"موقتەدا سەدر مۆتەكە ترسناكەكەی ئەمریكا لە عێراقدا"  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

گۆڤاری "تایمز"ی ئەمریكی موقتەدا سەدری سەركردەی رەوتی سەدری شیعەمەزهەبی عێراقی بە "ترسناكترین مۆتەكەی واشنتۆن لەعێراقدا" وەسف كردوە، لەمیانەی دۆسیەیەكدا كە تایبەتی كردوە بەئەگەری نزیكی گەڕانەوەی سەدر بۆ عێراق، كە زیاتر لەدوو ساڵە لەبەر هەندێك هۆكاری سیاسی و یاسایی و بۆ مەبەستی تەواوكردنی خوێندن لەحەوزە ئاینیەكانی شاری "قوم"ی ئێراندا، عێراقی جێهێشتووە.
لەراپۆرتێكی گۆڤارەكەدا كە "شارڵز ماكدریمید" و "نزار لەتیف" لەژێر ناونیشانی "ئامادەكاری بۆ گەڕانەوەی موقتەدا سەد" ئامادەیان كردوە، تێیدا هاتووە "پیاوی ئاینی شیعە مەزهەب (موقتەدا سەدر) رەنگە هەرە ترسناكترین دێوەزمە بێت بۆ واشنتۆن لەعێراقدا". راپۆرتەكە روونیشی كردۆتەوە كە "سەدر سەرۆكایەتی بزووتنەوەیەكی یاخیبوو دژ بەهێزە ئەمریكیەكانی كردوە و خاوەن پێگەیەكی جەماوەرییە لەنێو شیعەكانی عێراقدا و لەرێگای پڕۆسەی دیموكراتیەوە توانی بەهێزەوە بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی".
گۆڤارەكە باسی لەوە كردوە لەگەڵ غیابی موقتەدا كە ماوەی دوو ساڵە لەعێراق نیە، بەڵام هەمیشە لەبەغدادا هەست بەئامادەییەكی بەهێزی ئەو پیاوە دەكرێت، پاشان نمونە بەوە دەهێنێتەوە، كە نوری مالیكی چەند پۆستێكی وەزاری داوەتە كەسانی نزیك لەرەوتی سەدر، بۆ رازیكردنی سەدر و دانەوەی ئەو قەرزەی سەدر بەسەریەوەیەتی، لەوكاتەوەی لەژێر فشاری ئێراندا پشتگیری لە مالیكی كرد، لەدژی نەیارە سەرەكیەكەی "ئەیاد عەللاوی" سەرۆكی لیستی ئەلعێراقیە.
گۆڤارەكە نوسیویەتی "ژمارەی بەندكراوانی سەر بەرەوتی سەدر لەزیندانەكانی عێراقدا لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا لە 3 هەزار كەسەوە دابەزیوە بۆ 1500 كەس، بەڵام پاداشتی گەورەی مالیكی بۆ سەدر هەر ئەمە نیە، بەڵكو تەرخانكردنی چەند پۆستێكی وەزاری جۆراوجۆریشە بۆ رەوتی سەدر". پاشانیش باس لەوە دەكات، كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەجدی بیری لەنزیكبوونەوە و هاریكاریكردن لەگەڵ رەوتی سەدر كردۆتەوە، بەڵام تائێستا سەدریەكان رەتیان كردۆتەوە چاویان بەهیچ بەرپرسێكی ئەمریكی بكەوێت.
لەم دواییانەدا ئەندامانی سەر بە سوپای مەهدی باڵی سەربازی رەوتی سەدر لەعێراقدا دەستیان بەچالاكی و جمجۆڵ كردۆتەوە، كە ئەمەش ترس و نیگەرانی لای ئەمریكییەكان بەپلە یەك و لای حكومەتی عێراقیش دروست كردوە. لەناوچەی "نەعیریە" و "گەیارە"ی باشووری بەغدا بەبەر چاوی خەڵكەوە هاووڵاتیەكی عێراقیان بەناوی "موهەنەد ئەلعیقابی" تیرۆر كرد. گەواهیدەران و خەڵكانی نزیك لەرووداوەكە بینیویانە، كە یەكێك لەئەنجامدەرانی تیرۆركردنەكە "ئەنوەر معلە"ی سەركردەی سوپای مەهدی بووە، ئەو پیاوەی تۆمەتبار بووە بەكوشتن و كۆچپێكردنی زۆرەملێی خەڵكانی مەدەنی و زیندانی كرابوو، بەڵام بەفەرمانی مالیكی لەم ماوانەی دواییدا ئازاد كرا، بەپێی ئەو رێكەوتنەی لەنێوان رەوتی سەدر و مالیكیدا هەبووە بۆ ئازادكردنی زیندانیانی رەوتەكە. دوای رووداوەكەش، لەگەڵ گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس، چەكدارەكانی سوپای مەهدی هەڕەشەی كوشتنیان لەكەسوكاری كوژراوەكە كردوە، گەر هیچ سكاڵایەك تۆمار بكەن. ئەمەش تاكە رووداو نیە، بەڵكو لەم ماوانەی دواییدا چەندین كردەی دیكەی لەم شێوەیەیان ئەنجام داوە.
موقتەدا سەدر سەركردەی ئاینی و سیاسی رەوتی سەدرە، خاوەن پێگەیەكی جەماوەری بەرفرەوانە لەنێو شیعەكانی عێراقدا، هەوادارانی بەپێنج ملیۆن كەس لەباشووری شاری بەغدا (شاری سەدر) و باشووری عێراق دەخەمڵێندرێن. لەدایكبووی ساڵی 1973یە و كوڕی زانا و مەرجەعی ئاینی شیعەمەزهەبی كۆچكردوو "ئایەتوڵڵا محەمەد سادق ئەلسەدر"ە، كە دەزگای هەواڵگری عێراقی لەساڵی 1999 تیرۆریان كرد، دوای ئەوەی لەشاری نەجەف سەركردایەتی ناڕەزایەتیەكی ئاشتیانەی ئاینی دژ بەرژێمی سەدام كرد.
ماوەی دوو ساڵ زیاترە موقتەدا سەدر لەئێران نیشتەجێیە، بەمەبەستی تەواوكردنی خوێندنە ئاینیەكەی و گەیشتنی بەپلەی ئیجتیهاد و فەتوا لەفقهی شیعی ئیسلامیدا. بەڵام پێناچێت بتوانێت بەو ئاست و پلەیە بگات، كە پلەی "ئایەتوڵڵا عوزما"یە، ئەم پلەیە پیاوی ئاینی دوای بەسەربردنی ساڵانێكی زۆر لەخوێندنی ئاینیدا پێی دەگەن، چونكە پلە ئاینیەكە پەیوەستە بەسروشتی ئاڵۆزی خوێندنی حەوزە ئاینیەكانەوە.
موقتەدا سەدر و لایەنگرەكانی بەكوشتنی "عەبدولمەجید ئەلخوئی" سەرۆكی دامەزراوەی خێرخوازی خوئی لە لەندەن و كوڕی گەورە مەرجەعی ئاینی "ئەبولقاسم ئەلخوئی" تۆمەتبار كراون، كاتێك لەنیسانی ساڵی 2003دا لەنێو مەزارگەی ئیمام عەلیدا لەنەجەف تیرۆر كرا. دوای ئەمە دادگای عێراقی فەرمانی دەسگیركردنی بۆ سەدر دەركرد، بەڵام لەگەڵ هەوڵ و كۆششی بەردەوامی راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق "موەفەق روبەیعی" بەجوڵاندنی ئەو داوا یاساییە لەساڵی 2008 لەكاتی دەرچوونی سەدر لەعێراق و سەرەتای هەڵوەشانەوەی سوپای مەهدی باڵی سەربازی رەوتی سەدر لەژمارەیەك لەپارێزگاكانی عێراق بەتایبەت بەسرە، كەچی تائێستا ئەو فەرمانی دەسگیركردنە جێبەجێ نەكراوە.
لە 14ی حوزەیرانی 2004یشدا سوپای مەهدی سەر بەرەوتی سەدر جەنگێكی خوێناویان لەگەڵ هێزە ئەمریكیەكان لەشاری نەجەف و نزیك گۆڕستانی شارەكە هەڵگیرساند، ئەوكاتەی ئەمریكیەكان هەوڵی دەسگیركردنی موقتەدایان دا هەر بەتۆمەتی كوشتنی عەبدولمەجید خوئی، ئەوكات سەدر بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی كرد، بەڵام لەپەرلەماندا نوێنەری هەبوو.
لەكاتی ئێستاشدا رەوتی سەدر خاوەن 41 كورسیە لەپەرلەمانی عێراقدا، زیاتر لەژمارەی كورسیەكانی حیزبی دەعوە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، هەر ئەمیش ململانێی نێو هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی شیعەكانی بۆ بەرژەوەندی مالیكی یەكلا كردەوە، كاتێك مالیكی وەك پاڵێوراوی ئیئتیلافی نیشتیمانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشان كرا.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com