|
سڤیل:
هاوڵاتییەك: حكومەت لە بری ئەوەی بە جیهاز
سەرخۆشان فەحس بكات باشترە مەشروبەكان فەحس
بكات
گومان دەكرێت فڕوفێل لەگەڵ مەشروبە كحولییەكان
بكرێت و حەبی سەرخۆشی تێكەڵ بكرێت، بەرپرسێكی
تەندروستیش دەڵێ "هەر كەسێك گومان لەمەشروبێك
دەكات با بیهێنێت، ئێمە پشكنینی بۆ دەكەین".
لەیەكێك لەیانەكانی خواردنەوەی هەولێر
دانیشتبوو، سەیری بوتڵەكەی بەردەمی كردو هێشتا
هیچی لێ نەخواردبۆوە، قومێكی لەجگەرەكەی داو
دەستی بۆ بوتڵەكە برد، ویستی شتێك لەو
نوسراوانەی سەر بوتڵی عەرەقەكە بخوێنێتەوە،
دواتر دەستی بە قسەكردو گوتی "من یەكێكم
لەعەرەقخورە كۆنەكانی هەولێر، زیاتر لە سی
ساڵە دەخۆمەوە، مەشروبی وەها خراپم نەبینیوە،
گومانم لە ساغی ئەو مەشروبانە هەیە، زۆرجار
لەگەڵ هاورێیانم باسی ئەوە دەكەین كە مەشروبی
ئێستا زۆر خراپە و لەوانەیە حەبی خەو یان حەبی
سەرخۆشی تێ بكرێت".
ئەو هاوڵاتییە كە بە تەحسین خۆی ناساند زۆر
گلەیی لە مەشروبات هەبوو، دەیگوت "بە ئەزمونی
خۆم و برادەرانم دەزانم كە حەب لەو مەشروبانە
دەكرێت". تەحسین هەوڵی دەدا بیسەلمێنێت، كە
ئەو مەشروبانەی ئێستا لە كوردستان دەفرۆشرێن
ساغ نین و فێڵیان لەگەڵ دەكرێت، بۆ ئەمەش چەند
بەڵگەیەكی دەهێنایەوە، ئەو گوتی "بەر لە هەموو
شتێك ئەو بوتڵە عەرەقەی لەسەر مێزی منە دەزانن
نرخی چەندە؟". هەر بە پێكەنینەوە بە خۆی
وەڵامی خۆی دایەوە، گوتی "بە چوار هەزارە،
دەچێتە عەقڵی كێ كە مەشروبێك یۆنانی بێت، بە
چوار هەزار لێرە بفرۆشرێت، زۆر جار قسەمان
لەگەڵ خاوەن نادییەكان و كۆگای مەشروب
فرۆشەكان كردووە، ئەویش هەندێك شت باس دەكەن،
كە گوایە لەكارگەكانی دەوروبەری موسڵ دروست
دەكرێت و حەبی لەگەڵ تێكەڵ دەكرێت".
تەحسین لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو، گوتی
"زۆرجار برادەر هەیە كە دەخواتەوە خەوی دێت،
ئینسان بۆ جەوێكی خۆش دەخواتەوە، نەوەك خەو،
جاری وەها هەیە كە زۆر بخۆمەوە نازانم چیم
كردووە، ئەوە چۆن دەكرێت، بۆ جاران وەها
نەبوو؟". تەحسین رەخنەی لەحكومەت هەبوو دەیگوت
"حكومەت دەڵێ جیهازم هێناوە، سەرخۆشان فەحس
دەكەم، چونكە بەهۆی سەرخۆشی رووداوی هاتوچۆ
زۆر بووە، ئەوان بۆ نایەن لەجیاتی سەرخۆش ئەو
مەشروبانە فەحس بكەن، ئێ بێگومان ئەگەر مەشروب
خراپ بێت، سەرخۆشیش خراپ دەبێت".
ئەبو رائید گەنجێكی ئیزدییە لەشاری هەولێر
سەرپەرشتی یەكێك لەنادییەكان دەكات، ئەویش
باسی لەخراپی مەشروب كردو گوتی "ئێمە
لەكۆگاكان وەریدەگرین، نازانین فەحس دەكرێت
یان نا، بەس دەزانین لەلای موسڵ هەندێك كارگە
هەیە، ئەوانیش چۆن دروستی دەكەن، ئەوەش
نازانم، بەڵام زۆرجار لە موشتەرییەكانەوە
دەزانین كە گلەیی لەسەر مەشروب هەیە، بۆ
نموونە وەجبەیەك ویسكی دەهێنین، دواتر هەمان
جۆر وەجبەیەكی تر دەهێنین، هەست دەكەین
موشتەرییەكان گلەییان دەبێت و دەڵێن هەموو
جارێك وەك یەك نییە، جارێك خراپ، جارێك باش،
كە ئەوەش نابێت، چونكە لە هەموو دونیا تامی
یەك مەشروب ناگۆڕێت".
بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەدەزگاكانی راگەیاندنی
دونیادا بڵاو دەكرێنەوە، فروفێڵكردن لەگەڵ
مەشروباتی كحولی، یەكێك لەتاوانە گەورەكانە كە
زۆر جار دەبێتە هۆی مردنی سەدان كەس، هەر
لەسوریا و ئوردن ساڵانە هەڵمەتێك بۆ
دەستگیركردنی ئەو كەسانە ئەنجام دەدرێت، كە
فڕوفێڵ لەگەڵ مەشروبدا دەكەن، ئەمەش لەئەنجامی
ئەو رووداوە بوو كە 28 كەس لە ئوردن لە ساڵی
2008 بەهۆی فروفێڵكردن لەگەڵ مەشروبی كحولی
ئەنجام درابوو گیانیان لە دەست دا، دەركەوت لە
رێگای فروفێڵكردن لەگەڵ مادەی میسیل و میسانۆل
مەشروبی خراپ دروستكرابوو.
لەو بارەیەوە د.موئەید عەبدولڕەحمان
بەڕێوەبەری گشتی كوالێتی كۆنترۆڵ لە كوردستان
لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی "پێش ئێستا
پشكنینی خورادن و خواردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتی
چاودێری تەندروستی وەزارەتی تەندروستی دەیكرد،
بەڵام لە 15/1/2012 ئێمە ئەو بابەتەمان
وەرگرتەوە، لەو كاتەوە ئێمە پشكنین بۆ هەموو
جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك دەكەین".
لەلایەكی دیكەوە د.سالار مستەفا بەڕێوەبەری
چاودێری تەندروستی لەوەزارەتی تەندروستی
هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی
"هەر جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك لەسنوورەكانی
كوردستانەوە بێتە ناو كوردستان ئێمە پشكنینی
بۆ دەكەین، دەبێت دڵنیابین لەوەی كە ئەو
خواردن و خواردنەوەیە شیاوە بۆ بەكارهێنان،
ئەوكات رێگا بەهاتنە ناوەوەی دەدەین". ئەو
بەڕێوەبەرەی چاودێری تەندروستی سەبارەت
بەئەگەری بوونی حەب و دەرمانی بێهۆشكەر لەناو
مەشروباتە كحولییەكاندا گوتی "هەر مەشروب
فرۆشێك یان هەر كەسێكی دیكە گومانی هەیە لەوەی
كە لەناو ئەو مەشروبانەدا حەبی خەو یان هەر
دەرمانێكی دیكەی تێدایە، با بیهێنێت بۆ ئێمە
من دڵنیای دەكەم، كە ناوی پارێزراو دەبێت،
ئێمە ناوی ئاشكرا ناكەین و بەدواداچوونی ورد
بۆ ئەو حاڵەتە دەكەین، ئەگەر لەكوردستانیش
نەبێت لەدەرەوەی وڵات پشكنینی بۆ دەكەین،
بەڵام هەروا لەخۆوە كەسێك بڵێت حەب لەناو
مەشروباتدا هەیە، ئێمە ناتوانین هیچ كارێكی بۆ
بكەین، بەبێ ئەوەی جۆری مەشروبەكە و جۆری
حەبەكە بزانین".
|