|
سڤیل:
هێمن محەمەد
پزیشكێكی پسپۆر: "شیری قوتوو كارەساتە
بەتایبەت ئەگەر لەلایەن دایكێكی نەزان بە
منداڵ بدرێت"
فایزە عەزیز سەری لەوە سوڕماوە بۆچی ژنانی
ئێستا ناتوانن شیری خۆیان بە تاقە منداڵێكیش
بدەن، ئەو كە حەوت منداڵی بەشیری مەمكەكانی
خۆی گەورە كردووە، ئامۆژگاری ژنی ئەم سەردەمە
دەكات واز لەو ناز و مەكرە بێنن و شیری خۆیان
بدەنە منداڵەكانیان.
فایزە 60 ساڵ گوتی "ئەو كاتەی ئەو منداڵانەم
شیرەخۆرە بوون، ئێمە لەگوند دەژیان، بەڵام
هەتا ئێستاشی لەگەڵ دابێت، یەك مەمە شیری
قوتیم دەرخواردی منداڵەكانم نەداوە".
دوای باشبوونی باری ئابووری خەڵك لەكوردستان،
هەروەها زۆربوون و هاوردەكردنی چەندین جۆر
شیری قوتو، زۆر لەدایكان وازیان لەپێدانی شیری
خۆیان بەمنداڵەكانیان هێنا و روویان لە شیری
قوتو كرد، بەڵام پزیشكێكی نەخۆشیەكانی منداڵان
جەخت لەسەر دروستی شیری دایك بۆ منداڵ دەكات،
داواش لەدایكان دەكات بۆ تەندروستیەكی باشی
منداڵەكەیانیان شیری خۆیانیان پێبدەن.
فایزە رووی گلەیی لەو ژنانە كرد، كە شیری
خۆیان بەمنداڵەكانیان نادەن و گوتی "ئەو
ژنانەی شیری قوتوو بەمنداڵەكانیان دەدەن،
بێئەوەی بزانن ئەو شیرە، شیری چییە و چی
تێدایە؟ ئەوە بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن غەدر
لەمنداڵەكانیان دەكەن".
ئەو دڵنیایە لەوەی هەندێ لەژنان بەهۆی
لاساییكردنەوە، شیری قوتوو بەمنداڵەكانیان
دەدەن، گلەییەكانی فایزە وەك خۆی دەڵێت ئەو
ژنانە ناگرێتەوە كە فەرمانبەرن،"چونكە بەهۆی
ئەو چەند سەعاتەی لەمنداڵەكانیانەوە دوور
دەكەونەوە، ئاساییە كە شیری قوتوو بەمنداڵ
بدەن، ئەوان ناچارن لەجیاتی شیری خۆیان، شیری
قوتوو بەمنداڵەكانیان بدەن".
بەپێی ئەو توێژینەوە زانستیانەی كە لەسەر شیری
دایك كراوە، دەركەوتووە كە شیری دایكان هەموو
پێكهاتە خۆراكییەكانی گەشەی بۆ منداڵ تێدایە.
ئەوەش سەلماوە كە شیری دایك هۆكارێكە بۆ بەهێز
بوون و بەتوانابوونی جەستەی منداڵ، بەڵام شیری
قوتوو بەهۆی سەختی، زۆرجار خراپ گیرانەوەكەشی
كرداری هەرسكردن دوادەخات، تەنانەت كاری
گورچیلەش قورس دەكات.
دكتۆر تاریق بەهائەدین، پسپۆڕ لەنەخۆشییەكانی
منداڵان، گوتی "پێویستە لەدوای كاتژمێرێك
لەبوونی منداڵ، دایكەكە شیری خۆی پێبدات،
چونكە منداڵەكە پێویستی پێیەتی و لەم كاتەشدا
شیری دایك سروشتییەو ساردی و گەرمییەكەی
گونجاوە، بەڵام شیری قوتوو قورسە و رەنگە
هەرسكردنیشی دوابكەوێت".
دكتۆر دلێر لەدیواری نۆرینگەكەی خۆی چەندین
رێنمایی بۆ دایكان هەڵواسیبوو، زۆربەی
رێنماییەكان گرنگی و دروستی شیری دایك نیشان
دەدەن، ئەو نوسیویەتی (شیری دایك نعمەت و رزقە
لەلایەن خوای گەورە بۆ منداڵەكەت، بۆیە دەبێت
منداڵ شیری دایك بخوات، پاش نیو سەعات
لەدایكبوونی، شیری تۆز یان (قوتو) كارەساتە بۆ
منداڵ لەلایەن دایكێكی نەزان...".
ئەو پزیشكە گوتی "هەر دایكێك بڵێ خۆم شیرم
نییە، ئەوە راست نییە، چونكە زۆربەی ئافرەتان
لەخۆیانەوە دەڵێن شیرمان نییە و پێنەدانی شیری
خۆشیان بەمنداڵەكانیان، بڕیاری ئافرەتان
خۆیانە نەوەك پزیشكی پسپۆڕ".
بەبڕوای دكتۆر دلێر لە 95%ی ئەو دایكانەی شیری
قوتوو بەمنداڵەكانیان دەدەن، بۆچوونی خۆیانە،
لەوەش سەیرتر وەك ئەو دەڵێت ئەو ژنانە هەر
خۆشیان شیری قوتووەكە لەجۆرێك بۆ جۆرێكی دیكە
دەگۆڕن، "كارەساتەكەش لەوەدایە مەمەی شیرەكە
پاك ناكەنەوە و مەمەكە ناخەنە ناو ئاوی گەرم".
كامەران سالم ماوەی 10 ساڵە ژیانی هاوسەری
پێكهێناوەو خاوەنی منداڵێكە، بەنیگەرانیەوە
دەڵێت "منداڵەكەم بەشیری قوتوو گەورە بوو،
لەگەڵ ئەوەی كە لەرووی ئابوورییەوە بۆ من
ببووە ئەركێكی زۆر قورسیش، بۆیە دەڵێم خودا
قوەتی ئەو كەسانە بدات، كە منداڵی شیرەخۆریان
هەیەو شیری قوتووشیان دەرخوار دەدەن". ئەو كە
فەرمانبەرێكی میریە گوتی "مانگانە بەشێك
لەموچەكەم بۆ كڕینی شیری قوتوو وەلا دەنێم و
هەموو هەفتەیەك، ناچارم دوو قوتوو بكڕم".
گوتیشی "ئەگەر خێزانەكەم شیری خۆی
بەمنداڵەكەمان بدابووایە، هەموو مانگێك ئەو
كۆمەڵە پارەیەم بۆ دەگەڕایەوە و ئێستا بۆ من
زۆری دەكرد".
زۆر لەو دایكانەی شیری خۆیان نادەنە
منداڵەكانیان بیانویان ئەوەیە فەرمانبەرن و
ڕۆژانە چەند سەعاتێك لەمنداڵەكانیان دوورن،
سۆزان عەلی یەكێكە لەوان، ئەو گوتی "هەرگیز
بیرم لەوە نەكردۆتەوە، شیری قوتوو
بەمنداڵەكانم بدەم، چونكە دەزانم شیری قوتوو
بۆ جەستەی منداڵ گونجاو نییە، بەڵام ناچارم،
چونكە لەكاتژمێر 7ی بەیانی بۆ 3ی پاشنیوەڕۆ
لەدەوامم و رۆژانی دەوام 8 كاتژمێر
لەمنداڵەكانم دوورم".
سۆزان كە لەسەرووی 35 ساڵەوەیە، گوتی
"بەیانیان منداڵەكانم دەبەمە داینگە و لەوێ
فێری شیری قوتویان كرد، منیش دواتر وەكو ئەوان
ئەو شیرەم پێدا".
بەڵام توێژەرێكی كۆمەڵایەتی بۆچوونی وایە،
پێدانی شیری قوتوو لەلایەن دایكانەوە بە
لاساییكردنەوەی دەزانێت. ئارام حەمەد گوتی
"ژمارەیەكی زۆر لەدایكان وەكو لاساییكردنەوەك
شیری قوتوو بەمنداڵەكانیان دەدەن". ئەوەشی گوت
كە "بەشێكی زۆر لەدایكان ئەوانەی كە
فەرمانبەرن ناچار دەبن شیری قوتوو
بەمنداڵەكانیان بدەن، ئەگینا ئەوانەی دیكە
هیچیان ناچارنین".
|