داوای لێپرسینەوە لە تاڵەبانی لەلایەن پەرلەمانەوە دەكرێت.. ناوبردنی كەركوك بە
قودسی كوردستان لەلایەن تاڵەبانیەوە عەرەب و توركمانەكان توڕە دەكات
 

 

سڤیل: مەریوان عومەر



وتەبێژی بەرەی توركمانی لەبارەی لێدوانەكەی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق، لەوتارەكەیدا بۆ جەماوەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە سلێمانی، لەیادی 20 ساڵەی راپەڕینی شاری سلێمانیدا، رایگەیاند، كە تاڵەبانی بۆ هێوركردنەوەی شەقامی وروژاوی كوردی لەشاری سلێمانی، كە خۆنیشاندانی بەردەوام بۆ داوكاری چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی لە كوردستان بەخۆیەوە دەبینێت، بابەتی كەركوكی بۆ بەدەستهێنانی عەتف و سۆزی خەڵك بەكارهێناوە. ئەو سەرچاوەیەی بەرەی توركمانی زایاتر دەڵێ "تاڵەبانی یاری لەسەر وەتەری كەركوك كردوە، بۆ بەدەستهێنانی سۆزی ئەو خەڵكەی لەپێناو وەهمێك كە بۆ خەڵەتاندنیان دروست كراوە، بێدەنگ نابن، ئەویش وەهمی گەڕانەوەی كەركوكە بۆ باوەشی هەرێمی كوردستان. تاڵەبانی لەبیری كردبوو كە سەرۆك كۆماری عێراقە، كە سوێندی لەسەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق خواردوە، كە سەرۆكی هەموو عێراقیەكان بێت بێ جیاوازی، بەڵام ئەو لە وتەكەیدا كەركوكی وەك "قودسی كوردستان" ناوبردوە، وتوشیەتی نابێ بیرمان بچێت، هەندێك ناوچە هەن هێشتا نەگەڕاونەتەوە باوەشی هەرێمی كوردستان، وەك كەركوكی قودسی كوردستان، بۆیە پێویستمان بە تێكۆشانی هاوبەش هەیە".
ئەو سەرچاوەیەی بەرەی توركمانی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، كە تاڵەبانی بانگ بكەنە پەرلەمان، تا بۆ ئەندامانی پەرلەمان روون بكاتەوە "كەركوك قودسی كوردستانە"مانای چیە.
لە لایەكی ترەوە "محەمەد مەهدی بەیاتی" سەركردەی بەرەی توركمانی هەر لەبارەی لێدوانەكەی تاڵەبانی بۆ "سۆمەریە نیوز" وتی "ناوبردنی كەركوك بە قودسی كوردستان شتێكی تازە نیە، چونكە پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەركوكی بە دڵی كوردستان وەسف كردووە". بەیاتی زیاتر دەڵێ "بەهۆی ئەوەی كەركوك پارێزگایەكی نەوتیە، كێشەی زۆر لەنێوان پێكهاتەكانیدا هەیە. لێدوانەكەی تاڵەبانیش لەم كاتەدا، بۆ خۆدزینەوەیە لەكێشەكانی ناوخۆی كوردستان بەبیانوی كەركوك". لەبارەی مادەی 140 و ئایندەی ئەو شارەشەوە دەڵێ "مادە دەستوریە تایبەتەكان بەكێشە و چارەنوسی پارێزگای كەركوك لەكار كەوتوون، وەسفكردنی كەركوكیش بە قودسی كوردستان لەلایەن تاڵەبانیەوە، ناردنە دەرەوەی كێشەكانی ناوخۆی كوردستان و خۆنیشاندانەكانی ئەم دواییەی شاری سلێمانیە".
لەلایەن خۆیانەوە گردبوونەوەی كۆماری عێراقی عەرەبی داوایان لەسەرۆك تاڵەبانی كرد، كە لەو لێدوانەی خۆی پاشگەز بێتەوە، كە لەسلێمانیدا و لەبەردەم جەماوەری حزبەكەیدا كەركوكی وەك "قودسی كوردستان" وەسف كردبوو. ئەمینداریەتی گشتی گردبوونەوەی كۆماری لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، كە كەركوك شارێكی عێراقیە و بەشی هەموو عێراقیەكانیشی تێدایە، عێراقێكی بچووكراوەیە بەهەموو پێكهاتەكانیەوە لەعەرەب و توركمان و كورد و كلدوئاشوور و سائبە و ئێزیدی.
گردبوونەوەی كۆماری لە بەیاننامەكەیاندا زیاتر دەڵێن "سەرۆك كۆمار رەمزێكی نیشتیمانیە و نوێنەری هەموو عێراقیەكانە، پێگە فەرمیەكەی رێگای پێنادات كە لایەنگری و تەعەسوبی بۆ نەتەوەكەی هەبێت، بەتایبەت كە جەلال تاڵەبانی بە لێهاتووی لە سیاسەتكردن و ئەزموونی دوور و درێژی ناسراوە، لە پێناو عیراقێكی دیموكراتی و سەقامگیر، كە خەڵكەكەی لەخێر و خۆشیدا بژین و لە سەرچاوە و داهاتی وڵاتەكەیان سوودمەند بن، بێ جیاوازی و جیاكاری لە نێوانیان".
گردبوونەوەی كۆماری داوا دەكات تاڵەبانی لەو لێدوانەی پاشگەز بێتەوە، جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە كەركوك بەتەنیا موڵكی هیچ لایەنێك نیە، بەڵكو موڵكی عێراقیەكانە لە باكوورەوە تا باشوور، پێویستیشە تاڵەبانی نوێنەری هەموو عێراقیەكان بێت، تا لەهەڵبژاردنی پاشگەز نەبنەوە.
لەلایەكی ترەوە لیستی ئەلعێراقیە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی، داوای لە سیاسیە عێراقیەكان كرد، كە بە میانڕەویی و هێمنیەوە لێدوان لەبارەی دۆزی پارێزگای كەركوك و دۆخی تەوافوقی نێوان پێكهاتەكانی عێراق بدەن، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كۆتاییهێنان بەو قەیرانە. پەرلەمانتار "زوهێر" سەر بە لیستی ئەلعێراقیەش رایگەیاند، كە هەردوو پارێزگای كەركوك و موسڵ موڵكی هەموو لایەكن، وتیشی "ئێمە دژی دەستەواژەی (ناوچە كێشەدارەكان)ین، چونكە ئێمە هەموومان لەنێو عێراقداین، لەگەڵ وڵاتێكی دراوسێ لەكێشەدا نین".
تاڵەبانی لە وتەكەیدا لە سلێمانی، لەبەردەم جەماوەری یەكێتی، لەیادی 20 ساڵەی راپەڕینی شارەكەدا كەركوكی وەك "قودسی كوردستان" وەسف كرد و داوای كرد رێكەوتنی ستراتیجی نێوان لایەنە كوردیەكان چالاكتر بكرێت، بۆ گێڕانەوەی كەركوك بۆ هەرێمی كوردستان. تاڵەبانی وتیشی "پێویستە لەبیرمان نەچێت كە هێشتا چەند ناوچەیەك هەن نەگەڕاونەتەوە باوەشی هەرێم، وەك كەركوكی قودسی كوردستان، ئێمە پێویستمان بەخەباتی هاوبەش هەیە، كورد لە كەركوك پێویستی بە رێكەوتنێكی ستراتیجی لە نێوان خۆیدا هەیە".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com