فرە ئەنجــــــامی لـــــە تـــــــاقیـــگەكـــــــان هاوڵاتیان تووشی دڵەڕاوكێ دەكات  

 

 

سڤیل: هاوار هاواری

هاوڵاتیان داوا دەكەن بەشێك لەچاكسازییەكانی ســـەرۆكی هـــەرێم بواری تەندروستیش بگرێتەوە

تەنیا رەشید هاوڵاتیەكی نەخۆش بوو لەیەكێك لەنۆرینگەكان وەستا بوو، چاوەڕێی دەكرد بۆ پشكنین بچێتە لای پزیشك، تەنیا كۆمەڵێك كاغەزی بەدەستەوە بوو، كاتێك باسی پشكنینی خوێنی كرد، دەستی بەگلەییەكانی كرد و گوتی "لەتاقیگەیەكی حكومی شیكاری رێژەیی خوێنم كرد، دواتر رۆیشتم لەنۆڕینگەكانی ئێواران هەمان شیكاریم دووبارە كردەوە، ئەنجامەكەی زۆر زۆر جیاوازی هەبوو". تەنیا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە بۆ دڵنیابوون لەدەرئەنجامی پشكنینەكە شیكاری سێیەمیشی كردووە، تەنیا گوتی "دیسان هەمان شیكاریم لەتاقیگەیەكی تری ئەهلی سێ بارە كردەوە، ئەویش جیاوازی هەبوو، بۆیە هیچ متمانەیەكم بە شیكاری تاقیگەكان نییە".
خالد عەبدوڵڵا هاوڵاتیەكی تر بوو، شیكاری رێژەی چەوری لەتاقیگەیەكی حكومی كردبوو، بەڵام كە دواتر لەتاقیگەیەكی ئەهلی دووبارەی دەكاتەوە ئەنجامەكەی جیاواز دەبێت، خالد گوتی "ئێمە سەرمان لێ تێك چووە، وامان لێهاتووە هیچ متمانەمان بەتاقیگە حكومیەكان و ئەهلیەكان نەمێنێت". خالد پێیوابوو چارەسەری ئەو كێشەیە لەتوانای وەزارەتی تەندروستی نیە، بەپێویستی دەزانی سەرۆكایەتی هەرێم بیكاتە یەكێك لەپرۆژە چاكسازییەكانی خۆی و چارەسەری بكات.
فاتیح بالیسانی مامۆستای پراكتیكی لەپەیمانگای تەكنیكی پزیشكی هەولێر لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) ئەوەی روونكردەوە كە دەركەوتنی جیاوازی شیكاركردن لەتاقیگەكە پەیوەندی بەو كەسانەوە هەیە، كە لەتاقیگەكان كاردەكەن، بۆیە دەیوت "تاقیگە ئەهلی و حكومییەكان هەموویان تارادەیەكی زۆر ئامێر و ئەو ماددانەی لەشیكارییەكاندا بەكاری دەهێنن وەك یەكن"، مامۆستا فاتیح گوتی ئەو جیاوازییەی لەئەنجامی شیكاری تاقیگەكاندا هەیە زیاتر پەیوەندی بەخودی ئەو كەسانەوە هەیە. پێشی باش بوو حكومەت ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ تاقیگەكان بكات لەسەر ئاستی شاردا.
فاتیح وەك بەرێوەبەر لەتاقیگەیەك لەشاری هەولێر كار دەكات، ئەو كە پێیوابوو فرەئەنجامی تاقیكردنەوەكان لەسەر كارمەندانی تاقیگەكانە، باسی لەو مەرجانەش كرد كە ئەو كارمەندانەی پێ دادەنرێت، ئەو گوتی "پێشتر ئەوانەی دەرچووی كولێژەكان بوون لەڕووی پراكتیكیەوە خولێكی شەش مانگیان بۆ دەكرایەوە تاوەكو ببنە كارمەندێكی كارامەو لێهاتوو، بەڵام ئێستا دەرچوانی ئەو بوارە لایەنی پراكتیكی لەكارمەندەكانی نەخۆشخانە حكومییەكانەوە فێردەبن".
دواتریش لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو، گوتی "بەپێی یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2000 پەرلەمانی كوردستان دەرچوانی ئەو بوارە دەبێت ساڵێك لەنەخۆشخانە فێركارییەكان و دوو ساڵ لەنەخۆشخانەكانی دەرەوەی شار خزمەت بكەن، دواتریش دێنەوە لەفەرمانگەكان دابەش دەبن"، گوتیشی "ئێستە خولی تاقیگە دەكرێتەوە بۆ دەرچوانی كیمیا و بایلۆجی كە ماوەكەی یەك ساڵە، دەرچوانی ئەو خولەش مۆڵەتی كاركردنی پیشەیی لە 10 ساڵەوە دەبێت بە 5 ساڵ".
خراپ دەركەوتنی شیكاری تاقیگەكان تەنها زیانی بۆ نەخۆش نییە، بەڵكو كار لەخراپبوونی پشكنینی پزیشكەكانیش دەكات، بۆیە دكتۆر محەمەد مەجید پسپۆری نەشتەرگەری گشتی گوتی "هەندێك جار ماددەی بەسەرچوو لەشیكاریەكاندا بەكاردێت، بۆیە جیاوازی دەبێت لەئەنجامەكان، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی بێمتمانەیی و دڵەڕاوكێ لای نەخۆش، لەهەمانكاتیشدا كێشە بۆ ئێمەی دكتۆر دروست دەكات، چونكە هەندێ جار ئەو كاتەی دیاریمان كردووە بۆ نەخۆش نەشتەرگەی بۆ بكەین ناتوانین لەو كاتە دیاریكراوەدا ئەنجامی بدەین، لەبەر ئەوە نەشتەرگەریەكە پەیوەستە بەئەنجامی شیكارییەكان" .
عوسمان حەسەن ئەندامی دەستەی باڵای سەندیكای كیمیاگەرانی كوردستان و بەرپرسی تاقیگەیی نەخۆشخانەی هەولێری فێركاریی لەلێدوانێكی بۆ (سڤیل) گوتی "راستە جیاوازی هەیە لەئەنجامی شیكاری تاقیگەكان، بەڵام لەتاقیگە حكومیەكان تارادەیەك ئەو كێشەیە كۆنترۆڵ دەكرێت، چونكە ئەو كەسانەی لەتاقیگە حكومییەكان كار دەكەن بەپێی تایبەتمەنی بوارەكەی خۆیان كار دەكەن، بەڵام لەتاقیگەكانی دەرەوەدا دەبینین كیمیاگەرە كاری بایلۆجی دەكات یان بەپێچەوانەوە". عوسمان پێیوابوو وەزارەتی تەندروستی تائێستا نەیتوانیوە چاودێریەكی توندی ئەو مەسەلەیە بكات و ئاماژەشی بەوە كرد، كە مۆڵەتدانی تاقیگەكان لەدەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستیە نەك سەندیكا، عوسمان حەسەن لەلێدوانەكەیدا گوتی "جارێك وەزارەت لیژنەی چاودێری تاقیگەكانی پێكهێنا داوایان كرد نوێنەرمان هەبێت لەو لیژنەیە، بەڵام ئێمە قایل نەبووین، ئێمە لەگەڵ سەندیكای بایلۆجی پرۆژەیەكمان سەبارەت بە كاروباری پیشەیی و چاودێری تاقیگەكان نووسیوە پێشكەشی وەزارەتی تەندروستیمان كردووە، وەزیری تەندروستیش بەڵێنی داوە وەك پرۆژەیاسایەك پێشكەشی پەرلەمانی بكات".
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە (سڤیل) دراوە، لەناو شاری هەولێر نزیكەی 80 تاقیگەی شیكاری نەخۆشی هەیە، دكتۆر حوسێن بەڕێوەبەری بەشی تاقیگەكان لەوەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) ئاماژەی بەوە كرد، كە تاقیگەكان بۆ دروستی شیكارەكانیان پێویستە كوالێتی كۆنترۆڵ بكڕن، دكتۆر حوسێن گوتی "ئێستە كوالێتی كۆنتڕۆل هەیە، كە هەموو تاقیگەیەك دەتوانێت بیكڕێت و بەكاری بێنێت، دواتر دەزانێت ئەنجامی ئەو شیكارییەی كردوویەتی چەند نزیكە لەراستیەوە، بۆ زیاتر دڵنیا بوون لەدروستی ئەنجامەكان هەڵسەنگاندنێكی كارەكانی خۆی دەكات، كە بۆچەند شیكاریەك كۆنترۆڵ دادەنێت و بەراوردیان دەكات".
بەرپرسی تاقیگەكان لەوەزارەتی تەندروستی گوتیشی "جیاوازی ئەنجامی شیكاری لەتاقیگە حكومیەكان و ئەهلیەكانیش هەیە، بەڵام لەتاقیگە حكومییەكان پەیوەندی بەزۆری نەخۆش و كەمی نەخۆشخانەوە هەیە، كە هەندێ جار بەهۆی ئەو جەنجاڵیەوە كەمتەرخەمی دەبێت و شیكارییەكان وەك پێویست ناكرێن، یان ئەنجامەكەی دوا دەكەوێت، ئەگینا ئەو ماددە و ئامێرانەی لەتاقیگە حكومییەكاندا هەیە نوێتر و پێشكەوتووترن". سەبارەت بەچارەسەری ئەو گرفتەش د.حوسێن گوتی "لەتوانای وەزارەتی تەندروستیدا هەیە، بەڵام ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم لەچارەسەری ئەو گرفتەدا تەدەخول بكەن ئەوا باشترە".
دكتۆر تالب كاكەیی بەرپرسی كاروباری یاسایی لەدیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) ئەوەی نەشاردەوە، كە كۆمەڵێك كێشەی پەیوەست بە نوژداری هەیە و لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم دركی پێكراوە، بۆیە هەر لەلێدوانەكەیدا گوتی "ئێمە دركمان پێكردووە و ئاگادارین تەنها ئەو گرفتەش نییە، بەڵكو گرفتی تریش هەیە و ئەو كێشەیە حاڵیحازر لەژێر دراسەت دایە و كاری لەسەر دەكەین، هەروەها لەبەرنامە چاكسازییەكەی سەرۆكی هەرێمیشدا هەیە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com