دەڵێ "ئەو سوننیانەی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كردوە دەپرسن كوا كاریگەری بەشداریكردنەكەیان؟"

دواتریش باس لەمەترسیەكانی دەستگەیشتنی رەوتی سەدر دەكات بەهەندێك لەوەزارەت و پۆستە گرنگەكان، كە بەهۆیەوە سەرچاوەی دارایی زیاتری بۆ پاڵپشتیكردنی چالاكیەكانی دەست بكەوێت. رۆژنامەكە پێشی وایە ئەو دانوستانانەی لەداهاتوودا لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە دەكرێت، لەژێر كاریگەری دوو هۆكاردا دەبێت، یەكەمیان مەترسی لەوەی مالیكی جارێكی تر لەرێگای دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە وەك دكتاتۆر رەفتار بكات، دووەمیان ترسی شیعەكانە لەوەی هەموو ئەو دەسكەوتانەی دوای رووخانی رژێمی سەدام لەرێگای پڕۆسەی سیاسیەوە بەدەستیان هێناوە، لەدەستی بدەن.

دوای دەستنیشانكردنی مالیكی وەك پاڵێوراوی هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی، لیستی ئەلعێراقیە داوای لەو هاوپەیمانیەتیە كرد پاشەكشێ لەدیاریكردنی مالیكیدا بكەن، لەبەرامبەر دەرچوون لەو قەیرانە سیاسیەی عێراق تێیكەوتووە. "عەدنان دەنبوس"ی سەركردەی لیستی ئەلعێراقیە لەوبارەوە دەڵێ "دەرچوون لەم قۆناغە بە پاشگەزبوونەوەی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی لەپاڵاوتنی مالیكی چارەسەر دەبێت. ئێمە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەكەین، بەڵام هەرگیز دان بەپاڵاوتنی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیراندا نانێین".

لەلایەكی ترەوە بەهۆی ئەوەی لیستەكەی عەللاوی هێزە سیاسیە سوننیەكان لەخۆدەگرێت و پشتگیری زۆری لەلایەن عەرەبە سوننەكانەوە لێدەكرێت، ئەمریكا ترسی لەوە هەیە دەرچوون لەو قەیرانە سیاسیە بە دانانەوەی مالیكی لەسەر حیسابی ئەو دەسكەوتە ئەمنیانە بێت، كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەدەست هاتوون، بەتایبەت بەهۆی پشتگیری رەوتی سەدر بۆ مالیكی و ئەگەری دەستگەیشتنی بە پۆستی باڵا لەحكومەتدا، كە ئەمە بۆ ئەمریكا زەنگی مەترسیە، بۆیە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە مالیكی و لیستەكەی ئەلعێراقیە بگەیەنێتە رێكەوتنێك، بەشێوەیەك مالیكی لەپۆستی سەرۆك وەزیراندا بمێنێتەوە و عەللاویش پۆستێكی باڵای پێبدرێت.

بۆ مالیكی ئاسان نەبوو بێ پاڵپشتی سەدریەكان ببێتە كاندیدی هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆیە لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پشتگیری سەدرییەكان رەنگە ناچار بێت دەسبەرداری بەشێك لەدەسەڵاتەكەی و پۆستە باڵاكانی حكومەتەكەی بێت بۆیان.

بەرپرسێكی باڵای ئیدارەكەی ئۆباما ئاشكرای كردوە، كە "جۆزیف بایدن"ی جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەم چەند رۆژەی دواییدا پەیوەندی بە سەركردە عێراقیەكانەوە كردوە و جەختی لەسەر پشتگیری ئەمریكا بۆ پرۆسەی سیاسی و حكومەتێكی گشتیگر كردۆتە، نەوەك تەنیا پاڵێوراوێك. سەرچاوەیەكیش لەنێو لیستی ئەلعێراقیەوە رایگەیاند، كە "موقتەدا سەدر"ی سەركردەی رەوتی سەدر لەپەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا داوای لەئەیاد عەللاوی كردوە پێشنیارەكەی جۆزیف بایدن بە بەشكردنی دەسەڵات لەگەڵ مالیكی پەسەند بكات.

لە كۆی 325 كورسی پەرلەمان، ئێستا مالیكی پاڵپشتی 132 دەنگی هەیە، بەڵام ئەو بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت پێویستی بە 32 دەنگی تر هەیە. مالیكی بەرێكەوتن لەگەڵ كورددا رێژەی پێویستی دەنگی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت، بەڵام كورد داوای هاوپەیمانیەتیەكی بەرفرەوانتر دەكەن، كە ئەلعێراقیەش لەخۆی بگرێت.

هەرچەندە مالیكی پلیتی پاڵێوراوی هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی بردەوە، كە هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و ئیئتیلافی نیشتمانی لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و چەند لایەنێكی تری نێو ئیئتیلافی نیشتمانی بەپاڵاوتنی مالیكی رازی نین و هەموو هەوڵێكیان رێگرتنە لەوەی جارێكی تر مالیكی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە. سەردانەكەی ئەم دواییەی عەممار حەكیمی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیش بۆ سوریا هەر لەو پێناوە دایە. لەبارەی سەردانەكەی عەممار حەكیم و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەددا، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەدانوستانەكان ئاشكرای كرد، كە حەكیم چووە پرسیار لە هۆكاری گۆڕانی هەڵوێستی سوریا بكات، لە پشتگیریكردن لە پاڵێوراوەكەی ئەنجومەنی باڵا "عادل عەبدولمەهدی"وە بۆ "نوری مالیكی".

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com