گۆشتی زیادەی پێست  

 

ئەو گۆشتە زیادەیەی لەسەر پێستت هەستی پێدەكەی، لەناوەڕۆكێك لەڕیشاڵی كۆلاجینی و چەورییە خانە و دەمارەخانە و بۆڕیی خوێن پێكهاتووە و بەپێستێكی تەنك داپۆشراوە، كە سەیریشی دەكەی پارچە گۆشتێكی قەبارە بچووكە (لە سەرە دەرزییەكەوە هەتا دەنگە ترێیەك) و بەملێكی باریك بەپێستی لەشەوە بەستراوە.
كێ تووش دەبێت؟
46%ـی ژنان و پیاوان بەدرێژایی تەمەنیان تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، بەڵام زیاتر لەچەند گرووپێكی خەڵكاندا بڵاوە، وەك: سكپڕی، قەڵەوی، شەكرە.
زیاتر لەكوێی لەشدا هەن؟
زیاتر لەدرزەكانی پێستی مل، بنباڵ، بنڕان، ژێر مەمك، ڕووكاری ناوەوەی باڵ و پێڵووی چاودا هەن.
زیانبەخشن؟
هەرچەندە پێكهاتەیان لە وەرەم دەچێت، لەم ڕووەوە سەلامەتن. بەڵام زۆر جار كە دەلكێن بە خشڵەوە یان زۆر لەجل دەخشێن یان كاتی تاشین دەبڕدرێن، كەسەكە بێزار دەكەن و هەندێ جار خوێنیان لێدێت و لەوانەشە دواتر تووشی هەوكردن ببن.
لە چییەوە تووش دەبین؟
تائێستا هۆكارەكەی بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام تائەمڕۆ پسپۆڕانی پێست لۆمەی ئەمانە دەكەن:
- لێكخشانی زۆری دوو ڕووی پێست لەیەكتر.
- هۆرمۆنەكان، وەك لەكاتی سكپڕیدا.
- كەمبوونەوەی هەستەوەری خانەكان بۆ كاری ئەنسۆلین، وەك لەشەكرەدا.
- ڤایرۆسی HPV.
- نایاسایی بەكارهێنانی ستیرۆیدەكان، لەلایەن ئەو گەنجانەی سەرگەرمی لەشجوانین.
چارەسەر چییە؟
بەهۆی ئەوەی بێزیانە، گۆشتی زیادە زیاتر بەمەبەستی جوانكاری لادەبرێ، ئەوەیش بەیەكێ لەم ڕێگایانە و لەڕێگەی پزیشكەوە:
- لەناوبردنی كارەبایی.
- گەیاندنە پلەی زۆر نزمی گەرمی و مراندنی شانەكە بەنایترۆجینی شل.
- گرێدان، ئەویش بە بەستنی و پچڕاندنی سووڕی خوێن بۆ گۆشتە زیادەكە.
- لابردن بەنەشتەرگەرییەكی بچووك.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com