شەقامی موتەنەبی لەبەغدا كێبڕكێ لەگەڵ "فەیس بووك"دا دەكــــــــــات  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

هەر بانگەوازێك كە لە موتەنەبیدا بڵاوبكرێتەوە وەك ئاگر كە بەردەبێتە پوش بــــــــــڵاو دەبێتەوە

چوونە نێو شەقامی "موتەنەبی" لە نێو دڵی بەغدادا، كە پڕ لەچالاكی و هاتوچۆ و جموجۆڵە، وەك هاتنە دەرەوە نیە. لەگەڵ چوونە ژوورەوەیدا، كەس ناتوانێ بەئاسانی لە كێشكردن و داوی كتێب و بڵاوكراوە جۆربەجۆر و سەرنجڕاكێشەكان خۆی رزگار بكات، كە لەسەر شۆستەكانی شەقامەكەدا بڵاوكراونەتەوە، ئەو شەقامەی رابردوو و ئێستا و هاوچەرخیی و رەسەنایەتی تێدا دەژی. شوێنێكیشە "شەقامی رەشید" لەبەرەی "ساحەی مەیدان"ەوە بە كەنارەكانی رووباری دیجلە دەگەیەنێت، تەریب بە بازاڕی "سەرای" بەناوبانگ.
بەر لەساڵی 2003 جموجۆڵی چاپ و بڵاوكردنەوە و نوسین لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لەژێر سانسۆر و رێوشوێنی تونددابوو، بەهۆی ئەمەوە كتێبە یاساغەكان كۆپی دەكران و بەنهێنی دەستاودەستیان پێدەكرا. بەڵام دوای 2003 ئەو سانسۆرە لەسەر كتێب و چاپ و بڵاوكراوەكان نەما، بەڵام دیاردەی كۆپیكردنی كتێب بەردەوام بوو و چووە قۆناغێكی ترەوە، وەك بازرگانیەكی پڕ قازانج، بەتایبەت كۆپیكردنی ئەو كتێبانەی نرخیان زۆر گران بوو، دەهاتنە بازاڕەكانی عێراقەوە، خێرا كۆپی دەكران و بەهۆی كەمی نرخەكەشیانەوە لە ئاستێكی بەرفرەواندا بڵاودەبووەوە.
لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا شەقامی موتەنەبی بەچەند قۆناغێكدا تێپەڕ بووە، هەرە گرنگترینیان قۆناغی دوای ساڵی 1991 و گەمارۆی ئابووریی سەر عێراق بوو، كە لەهەرە دیارترین سیما و خەسڵەتەكانی ئەو قۆناغە، دیاردەی فرۆشتنی كتێب بوو، كە نوسەر و رۆشنبیرە عێراقیەكان بۆ بژێوی خێزانەكانیان كتێبەكانی خۆیان دەفرۆشت. ئەمە سەرەتا بە شێوەیەكی شەرمنانە دەستی پێكرد، ئەدیب و نوسەرەكان دەهاتن كتێبەكانیان دەهێنا بیانفرۆشن، كە دەیانبینی كتێبخانە و بازاڕێكی ئەوتۆ نیە بتوانن كتێبەكانیانی پێ بفرۆشن، خۆیان ناچار دەبوون كتێبەكانیان بۆ فرۆشتن لەسەر رێگای رێبواران و لەسەر شۆستە و بن دیوارەكانی شەقامی موتەنەبی بڵاو بكەنەوە، بەتایبەت لەرۆژانی هەینیدا. پاشانیش ئەمە لەچەند حاڵەتێكی سادەوە پەرەی سەند و بوو بەجۆرێك لەبازرگانی و هەندێك كەس بۆ ماوەیەكی درێژ كردیانە پیشەی خۆیان.
هەرچی قۆناغی دووەمە، لەدوای ساڵی 2003وە دەستی پێكرد، ئەو شەقامە، كە كرانەوەی رۆشنبیریی و مەعریفی بەرفرەوان هەرە دیارترین خەسڵەتەكانی بووە، ئەم قۆناغەی جیاوازی گرنگی لەگەڵ پێشووتریدا هەبووە. كاتی خۆی سەدام كتێبی نەیارە سیاسیەكانی و پیاوانی ئاینی و لیستێكی درێژی دیكەیشی لە كتێبە یاساغەكان قەدەغە دەكرد، كەچی ئێستا نەیارە سیاسیەكانی سەدام كە فەرمانڕەوان، شۆستەكانی شەقامی موتەنەبیان بەكتێبی جۆراوجۆر و كتێبی زۆری تریش لەبارەی سەدامەوە تەنیوە، چەندین رۆمان و چیرۆك نمایش كراون، كە سەدام دایناون، وەك "زبیبە والملك" و "القلعە الحصینە" و زۆری تریش لەو كتێبانەی بەدرێژایی ماوەی فەرمانڕەوایەتییەكەی لەبارەیەوە نوسراون، ئەمانە لەگەڵ ئەو كتێبانە نمایش كراون، كە چیرۆك و مێژووی ژیانی ئەو كەسانە دەگێڕنەوە، كە سەدام لەسێدارەی داون، وەك "محەمەد باقر ئەلسەدر" و "محەمەد سادق ئەلسەدر"، لەگەڵ چەندەها كتێبی فیقه و یاسادانان بەجۆر و چەشنە جیاوازەكانیانەوە.
لەدوای ساڵی (2003)شەوە شەقامی موتەنەبی دوو سەردەمی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، یەكەمیان بەر لە تەقینەوە وێرانكەرەكەی بوو، كە لەساڵی 2006 بەتەواوەتی خاپووری كرد و بەهۆیەوە سەدان كەس لە رێبواران و كڕیار و فرۆشیارانی كتێب بوونە قوربانی، بەهەر پێنج كوڕەكەی خاوەنی بەناوبانگترین قاوەخانەی شەقامەكەشەوە "قاوەخانەی شابەندەر". ئەمە لەوكاتە دابوو، كە شەڕی تایفی لە عێراقدا لە لوتكەدا بوو. قۆناغی دووەمیان دوای ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوەی شەقامەكەبوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقیەوە، كە دوای كردنەوەی بۆ جارێكی تر نوری مالیكی سەرۆك وەزیران سەردانی شەقامەكەی كرد.
بەڵام هەرە ترسناكترین قۆناغ كە شەقامی موتەنەبی پێدا تێپەڕ دەبێت، كاتی ئێستایە، دوای هەڵگیرسانی شۆڕش و راپەڕینە جەماوەریەكانی جیهانی عەرەبی، موتەنەبیش بۆتە مەیدانێك بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامەی خۆنیشاندان و مانگرتنەكانی عێراق، كە لەدوای 15ی شوباتەوە روودەدەن.
بە بۆچوونی هەندێك لە كتێبفرۆشە بەناوبانگەكانی ئەم شەقامە، لە نێوانیشاندا "نەعیم ئەلشەتری" خاوەنی بەناوبانگرتین مەزادخانەی كتێب و "عەباس جاسم" خاوەنی فرۆشگای "جەواهیری" و ژمارەیەك لە ئەدیب و رۆشنبیرانی وەك "عەباس لەتیف"ی سەرۆكی یانەی شانۆ لەیەكێتی نوسەران، شەقامی موتەنەبی لەكاتی ئێستادا كێبڕكێ لەگەڵ فەیس بووكدا دەكات، لەرووی كۆكردنەوە و بارگاویكردن و ئامادەكردنی خەڵك. لەكاتێكدا كە زۆرجار لەرێگای فەیسك بووكەوە خەڵكێكی زۆر بۆ مەبەستی خۆنیشاندان و ناڕەزایی ئامادە دەكرێن و كۆدەكرێنەوە، كەچی لە موتەنەبیدا یەكێك لە ئامادەكارانی خۆنیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینەكان دێت نوسراو یا راگەیاندنێك لەستون و لادیوارێكی شەقامی موتەنەبیدا هەڵدەواسێ، كە فڵان رۆژ بۆ فڵان مەبەست خۆنیشاندا ئەنجام دەدرێت، ئەم هەواڵە هەر زوو وەك چۆن گڕ بەربدەیتە پووش ئاوا بڵاودەبێتەوە، بەم شێوەیە زۆرینەی ئەو ئامادەكاری و خەڵك تەیار و ئامادەكردنە بۆ خۆنیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتیەكان لە لایەكەوە لە فەیس بووك و لە لایەكی تریشەوە لە شەقامی موتەنەبی بەڕێوە دەچێت.
شەرقلئەوسەت
 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com