|
سڤیل:
هاوكار محێدین
هەژار محەمەد، لەلای دكتۆرە دەروونییەكە
بەڕەزامەندی خۆی قسەی بۆ (سڤیل) كردو چیرۆكی
ژیانی خۆی گێڕایەوە، كە لەكاتی قسەكردنیدا،
دكتۆرە دەروونییەكەش وەك ئێمە گوێی لێگرتبوو و
جارجارەش زەردەخەنەیەكی بۆ دەكرد. هەژار گوتی
"بۆ یەكەمجار كە هاتمە لای ئەو دكتۆرە
دەروونییە، شەرمم دەكرد سەری خۆم بڵند بكەم،
لەگەڵ قسەكردنی پچڕ پچڕ و سەرخوراندنم، دكتۆر
تێگەیشت كە باری دەروونیم تەواو شێواوە".
هەژاری تەمەن 30 ساڵ كە ئێستا فەرمانبەرە
لەیەكێ لەبانكەكانی ناوشاری دهۆك، سەرەتای
قسەكانی بەژیانی منداڵی خۆیەوە دەستپێكردو
گوتی "من باوكێكم هەبوو زۆر دیكتاتۆر و
دڵڕەقبوو، هەردەم كارەكانی لەناو خێزان
بەتوندوتیژی یەكلا دەكردەوە و گەیاندنی
بەئاستێك كە من خۆم لەمنداڵی نەمدەوێرا سەیری
چاوەكانی بكەم. لەبیرم نایەت بۆ یەكجاریش
بەشێوەیەكی هێمن و لەسەرخۆ لەگەڵ من گفتوگۆی
كردبێت، بێگومان لەگەڵ دایكم و خوشك و براكانی
دیكەشم هەر وابوو، بەڵام لەو نێوانە تەنها من
بوومە قوربانی و كەسێكی شەرمن و باوەڕ
بەخۆنەبووم لێدەرچوو، وای لێهات كە چوومە
قوتابخانەش، شەرمم دەكرد لەگەڵ قوتابییەكان
قسەبكەم و لەناو پۆلیش كاتێك مامۆستا پرسیاری
لێدەكردم، ئەگەر بشمزانیبا لەشەرمان
نەمدەتوانی وەڵام بدەمەوە، بۆیە بەردەوام
لەپشتەوەی قوتابییەكانی دیكە دادەنیشتم و
مامۆستا و قوتابییەكان زۆرجار گاڵتەیان بەو
كەسایەتییە شەرمناوییەی من دەكرد".
هەژار كە ناوی خوازراوە و لەسەر داوای خۆی ئەو
ناوەمان بۆی دانا، دەڵێت "لەماڵیش كاتێك
میوانمان دەهات، هەر زوو خۆم حەشار دەدا و
حەزمنەدەكرد كەس بمبینێ و قسەم لەگەڵ بكات،
ئەگەر مەجالی راكردنیشم نەمابا، كاتێك یەكێ
پرسیاری لێمدەكرد، دایكم بەر لەمن وەڵامی
دەدایەوە و نەیدەهێشت من قسەبكەم. كاتێكیش كە
چوومە زانكۆ، لەو بڕوایە دابووم كە لەوێ باشتر
دەبم و كەسایەتی راستەقینەی خۆم بۆ
دەگەڕێتەوە، بەڵام نەمزانی كە لەوێ خراپتر
دەبم". هەژار دەڵێت "لەدوای زانكۆش بوومە
فەرمانبەر لەبانكێكی ناوشاری دهۆك و لەوێش
چوومە ژوورێك و تەنها خۆم بەكاری كۆمپیوتەری
خەریك دەكرد و لەگەڵ كەس قسەم نەدەكرد. هەتا
رۆژەكی لەناو بانك بڕیاری ئەوەیاندا كە من
ببمە سەرۆكی بەشێك لەناو بانك، منیش بەهیچ
شێوەیەك نەمدەتوانی ئەركی بەرپرسیارێتی بگرمە
ئەستۆ و ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی كە خۆم
بەدكتۆری دەروونی نیشان بدەم، تاوەكو بۆم روون
ببێتەوە كە ئاخۆ ئەو بەڵایە چییە بەسەرمن
هاتووە؟".
بەپێكەنینەوە، بەڵای بەسەرۆك بەش بوونیشی زۆر
ساناتر لەوە وەسفكرد كە هەمووجار پێیان دەگوت
تۆ تەمەنێكت بەڕێكردووە و دەبێت ژن بهێنی؟.
هەژار، دەڵێت "من كە دەمهێنا پێشچاوی خۆم،
زۆرم شەرم دەكرد كە چۆن من ژن بهێنم و خەڵكی
وێنەم لەگەڵ بگرن و سەیری دەموچاوم بكەن".
دكتۆر سالم ئەلحەكیم، پسپۆڕ لەنەخۆشییە
دەرونییەكان، هێمای بەوەكرد كە لەكۆمەڵگای
كوردی %13ی خەڵكی توشی نەخۆشی تێكچوونی
كەسایەتی دەبنەوە، لەنیشانەكانی نەخۆشییەكەش
وەكو ئەو دكتۆرە باسی لێوەكرد، زاڵبوونی ترس و
شەرمە بەسەر كەسایەتی و وا لەمرۆڤ دەكات كەوا
كۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستبدات و نەتوانێت ژیانێكی
ئاسایی بژیت. دەڵێت "ئەو كەسەی توشی ئەو
نەخۆشییە دەبێت، ناتوانێت زۆر تێكەڵی خەڵكی
بێت و زۆربەیان تەنها هاوڕێیەك یان دوانیان
هەیە، لەكاتی قسەكردنیش دەم و پلیان تێكدەهاڵێ
و دەست و پێیــــــان دەلەرزی و هەندێجار بەو
هۆیەوە لەقسەكردنیش دەوەستن". ئەو دكتۆرە
دەرونییە ئاماژەی بەوەشكرد كە دایك و باوكی
هەژار، بەخەمساردی دایكەكە و دیكتاتۆر بوونی
باوكەكە، هۆكاری سەرەكی بوونە لەتوشبوونی
هەژار بەنەخۆشییەكە و مامۆستا و قوتابییەكانی
سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنیشی، هۆكارێكی دیكە
بوونە كە "لەجیاتی هاوكاری و سوكردنی
نەخۆشییەكە لەسەر هەژار، بەهۆی گاڵتەپێكرنی
بێمانایان، هەژاریان خراپتر لەجاران
لێكردووە".
دكتۆر سالم ئەلحەكیم، ئەوەشی بۆ (سڤیل)
ئاشكراكرد كە لەدوای سێ مانگ تێپەڕبوون بەسەر
هاتنی هەژار بۆ نۆڕینگەكەی و ئەنجامدانی
چەندین دانیشتنی یەك لەدوای یەك، هەژار دانینا
بەوەی كە هەستدەكا سەرلەنوێ لەدایك بۆتەوە و
باری دەروونی زۆرباشبووە. لەگەڵ قسەكانی
دكتۆر، هەژار بەزەردەخەنە و سەرلەقاندنی
بەردەوامی، قسەكانی دكتۆرەكەی دووپات
دەكردەوە. دكتۆرەكە گوتی "هەژار دواجار بڕیاری
دا كە ژیانی هاوسەری دروستبكات و سەرۆك بەشی
بانكەكەشی قبوڵكرد و تائێستاش چەندین
كۆبوونەوەی بەفەرمانبەرەكانی كردووە"، لەگەڵ
ئەو قسانەی دكتۆر، هەژاریش هەرپێدەكەنی.
|