خەریــكە بەڕەكە لــــەژێر پێی مالیكی دەردەهێنرێت... عێراق.. پێشبڕێكی بێكۆتایی هاوپەیمـانیەتیەكان لەپێناو حكومەتێكی تازەدا  

 

سڤیل: مەریوان عومەر



هەوڵی سیستانی بۆ كۆكردنەوەی لایەنە سیاسیەكان
مشتومڕی نەبڕاوە و هاوپەیمانیەتی بێ ئەنجام و سەردانی بەردەوامی لایەنە سیاسیەكان بۆ وڵاتانی دەرەوە، بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق، جارێكی تر سیستانی هێنایەوە دەنگ. سەرچاوەیەكی نزیك لەمەرجەعیەتی ئاینی لەنەجەف ئاشكرای كرد، گەورە مەرجەعی شیعی "عەلی سیستانی" داوای لەو كوتلە و لایەنە سیاسیانەی لەململانێدان بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی عێراق، كردوە كۆبوونەوەیەكی خێرا لەهەولێر یا بەغدا ببەستن، بۆ دانوستان و سازشكردنی لایەنەكان لەپێناو چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی پێكهێنانی حكومەت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەسەردانەكەی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق "ئاد ملكیرت" بۆ لای "سیستانی" داوە، كە ناوبراو لەمیانەی كۆبوونەوەكەیاندا نیگەرانی خۆی بەسیستانی گەیاندوە، لەبەرامبەر سەردانەكانی نوری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا بۆ وڵاتانی دراوسێ و خراپ بەكارهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری وڵاتانی دراوسێ. لەكۆبوونەوەكەی لەگەڵ سیستانیدا، ملكیرت داوای لێكردوە كارێك بكات بۆ كۆكردنەوەی هێزە سیاسیەكان و گەیشتنیان بەرێكەوتنێك لەبارەی پێكهێنانی حكومەت. سیستانی پشتگیری داواكەی ملكیرتی كردوە، بەڵام پێشی وتوە كە ئەو مافی دەستێوەردان و فشارخستنە سەر لایەنە سیاسیەكانی نیە، تەنیا دەتوانێت ئامۆژگاریان بكات.
ئەلعێراقیە دەیەوێ بەڕەكە لەژێر پێی مالیكی دەربێنێت
نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و مەرجەعیەتە ئاینیەكانی نەجەف لەكاتی ئێستادا عادل عەبدولمەهدی سەركردەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو لەمالیكی بەباشتر دەبینن. سەدریەكانیش هەرچەندە دواین جار لەژێر فشاری ئێراندا پشتگیریان لەمالیكی كرد وەك پاڵێوراوی هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی، بەڵام خەریكە ئەو ماوەیەی لەبەردەم مالیكدا دایانناوە، تا بتوانێت تێیدا حكومەتێكی نیشتمانی پێك بهێنێت، بەسەردەچێت، زۆر لەچاودێریانش پێیان وایە رەنگە لەدواین چركەساتدا سەدریەكان پشتیگری لەكاندیكردنی عەبدولمەهدی بكەن، وەك "بەها ئەعرەجی" پەرلەمانتاری رەوتی سەدر دەڵێت "رەوتی سەدر بەرووی عەبدولمەهدیدا ناوەستێت، كاتێك لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەتیەكی فراوانتر لەهاوپەیمانیەتی نیشتیمانیدا كاندید بكرێت".
لەلایەكی تریشەوە لیستی ئەلعێراقیە بەپاڵپشتیكردن لەعەبدولمەهدی دەیەوێت رێگری لەپێكهێنانی حكومەت لەلایەن مالیكیەوە بكات، كاتێك رایانگەیاند، كە ئەوان عەبدولمەهدیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید كردوە، ئەمەش وەك كاردانەوەیەكی خێرا بەر لەسەردانەكەی مالیكی بۆ ئێران. زافر ئەلعانی پەرلەمانتاری سەر بەلیستەكە دەڵێت "ئێمە هەژموون و دەسەڵاتی ئێران بەسەر ئیرادەی نشتیمانی عێراقیدا رەت دەكەینەوە". لەبارەی سەردانەكەی مالیكیش بۆ تاران وتی "ئەمە هەوڵی ئێرانیەكانە بۆ ناچاركردنی ئەنجومەنی باڵا بەسەركردایەتی عەممار حەكیم، تا واز لە كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی بێنن و هاوپەیمانیەتیش لەگەڵ لیستی ئەلعێراقیەدا نەكەن".
ئەگەری نزیكی هاوپەیمانیەتی عەللاوی و حەكیم و كورد
چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەدانوستان و گفتوگۆكان ئاشكرایان كردوە، كە عەللاوی و حەكیم گەیشتونەتە رێكەوتنێك لەبارەی هاوپەیمانیەتیەكی تازە، بەڵام بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران نەكەونە هەڵوێستێكی ناخۆشەوە، تائێستا ئاشكرایان نەكردوە. سەرچاوەكە باس لەوە دەكات "مالیكی پەیامێكی بۆ ئێران پێبوو، كە هەموو لایەنە شیعەكان پشتگیری لێدەكەن، تەنیا ئەنجومەنی باڵا نەبێت، كە دەیەوێت هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئەلعێراقیەدا بكات، بەڵام ئەم دوو لایەنە بۆ ئەوەی نەكەونە هەڵوێستێكی ناخۆش لەگەڵ ئێران، راگەیاندنی ئەو هاوپەیمانیەتیەیان دواخستووە". بەپێی زانیاریەكانی ئەو سەرچاوەیە، موقتەدا سەدر لەشاری قومدا چاوی بەمالیكی كەوتووە و پێی راگەیاندوە، كە بەشداریكردنی ئەلعێراقیە و ئەنجومەنی باڵا و كوردەكانی لەو حكومەتەی مالیكیدا زۆر بەلاوە گرنگە و پشتگیری لەحكومەتێكی بێ ئەو لایەنانە ناكات.
لەبارەی سەردانەكەی مالیكیش "محەمەد بەیاتی" پەرلەمانتاری ئەنجومەنی باڵا دەڵێت "سەردانەكانی مالیكی بۆ دەرەوە هیچ بەهایەكی یاسایی و دەستووریان نیە، تەنیا بۆ قوڵتركردنەوەی قەیرانە ناوخۆكانی عێراقە، لەجیات گەڕان بەدوای چارەسەر بۆی، عێراقیەكان پێویستیان بەچارەسەری ناوخۆ هەیە".
"هانی عاشور"ی راوێژكاری لیستی ئەلعێراقیەش لەبارەی هاوپەیمانیەتیەكی لەم شێوەیە جەختی لەسەر ئەوە كردوە، كە ئەمریكیەكان گرنگی بە لەیەكتر نزیككرنەوەی لیستی ئەلعێراقیە و ئەنجومەنی باڵا و حزبی فەزیڵە دەدەن. وتیشی "ئاشكرایە هاوپەیمانیەتیەك لەنێوان ئەلعێراقیە و ئەنجومەنی باڵا و حزبی فەزیڵە و ئەگەری بەشداریكردنی هاوپەیمانیەتی كوردستانیش بۆ ئەمریكیەكان مایەی دڵنیایی زیاترە".
سەبارەت بەداواكارییەكانی لایەنی كوردیش لەدانوستانەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی تازە و حكومەتی ئایندە، "ئینتیسار عەللاوی" ئەندامی لیستی ئەلعێراقیە رایگەیاندوە "كە كۆبوونەوەیەكی بەفرەوان لەنێوان ئەلعێراقیە و كوتلەی كوردستانیدا ئەنجام دراوە، تێیدا ئەلعێراقیە رەزامەندی خۆی بەرامبەر بەتەواوی داواكارییەكانی كورد دەربڕیوە".
حكومەت لەماوەی جەژنی قورباندا پێكدێت
چەند ئەندامێكی سەر بەكوتلە سیاسیە جیاوازەكان بەدووری دەزانن هەڵبژاردنی پەرلەمان دووبارە بكرێتەوە، یا حكومەتی حاڵەتی نائاسایی پێك بهێنرێت، بەڵكو پێیان وایە گفتوگۆ و رێكەوتنەكان لەماوەی جەژنی قورباندا بەرهەمیان دەبێت و حكومەت پێك دەهێنرێت. پەرلەمانتارێكی سەر بەئیئتیلافی نیشتیمانی پێی وایە گەر هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی یا لایەنەكانی تر سازش لەهەندێ شتدا بكەن، رەنگە لەماوەی مانگی داهاتوودا حكومەت پێك بهێنرێت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com