|
سڤیل:
مەریوان عومەر
سێ شەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراقی متمانەی
بەخشیە كابینە تازەكەی مالیكی و 266 ئەندامی
ئامادەبوو بەتێكڕا دەنگیان دا بە
دەستنیشانكردنی نوری مالیكی وەك سەرۆك
وەزیرانی تازە و وەزیری بەوەكالەتی
وەزارەتەكانی "ناوخۆ" و "بەرگری" و "ئاسایشی
نیشتیمانی"، و هەرسێ جێگرەكەی، دكتۆر رۆژ نوری
شاوەیس (وەزیری بازرگانی بەوەكالەت) و حوسێن
شەهرستانی (وەزیری كارەبا و وزە بە وەكالەت) و
ساڵح موتڵەگ.
ئەوەی تێبینی دەكرێت لە كابینەكەی مالیكی،
نەبوونی كەسانی تەكنۆكراتە تێیدا، چونكە
زۆرینەی وەزیرەكان سەركردەی حیزبە سیاسیەكانی
هاوبەشی حكومەتن، هەروەك نەبوونی ئافرەتیش
لەنێوانیاندا كاردانەوەی توندی لەلایەن
ئەندامە ئافرەتەكانی پەرلەمانەوە لێكەوتەوە،
هەرچەندە مالیكی بەڵێنی دا چەند ئافرەتێكیش
بخاتە كابینەكەیەوە.
پەرلەمانتارە ئافرەتە عێراقیەكان كە ژمارەیان
82 ئافرەتە، ناڕەزاییان بەرامبەر بە خاڵیبوونی
كابینەكەی مالیكی لە ئافرەت دەربڕی، تەنانەت
"وەزارەتی كاروباری ئافرەتان"یش بە وەزیرێكی
پیاو "هۆشیار زێباری" سپێردراوە. لە
كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا خانمە پەرلەمانتار
"سەفیە سوهێل" وتی "پەرلەمانتارە ئافرەتەكان
دەنگ بە كابینەكەی مالیكی نادەن، چونكە هیچ
وەزارەتێك تێیدا بە ئافرەت نەدراوە، عەیبەیە
كە رۆڵی ئافرەت لە پڕۆسەی سیاسیدا وا پاشەكشەی
كردبێت". خانمە پەرلەمانتار "نەدا جبوری"
بەهەمان شێوە رایگەیاند، كە دەسبەرداری
مافەكانیان نابن و بەردەوام دەبن لەسەر
پێداگیریی و داواكاریەكانیان، ئەو پێكهاتەیەی
حكومەتەكەی مالیكیشی بە "پاشەكشەیەكی گەورە لە
دیموكراتیەت" وەسف كرد.
كابینەكەی مالیكی لە رەخنەی توند تەنانەت لە
لایەن حزب و لایەنە بەشدارەكانی حكومەتیشەوە
رزگاری نەبوو، لە وەسفكردنی بە لاواز و خاڵی
لە كەسانی تەكنۆكرات و نەبوونی ئافرەت تێیدا و
..تادوایی. "یوسف ئەحمەد" پەرلەمانتاری سەر بە
هاوپەیمانیەتی كوردستان دەڵێ "هەرچەندە
كابینەكەی مالیكی حكومەتێكی هاوبەشی نیشتیمانی
و بەرفرەوانە، بەڵام بەدوای كەسانی لێهاتوودا
نەگەڕاوە، كە پۆستە وەزاریەكانیان پێ بسپێرێت،
بۆیە ئەدای حكومەتەكەی لەرووی پێشكەشكردنی
خزمەتگوزارییەوە لاواز دەبێت". یوسف ئەحمەد
لێدوانەكەی مالیكی كە وتبووی "هەموو كوتلەكان
دەیانەوێت لە حكومەتدا بەشداربن، دەبێ بەدوای
پۆست و وەزارەتدا بگەڕێین بۆیان" بە
"كارەساتێكی ترسناك" وەسف دەكات.
لەبارەی نەبوونی كەسانی تەكنۆكرات لە
كابینەكەدا، دكتۆر مەحمود عوسمان پەرلەمانتاری
سەر بە لیستی هاوپەیمانیەتی كوردستان وتی "ئەو
حكومەتە رێكەوتنی نێوان كوتلە سیاسیەكانە،
مالیكی لە سیڤی وەزیرەكانی كابینەكەی ورد
نەبۆتەوە، هەروەك سیڤیەكانیان بە
پەرلەمانتارانیش نەدراوە، تا بۆكاتی دەنگدان
بیانناسن، بەڵكو هەر لەگەڵ راگەیاندنی
ناوەكانیان هەموویان دەستیان بەرزكردۆتەوە و
دەنگیان بۆ داون، چونكە حكومەتەكە حكومەتی
رێكەوتنی نێوان كوتلە و لایەنە سیاسیەكانە،
ئەمەش شتێكی نامۆیە و لە وڵاتاندا ئەمە
روونادات،. هەمیشە لە حكومەتی پشداری تایەفی و
مەزهەبی وادا گەندەڵی ئیداری زیاتر دەبێت".
"حەسەن عەلەوی" سەركردەی لیستی ئەلعێراقیە
رەخنەی توندی لە كابینەكەی مالیكی گرت و وتی
"حكومەتێكی بەهێز نیە و ناتوانێت ماوەیەكی
درێژ بەردەوام بێت". عەلەوی رەخنەی لە
دەستنیشانكردنی وەزیرەكان لەنێو كوتلەكاندا
لەسەر بنەمای خزمایەتی و نزیكیەتی گرت و پێی
وابوو ئەم حاڵەتە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتیمانی
دەكات. وتیشی كە بەنیازە سەرۆكایەتی
ئۆپۆزسیۆنی نێو پەرلەمان بكات. عەلەوی لە
كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند "من یەكێكم
لە دامەزرێنەرانی لیستی ئەلعێراقیە، كەچی لە
دیاریكردنی وەزیرەكان لە نێو لیستەكەدا راوێژم
پێنەكراوە. ئەیاد عەللاوی سەرۆكی لیستی
ئەلعێراقیە ئامۆزاكەی خۆی بۆ وەزارەتی گەیاندن
دیاری كردوە و هەردوو پارێزگای نەجەف و
كەربەلای بێ نوێنەر لە پەرلەماندا هێشتۆتەوە،
ئەمەش سوكایەتیكردنە بە دەسەڵات، چونكە محەمەد
عەللاوی بۆ ئەو پۆستە دەست نادات".
لە نێو كابینەكە تازەكەی مالیكیدا "سەعدون
دلێمی" پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری پێدراوە، لە
كاتێكدا دلێمی پێشووتر پۆستێكی سەربازی هەبووە
و بە پلەی عەقید لە هەواڵگری سەربازی سەردەمی
رژێمی سەدام حوسێندا كاری كردوە. لە حكومەتی
پێشوودا پۆستی وەزیری بەرگری پێ سپێردرابوو،
بەو بیانوەی كە ئەزموونی لەبواری كاری ئەمنیدا
هەیە. بەڵام رەنگە دلێمی بەهۆی هەڵوێستەكانی
بەرامبەر بە ئێران كاتێك وەزیری بەرگری بووە،
ئەو پۆستەی ئێستای لە حكومەتە تازەكەی
مالیكیدا پێدرابێت، كاتێك لە سەردانەكەیدا بۆ
تاران بەهۆی جەنگی نێوان عێراق و ئێرانەوە
پۆزشی بۆ ئێران هێنایەوە، ئەوكاتیش ئەم
هەڵوێستەی ناڕەزایی و كاردانەوەی توندی لە
هەندێك لایەنی عێراقیەوە لێكەوتەوە، بۆیە
دەگوترێت لە پاداشتی ئەم هەڵوێستەی پێشووتریدا
ئەم پۆستەی لە كابینە تازەكەی مالیكیدا
پێدراوە.
|