|
دوای
تەمەنی نائومێدی (نەمانی سوڕی مانگانە)ی
ئافرەت، ئەگەری زیادكردنی كێشی زیاتر دەكات،
بەجۆرێك بەپێی داتای ویلایەتە یەكگرتووەكان
30%ی ژنانی تەمەن 50-59 ساڵی ئەمەریكا نەك هەر
كێشیان زیادە (هاوكۆلكەی بارستایی لەش 24-29)
بەڵكو قەڵەویشن، (هاوكۆلكەی بارستایی لەش 30 و
زیاتر). پسپۆڕان دەڵێن یەكێ لەهۆیەكانی ئەمە
دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ژنانەی (ئیسترۆجین)ە
لەم تەمەنەدا. ئەو هۆرمۆنە ژنانەیە یاریدەی
گۆڕینی وزەی خەزنكراو لەشێوەی چەوری دەدات تا
بكرێت بە وزەی بەكارهاتوو. پسپۆڕان دەڵێن جگە
لەم هۆیە، ئەوەش هۆیەكی ترە كە ژنان تا بچنە
تەمەنەوە ئاستی وەرزشكردن كەمدەكەنەوە و
سەرەنجام قەڵەوتر دەبن. جگە لەمە،
لەتەمەنەكانی دوای پەنجاكاندا وردە وردە
قەبارەی ماسولكەكان كەمدەبێتەوە، ئەمەش
وادەكات جەستە بڕێكی كەمتری وزە دەربپەڕێنێت و
لەجاران زیاتری لێ خەزن بكات، ئەگەر بە هەمان
بڕ خواردن بخۆی.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمانە، دەبێت لەهە موو
تەمەنێكدا لەوەرزشكردن بەردەوام بیت و كەمی
نەكەیتەوە. وەك پێشتر پێمان وتوون، لیستی
سودەكانی وەرزشكردن گەلێك درێژە، كە ئەمانە
هەندێكیانن: (ڕێگا لەفشەڵبوونی ئێسك دەگرێ،
ئەگەری نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕی خوێن
كەمدەكاتەوە، ماسولكە و جومگەكان بەهێز و پتەو
دەكات، جوڵەی ریخۆڵەكان ڕێكدەخات و ڕێگە
لەقەبزی دەگرێ، خەمۆكی و فشاری دەروونی
لادەبات، باری تەندروستیی گشتیی لەش دەپارێزێت
و ....گەلێ سودی تریش).
دوو جۆری سەرەكی وەرزش پێویستە، یەكەمیان
وەرزشی خۆ بەهێزكردن وەك بەرزكردنەوەی قورسایی
و یۆگا لانیكەم دوو تا سێ جار لە هەفتەیەكدا
ئەم جۆرە ئەنجام بدە.
جۆری دووەم بریتییە لەوەرزشی كاراكردنی دڵ و
سییەكان، وەك ڕێكردن و مەلەكردن و پاسكیلسواری
و تێنس و سەماكردن. ئەم جۆرەیان ئەگەر توانیت
هەموو ڕوژانی هەفتە بۆ ماوەی نیو كاتژمێر
ئەنجامیان بدە.
|