|
هەرچەندە
بۆ تەندروستی پێست پێویستە لەسەرجەم وەرزەكانی
ساڵدا كرێمی دژەخۆر بەكاربهێنین، زۆربەی خەڵكی
تەنها لەوەرزی هاویندا سودی لێ وەردەگرن. بەو
پێیەی بەرەو وەرزی گەرما دەچین و ئێوەش بیر
لەوە دەكەنەوە لەمەودوا كرێمی دژەخۆر
بەكاربهێنن، دەبێ هەندێ زانیاریتان سەبارەت
بەم جۆرە كرێمە هەبێت، بەر لەوەی دەست بە
بەكارهێنانی بكەن.
مەبەست لەبەكارهێنانی كرێمی دژەخۆر ڕێگاگرتنە
لەوەی تیشكی سەرو وەنەوشەیی بەر پێست بكەوێت،
چونكە ئەم تیشكە ڕەنگی پێست تێكدەدات، چرچی
دەكات و ئەگەری توشبوونی بە شێرپەنجەی پێست
زیاد دەكات. ڕاددەی ڕێگاگرتنی هەر كرێمێكی دژە
خۆر بە پێوانی (SPF: Sun Protection Factor)ی
ماددەی دژەخۆری كرێمەكە دیاری دەكرێت. بەمجۆرە
SPFی 15 مانای وایە كرێمەكە 94% ی تیشكی سەرو
وەنەوشەیی بلۆك دەكات و ناهێڵێت بەر پێست
بكەوێت، SPFی 30 واتە بە ڕادەی 97% ڕێگری
لێدەكات، SPFی 45 واتە 98% ڕێگەی لێدەگرێ.
هەرچەندە ئێستا كرێم هاتوە كە بانگەشەی ئەوە
دەكات SPFەكەی 100 و زیاتر بێت، پسپۆڕان دەڵێن
هەر SPFێكی سەرو 45 ڕادەیەكی ئەوتۆی بەرگری
زیاد ناكات و هیچ دژەخۆرێك نییە 100% ڕێگا لەو
تیشكە زیانبەخشە بگرێت. دەبێ بزانن تیشكی سەرو
وەنەوشەیی دوو جۆرە A و B. جۆری B دەبێتە هۆی
سوتانەوەی رووكاری دەرەوەی پێست، كەچی ئەوەی
جۆری A كار لەبەرگە قوڵەكانی پێست دەكات و
چرچی پێست دروست دەكات. مادەی دژەخۆرەكە تەنها
ڕێگا لەجۆری B دەگرێت و كارێكی ئەوتۆی بەسەر
جۆری A یەوە نییە، مەگەر جۆرە ماددەیەكی تری
وەك ئۆكسیدی زینك یان پیرۆكسیدی تیتانیۆم یان
هەر بەرگێكی بەرگریكاری كیمیایی تری بۆ زیاد
كرابێت. بۆیە كاتێك دژەخۆر دەكڕیت، دەبێ هەر
خەیاڵت لای بەرزێتی SPFەكەی نەبێت و دەكرێ
SPFی 45 ئاسودەت بكات، بەڵكو بیرێكیش لەوە
بكەرەوە ئایا لەو ماددانەشی تێدایە كە ڕێگری
تیشكی سەرو وەنەوشەیی لە جۆری A دەكەن؟
جگە لەمە باشتر وایە لەو كرێمانە هەڵبژێری كە
لەئاودا ناتوێنەوە و ئاو نایانشواتەوە.
هەروەها دەبێ نیو سەعات بەر لە چوونە دەرەوە
لەپێستتی بدەیت و هەموو دوو سەعاتێك دووبارە
لێی بدەیتەوە. دوای مەلەكردن و ئارەقكردنەوەش
دەبێت دووبارە لەپێستتی بدەیتەوە.
|