|
سڤیل:
بیلال سەعید
ئەمساڵ، 15هاوڵاتی شاری كەلار بەهۆی
شێرپەنجەوە گیـــانیـــــان لەدەســــت داوە
هەرچەندە ئومێدی زۆری ماوە بەدونیا، بۆ ئەوەی
لەدامودەزگایەكی حكومەت دابمەزرێت، بەڵام
ئێستا دوای 20 ساڵ خوێندن و بەدەستهێنانی
بڕوانامە، رێژنە حەمید لەسەر كورسیەكی
نەخۆشخانەی هیوا راكشاوەو چاوەڕێی مەرگ دەكات.
ئەوەی رێژنە بەدەستییەوە گیرۆدەیە، نەخۆشی
شێرپەنجەیە، ئەوانەی توشی ئەو نەخۆشییە دەبن،
لەنەخۆشخانەی هیوا و نانەكەلین لەهەولێر.
پزیشكانی جیهان تا ئێستا نەیانتوانیوە
چارەسەری ئەو نەخۆشییە بدۆزنەوە، بۆیە زۆر لە
پاشا و سیاسەتمەدار و سەرۆك و بازرگان و ...
بەم نەخۆشیە مردوون، تەنانەت هەفتەی ڕابردوو
پزیشكان نەیانتوانی گیانی میر سوڵتان
عەبدولعەزیز جێنشینی سعودیەو جێگری سەرۆك
وەزیرانو وەزیری بەرگریو فرۆكەوانی سعودیە
بپارێزن و بەهۆی نەخۆشی (شێرپەنجە) لەتەمەنی
84 ساڵی لەدەرەوەی وڵاتی سعودیە كۆچی دوایی
كرد.
نەخۆشی شێرپەنجە یەكێكە لەترسناكترین
نەخۆشییەكانی جیهان، لەهەرێمی كوردستانیش
رێژەكە رۆژ بەرۆژ لەبەرزبوونەوەدایە،
لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان هۆكارەكانی تووشبون
بەنەخۆشی شێرپەنجەیان جیاكردووەتەوە بۆ هۆكارە
ژینگەییەكان و هۆكارە بۆماوەییەكان.
بەپێی ئاماری سەنتەری جی سی سی شاری كەلار،
رێژەی مردن لەناوچەی گەرمیان
لەزیادبووندایەو لەو ڕێژەیەش كە توماركراوە
لەسەنتەری جی سی سی تووشبوون بەنەخۆشی
شێرپەنجە لەزیادبووندایە، كە تەنیا
لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەشاری كەلار و
دەوروبەری (15) هاوڵاتی بەهۆی شێرپەنجەوە
گیانیان لەدەست داوە.
لەئامارەكەی جی سی سی كەلار هاتووە تەنیا
لەساڵی 2011، هەواڵی مردنی (237) كەسیان
پێگەیشتووە، كە بەهۆكاری جیاواز گیانیان
لەدەستداوە، رێژەیەكی زۆر لەمردووەكان بەهۆی
نەخۆشی جۆراوجۆرەوە مردوون، كە ریژەیان (137)
كەسە، كە (15) كەسیان نەخۆشیی شێرپەنجەوە
گیانیان لەدەست داوە. بەپێی ئامارەكان %13ی
هۆكارەكانی مردن لەجیهاندا نەخۆشی شێرپەنجەیە.
ئەركان محەمەد رەشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی گەرمیان،
بە(سڤیل)ی راگەیاند "بەپێی ئامارەكە (602)
هاوڵاتی لەسنووری گەرمیاندا نەخۆشی
شێرپەنجەیان هەیەو فایلیان بۆ كراوەتەوە، كە
لەو ژمارەیە تائێستا (448) نەخۆشیان لەلایەن
حكومەتی هەرێمەوە هاوكاری كراوە".
ئەركان ئاماژەشی بەوە كرد، كە لەساڵی
(2009)ەوە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ
ناونوسكردنی ئەو كەسانەی نەخۆشی دڵ و
شێرپەنجەیان هەیە.
پسپۆرانی بواری شێرپەنجە ئاماژە بەوە دەكەن،
هۆكارە ژینگەییەكان هۆكاری سەرەكین
لەزیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە كە بریتین لە:
جگەرەكێشان، قەڵەوی، هەوكردن و تیشك بەركەوتن.
كەمی چالاكییەكانی لەش و ماددە ژەهراوییەكان
دەبنە هۆكاری یان هاندەری نائاسایبوونی خانە
یان ماددە بۆماوەییەكان و دواتریش پرۆسەی
ئاڵۆزی زۆربوونی خانەكان كە لەلایەن پۆلێك
هۆكاری بۆماوەییەوە رێكدەخرێن تێكدەچێ، ئەوەش
دەبێتە هۆی گەشەكردنی شێرپەنجە، رێژەیەكی كەمی
هۆكاری توشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە نزیكەی %5
تاوەكو %10 بۆماوەییە.
زۆر لەپزیشكان لەهەوڵی بەردەوام دان بۆ
دۆزینەوەی رێگاچارەی پزیشكی بۆ نەخۆشی
شێرپەنجە، بۆنمونە رالف ستاینمانی پزیشك،
لەساڵەكانی كۆتایی ژیانیدا خۆی كردە قوربانی
تاقیكردنەوەیەكی نائاسایی بۆ ئەوەی داهێنان
لەچارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەدا بكات، لەو
پێناوەشدا 8 جۆرە چارەسەری بۆ خۆی بەكارهێنا
لەگەرمەی تاقیكردنەوەیاندا، بۆئەوەی یارمەتی
داهێنان بدات لەچارەسەری شێرپەنجەدا. ئەو
داهێنانەش وایكرد خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 2011
بدرێتە ستاینمان، بەڵام سێ رۆژ دوای وەرگرتنی
خەڵاتەكە مرد.
دكتۆرە ناهید رەفیعی لەوتارێكیدا لەژمارەكانی
رابردووی (سڤیل) ئاماژەی بەوە داوە، كەسی
توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە سەرەتا دەبێت
لەلایەن بنەماڵە و كەسوكارییەوە چاودێری
بكرێت. ئێستا زۆربەی جۆرەكانی شێرپەنجە
دەرمانی تەواویان بۆ دەكرێت، بەڵام بە مەرجێك
زوو دەستنیشان بكرێت و تەمەنی ئاسایی بێت و
بەشێوەی تەواو چارەسەر بكرێت. كەواتە
ئامادەكردنی خودی نەخۆشەكە و بنەماڵەكەی بۆ
چۆنیەتی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشیەكە،
گرنگترین شتێكە یارمەتی نەخۆش دەدات بۆ
گەڕانەوە بۆ ژیان و تەندروستییەكی تەواو.
ناشبێت بەهۆی ترس لەم نەخۆشییە ئیتر دەستمان
لەدەستنیشانكردن و دەرمان و چارەسەری بشۆین.
سەبارەت بەجۆری شێرپەنجەكان، دكتۆرە ناهیدە
باسی لەوە كردووە، كە ئێستا شێرپەنجەی سییەكان
بەناوبانگترین شێرپەنجەیە و شێرپەنجەی مەمكیش
دووهەمینە و پێنجەمین هۆی مردنی مرۆڤە بەهۆی
شێرپەنجەوە. شێرپەنجە بەناوبانگەكانی تر
بریتین لەگەدە و ریخۆڵە و جگەر. ئەوەشی گوتبوو
كە جۆرەكانی شێرپەنجە پێكهاتوون لەشێرپەنجەی
گەدە، شێرپەنجەی مەمك، شێرپەنجەی ریخۆڵە،
شێرپەنجەی جگەر، شێرپەنجەی پرۆستات.
د.خالس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بۆ
ئەوەدەكات، كە لەئێستادا لەچوارچێوەی پلانی
ستراتیژی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە
سەرەكیترین ئەركی ئەوان دامەزراندنی ئەنجومەنی
باڵای شێرپەنجەیە بەمەبەستی پێشگیری و
كۆنترۆڵ و چارەسەری ئەو نەخۆشیە، لەئێستادا
بنكەكان توانای زۆریان هەیە بۆ چارەسەری
كیمیاوی بۆ جۆرە جیاوازەكانی شێرپەنجە.
دكتۆر ڕێكەوت رەشید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی
تەندروستیی سلێمانی رای گەیاندووە كە لەماوەی
ساڵی ڕابردوو 2010دا، ژمارەی تووشبووانی
نەخۆشیی شێرپەنجە ئەوانەی لەنەخۆشخانەكانی
شاری سلێمانی تۆمار كراون، گەیشتوونەتە 2
هەزار و 255 كەس، لەكاتێكدا لەساڵی 2009
ژمارەی تووشیارانی بەو نەخۆشییە هەزار و 300
كەس بووە، هەروەها لەساڵی 2010دا ژمارەی
مردووان بەنەخۆشیی شێرپەنجە لەنەخۆشخانەكاندا
گەیشتووەتە 153 كەس، لەكاتێكدا لەساڵی 2009
ژمارەكەی 117 كەس بووە.
لەبارەی هۆكارەكانی زیادبوونی نەخۆشییەكەشەوە
رەشید ئاماژەی بەوە كرد، هۆكاری زیادبوونی
نەخۆشییەكە بۆ ژینگەیی و خواردەمەنیی خراپ
دەگەڕێتەوەو لەهەوڵی كۆنترۆڵكردنی
نەخۆشییەكەداین، لەئێستەدا وەك وەزارەتی
تەندروستی و پلاندانانی هەرێم بابەتی هێنانی
خواردەمەنی خراوەتە ژێر دەسەڵاتی هەردوو
وەزارەتەوە، هەموو ئەو خواردنانەی لەدەرەوە
دەهێنرێن، پشكنینیان بۆ دەكرێ و لەجۆر و
شیاوییان دەكۆڵرێتەوە. (د.عادل موحسین)
پشكنەری گشتی لەوەزارەتی تەندروستی عێراق
بەرۆژنامەی (سەباح) ی راگەیاندووە، "وەزارەتی
تەندروستی عێراق بڕی (44) ملیۆن دۆلاری
بەمەبەستی كڕینی دەرمانو ئامێری
چارەسەركردنی تووشبووان بەنەخۆشی شێرپەنجە
دابینكردووە، دەیەوێت بەزووترین كات نەخۆشییە
شێرپەنجەییەكان دەستنیشان بكاتو سەرجەمی
ئامێرو دەرمانەكانیش، لەكۆمپانیاكانی
هۆڵەنداو سویدەوە دابین دەكرێن". لەئێستادا
نزیكەی (7000) كەس لەعێراق، تووشی
نەخۆشییەكانی شێرپەنجە بوون. بەڵام تا ئێستا
ئامارێكی ورد لەبەردەست نیە بۆ ڕێژەی تووشبوان
لەكوردستان. (د. خاڵس قادر) بەڕێوەبەری
راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی
هەرێمی كوردستان بە (سڤیل)ی راگەیاند،
"بەشێكی كەم لەو دەرمانو ئامێرانەی كە
وەزارەتی تەندروستی عێراق دەیانكڕێت، بۆ
هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە، بەڵام
لەكوردستان لەڕێگەی لیژنەوە هاوكاری دارایی
لە(1000) دۆلارەوە بۆ (3000) دۆلار بەسەر ئەو
كەسانەدا دابەشدەكرێت، كە تووشی شێرپەنجە
بوون" ئاماژەشی بەوەدا چەند ساڵێكە ئەو
هاوكارییە بەسەر نەخۆشانی شێرپەنجەدا لەهەرێم
دابەشدەكرێت.
د. خالس دەربارەی زیادبوونی نەخۆشیەكە
لەگەرمیان و پلانی وەزارەت بۆ
ڕووبەرووبوونەوەی ئاماژەی بەوە كرد، لەئێستادا
وەزارەت ئەنجومەنێكی دروستكردووە بۆ ڕێگەگرتن
لەزۆربوونی نەخۆشیەكە، بۆیە لەگەڵ
دەستبەكاربوونی ئەنجومەنەكە ئەوكات بەپێی
پێداویستی ناوچەكان ئەنجوومەنەكە بڕیار بۆ
ناوچەكان دەردەكات.
|