مالیكی و مەیلی پاوانخوازی دەسەڵات  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

نیویۆرك تایمز: مالیكی تینوی دەسەڵاتە و تەواوی دەسەڵاتەكانی بۆخۆی قۆرخ كردوە



رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی نوسیویەتی نوری مالیكی شوێنی خۆی لەدەسەڵاتدا تۆكمەتر و قایمتر دەكات و لەڕێگای ژمارەیەك رێوشوێنی جیاوازەوە دەسەڵاتی خۆی بەهێزتر دەكات، لەنێوانیاندا هێشتنەوەی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بەبێ وەزیر لەدەستی خۆیدا، هەروەها سەركردایەتیكردنی راستەوخۆی سوپا و هێزەكانی پۆلیس، ئەمە جگە لە پەیوەستكردنەوەی تەواوی ئەو دەستە سەربەخۆیانەی لەدەستووری عێراقیدا ناویان هاتووە بەئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەبڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراقی، لەكاتێكدا بەپێی دەستوور زۆر لەم دەستە سەربەخۆیانە پەیوەستن بەپەرلەمانەوە.
نیویۆرك تایمزی باس لەوە دەكات، كە ئەیاد عەللاوی بەجدی كارناكات و كاتی پێویست لەناوخۆی عێراقدا بەسەرنابات، لەپێناو چارەسەری ئاستەنگەكان و جێبەجێكردنی خاڵبەخاڵی رێكەوتنی نێوان لایەنە سیاسیە عێراقیەكان لەهەولێر.
دەشڵێت، كە مالیكیش وانەیەكی پڕ هەڵەی لەشۆڕش و راپەڕینەكانی جیهانی عەرەبی وەرگرتووە، كاتێك هەزاران عێراقی بۆ گوزارشتكردن لەتوڕەیی و بێزارییان لەفەشەلی حكومەتەكەی مالیكی و دژایەتیكردنی گەندەڵی و داخوازی دابینكردنی دەرفەتی كار چاكردنی كارەبا و خزمەتگوزاری رژانە سەر شەقامەكان، هێزە ئەمنیەكانی رووبەڕوویان بوونەوە و دەیان كەس كوژران. مالیكی لەجیاتی داننان بە بەرپرسیاریەتیەكەی، پێی وایە ئەم خۆنیشاندانە لەلایەن تیرۆریستان و لایەنی سیاسی ترەوە لەدژیدا رێكخراوە.
نیویۆرك تایمز دەڵێ تاكە تەنازول مالیكی تائێستا پێشكەشی كردبێت، بەڵێندانی بووە بە خۆنەپاڵاوتنەوەی بۆ خولی سێیەمی سەرۆكایەتی لەساڵی 2014 و هەروەها دەسبەرداربوونی نیوەی موچەكەی. بەڵام ئەمە بەس نیە و خەڵك رازی ناكات، بەتایبەت كە لەم ماوانەی دواییدا تۆكمەتر دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە.
سەبارەت بەو رێكەوتنە سیاسیەی لەهەولێر لەژێر چاودێری و بە دەسپێشخەری مەسعود بارزانی لەنێوان لایەنە سیاسیە عێراقیەكاندا ئەنجام درا، رۆژنامەكە نوسیویەتی، دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراقدا و سێ مانگ بەسەر ئەو رێكەوتنە سیاسیەدا، كەچی هێشتا مالیكی پۆستە بەتاڵەكانی نێو كابینەكەشی پڕنەكردۆتەوە. هیچ كەسێكی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری و ناوخۆ دەستنیشان نەكردوە، لەجیاتی ئەوە، ئێستا خۆی بەشێوەیەكی شەخسی سەرپەرشتی سوپا و هێزەكانی پۆلیس دەكات، ئەمەش كاریگەری وێرانكاری لەسەر ئەزموونی تازە و شلوشۆقی دیموكراسی لەعێراقدا دەبێت. ئێستا مالیكی پێویستی زۆری بەدیاریكردنی خەڵكێكی لێهاتوو هەیە، بۆ بەڕێوەبردنی هەردوو دامەزراوەی سوپا و هێزەكانی ناوخۆ، وازیشیان لێبێنێت بەشێوازێكی دادپەروەرانە و بێلایەنانە كاری خۆیان بكەن.
هەر لەبارەی مەیلی پاوانخوازی دەسەڵات لەلایەن مالیكیەوە ئەو رۆژنامە ئەمریكیە دەڵێ، تینویەتی مالیكی بۆ دەسەڵات لەو ئاستەدا ناوەستێت، بەڵكو لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەسەر داوای نوسینگەكەی مالیكی، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق تەواوی دەستە سەربەخۆكانی بەئەنجومەنی وەزیرانەوە گرێدا. بەر لەشەش مانگیش هەمان دادگا حوكمیدا، كە تەنیا سەرۆك وەزیران یا ئەنجومەنی وەزیران بۆیان هەیە پڕۆژە یاسا پێشكەش بكەن، نەوەك ئەندامانی پەرلەمان. بەڵام پڕۆسەی دیموكراتی لەوڵاتدا وا پێویست دەكات، كە "پڕۆسەی چاودێریكردن هاوسەنگی" لەنێوان دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاساداناندا هەبێت، ئەو دۆخەی رۆژنامەكە پێی وایە لەعێراقدا ونبووە و نەماوە.
نیویۆرك تایمز پێی وایە "كاتێك هێزە ئەمریكیەكان خەریكی ئامادەكارین بۆ كشانەوە، پێویستە ئەمریكا فشار بخاتە سەر عێراقیەكان، لەپێناو جێگیركردنی زیاتری دیموكراتیەتێكی بنیاتنراو لەسەر بنچینەی یاسایی. سەركردە عێراقیەكانی تریش هانبدا لەهەمان كاتدا هەم بەرەوڕووی مالیكی بوەستن و هەم كاریشی لەگەڵدا بكەن، لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێك كە وەڵامگۆی زیاتری داخوازی خەڵكی عێراق بێت. دوای هەموو شتێك، سەربازە ئەمریكیەكان و گەلی عێراقی قوربانی زۆریان داوە، بۆیە پێویستە رێگەنەدرێت بەهۆی تموحی بەڕێز نوری مالیكی یا بەهۆی نەرێنی هەڵوێستی سەركردەكانی تری عێراق، پڕۆسەی دیموكراسی لەو وڵاتەدا بەربەستی بۆدروست ببێت".
هەر بەهۆی پابەند نەبوونی مالیكی بەو رێكەوتنە سیاسیەی لەگەڵ لایەنەكانی تری عێراقی لەهەولێر ئیمزایانكرد و جارێكی تریش وەك سەرۆك وەزیران دیاری كرایەوە، ئەیاد عەللاوی سەرۆلی لیستی ئەلعێراقیە، كە بڕیار بوو بەپێی ئەم رێكەوتنە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی بۆ سیاسیەتە ستراتیجیەكان پێبدرێت، ئەو ئەنجومەنەی تائێستا دانەمەزرێندراوە و یاسای بۆ دەرنەچووە، لەسەرەتای ئەم مانگەدا وازهێنانی خۆی لەم پۆستە راگەیاند. عەللاوی ئەوكات گوتی "بەشداری لەو ئەنجومەنەدا ناكەم، ئەمەش بڕیاری كۆتاییمە، ئەلعێراقیە دەتوانێت كەسێكی تر بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان بكات". عەللاوی زیاتر هەڵوێستی خۆی روونكردەوە و گوتی "ئەم بڕیارەم بەهۆی پابەندنەبوونی لایەنەكانی ترەوەیە، بەو رێكەوتنە 9 خاڵیەی بە دەسپێشخەری مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێكەوتنی لەسەر كرا".
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەك لەهاوپەیمانیەتی نیشتمانی رایگەیاند، كە دانوستانی نێو ئەم كوتلەیە لەبارەی پاڵێوراوی وەزارەتە بێ وەزیرەكان بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا بەربەستی گەورە هەیە، چونكە مالیكی دەیەوێ هەر سێ پۆستە ئەمنیەكان قۆرخ بكا و لەدەست خۆیدا بیانهێڵێتەوە. بەهۆی ئەمەشەوە سەدریەكان هەڕەشەیان كردوە، كە ئەوان لەپەرلەماندا دەنگ بە پاڵێوراوی مالیكی بۆ ئەو پۆستانە نادەن، گەر بێتو لەنێو كوتلەی هاوپەیمانیەتی نیشتیمانی شیعەكاندا رێكەوتنی لەسەر نەكرێت.
هەر لەبارەی هەوڵی پاوانخوازانەی مالیكیەوە، "میسال ئالوسی" سەرۆكی حزبی ئومەی عێراقی داوای لەجەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق و پەرلەمانی عێراقی كرد متمانە لەحكومەتەكەی مالیكی بستێننەوە، بەهۆی ئەو دیكتاتۆریەتە تازەیەی دایمەزراندوە. ئالوسی لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كە مالیكی بەتەنیا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە و دژایەتی حزبە بچووكەكان دەكات. هەروەك ئالوسی حكومەتەكەی مالیكی بەكوشتنی زیاتر لە 20 كەس لە كاتی خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییەی عێراق تۆمەتبار كرد و رەخنەشی لە بێدەنگبوونی حزب و لایەنە سیاسیەكانی تری عێراق گرت، دوای ئەوە پۆستی گرنگیان لەحكومەتەكەی ئێستادا پێدرا.
"وەحدە ئەلجەمیلی" پەرلەمانتاری سەر بەلیستی ئەلعێراقیەش رۆژی سێشەممەی رابردوو داوای لەنوری مالیكی سەرۆك وەزیران كرد، كە چیتر تاكڕەوانە دەسەڵاتداریەتی نەكات و بەشێك لەدەسەڵاتەكانی بەجێگرەكانی بدات. ئەو خانمە پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، كە رێكەوتنەكەی نێوان لایەنە سیاسیەكان كە لەهەولێر بەڕێوەچوو، بەتەواوەتی پشتگوێ خراوە و پێشێل كراوە، كە یەكێك لەخاڵەكانی دانانی پەیڕەوێكی ناوخۆ بوو بۆ ئەنجومەنی وەزیران و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان تێیدا. وەحدە ئەلجەمیلی وتیشی "دەستوور دەسەڵاتی جێگرەكانی سەرۆك وەزیرانی دیاری نەكردوە، مالیكیش سوودی لەم حاڵەتە وەرگرتووە و دەسەڵاتەكانی قۆرخ كردوە".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com