كێ زیاتر توشی ئێسكە نەرمە دەبێت؟  

 

حاڵەتێكە كە تێیدا ئێسكەكان لاواز دەبن و زوو دەشكێن. زیاتر كار لەمنداڵان دەكات
هۆیەكەی:
زۆربەی حاڵەتەكان بەهۆی كەمیی ڤیتامین "دی"یەوەیە، بەڵام لەهەندێ خێزاندا فاكتەری بۆماوە لەپشت ئێسكە نەرمەوەیە. ڤیتامین دی وادەكات ئێسك ڕەگەزەكانی كالیسیۆم و فسفۆڕ لەخۆراكەوە وەربگرێت و خۆی پتەو بكات. بەمجۆرە ئەو كەسەی بڕی پێویستی ڤیتامین دی نییە، ئێسكەكانی ناتوانن وەك پێویست ئەو ماددانە لەخۆراكەوە وەربگرن كە ئێسكیان پتەو دەكات.
كێ زیاتر تووش دەبێت؟
منداڵانی تەمەن 6 تا 24 مانگی زۆرترین ئەگەری توشبوونیان هەیە، چونكە لەم تەمەنەدا ئێسك بە خێراترین ڕاددە گەشە دەكات.
ئەم خاڵانە ئەگەری توشبوونی منداڵەكەت بە ئێسكە نەرمە زیاتر دەكەن:
* پێستی تۆخ بێت، بەتایبەت ڕەشپێست *بەپێی پێویست تیشكی خۆری بەرناكەوێت. * كەمخواردنی ئەو خواردەمەنییانەی ڕەگەزە خۆراكییەكانی ڤیتامین دی و كالیسیۆم و فسفۆڕیان تێدایە *شیری دایكی دەخوا بێ وەرگرتنی ڤیتامین دی.
نیشانەكانی
*دواكەوتنی گەشە *ئازار لەئێسكەكان و بڕبڕەی پشت *لاوازیی قاچ و حەوز و ماسولكەكان *كلۆربوون و كێشەی تر لەددانەكاندا
دكتۆر چۆن حاڵەتەكە دەستنیشان دەكات؟
دكتۆر پرسیار لەهەبونی حاڵەتەكە لەناو خێزانەكەتدا دەكات، هەروەها دەربارەی خۆراك و بارە تەندروستییە جیاوازەكانی منداڵەكەت. دواتر پشكنینی سەریری منداڵەكەت دەكات و داوای تیشكی سینی ئێسكەكانی و پشكنینی تاقیگەیی خوێنەكەی دەكات تا دەگاتە بڕیار.
چارەسەر چییە؟
بەگوێرەی جۆری حاڵەتەكە دەبێت. ئەگەر بەهۆی كەمیی ڕەگەزە خۆراكییەكانەوە بوو، ئەوا دكتۆر ڤیتامین دی و كالیسیۆمی بۆ دەنوسێ. ئازارەكەش لەگەڵ بەرەوپێشچونی چارەسەرییەكەدا وردە وردە چاك دەبێتەوە. ئەگەر ئێسكە نەرمە بەهۆی نەخۆشییەكی ترەوە بوو ئەوا بە چارەسەری حاڵەتە یەكەمییەكە ئەمیش چارەسەر دەبێت، ئەگەر فاكتەری بۆماوەیی لەپشت بوو، ئەوا حاڵەتەكە پێویستی بە پشكنین و ڕاوێژكاری زانستی زیاتر دەبێت.
خۆ ئەگەر بەهۆی ئێسكە نەرمەوە تووشی ناڕێكی و شێوانی ئێسكەكان هاتبوو، ئەوا پێدەچێ پزیشكی نەشتەرگەر بڕیار بدات بە نەشتەرگەریی ئێسك چارەی حاڵەتەكە بكات.
چۆن منداڵەكەم بپارێزم لەتووشبوون بە ئێسكە نەرمە؟
دەبێ خۆراكێك بدەیتە منداڵەكەت بڕی پێویستی ڤیتامین دی و كالیسیۆمی تێدابێ. شیر و بەرهەمەكانی و شەربەتی پرتەقاڵ لەم میانەیەدا گرنگن. ئەگەر شیری خۆت دەدەیتە منداڵەكەت ڕاوێژ بە دكتۆر بكە كە ئایا پێویست دەكات ڤیتامین دی بداتە منداڵەكەت؟ لەتەمەنەكانی دواتریشدا جگە لەوانە پاقلەمەنی و دانەوێڵەكان بە بڕی پێویست بخەرە چوارچێوەی ژەمە خۆراكییەكانی خێزانەكەتەوە. تكایە بێ ڕاوێژی دكتۆر نە ڤیتامین دی و نە هیچ ڤیتامینێكی تر مەدەرە منداڵەكەت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com