|
مەبەستمان
لەو جۆرەیە كە دوای تەمەنی 20 ساڵی
سەرهەڵدەدات
نیشانەكانی:
تەنگەنەفەسی، توندبوونی سنگ و گران هەناسەدان،
خیزەی سنگ، وشكە كۆكە بەتایبەت لەشەواندا.
چی لەبۆرییەكانی هەوادا ڕوو دەدات:
ماسولكەكانی دیواری بۆرییەكە كرژ دەبن و ئەمەش
بۆرییەكە تەسك دەكاتەوە. شانەی ناوپۆشی
بۆرییەكە دەئاوسێ و دیوارەكانی ناوەوە بڕێكی
زۆری لینجەماددە دروست دەكەن كە خەستییەكەی
لەهی كەسی ئاسایی زیاترە. هەمو ئەم فاكتەرانە
پێكەوە وا دەكەن بە گرانی هەوا هاتوچۆ بكات بۆ
سییەكانی كەسی توشبوو.
دەستنیشانكردن:
دوای پرسیاركردن دەربارەی نیشانەكان، دكتۆر
گوێ لەهەناسەدانت دەگرێ، دواتر توانای هەناسە
وەرگرتنت بەئامێری تایبەت دەپێوێ و ئەگەر
پێویست بوو تیشكی سینی سنگت دەگرێ تا بزانێ
ئایا هۆكارێكی تر لەپشت تەنگە نەفەسییەكەوە
نییە؟ چونكە لەزۆربەی هەرەزۆری توشبوانی
ڕەبوودا تیشكی سینی سنگیان ئاساییە.
كێ تووش دەبێت؟
هەمو كەسێك و لەهەر تەمەنێكدا ئەگەری توشبوونی
هەیە، بەڵام ئەمانە ئەگەری توشبوون زیاتر
دەكەن:
1. هەبوونی كەسی توشبوو لەخێزان، یان خزمی
نزیكدا.
2. هەبوونی جۆرێكی تری هەستەوەری (حساسیە) لەو
كەسەدا.
3. هەبوونی كەسی جگەرەكێش لەماڵدا، چ جای
ئەوەی كەسەكە خۆی جگەرەكێش بێت.
4. ژیان لە شاردا.
5. لەژناندا كاتی گۆڕانی هۆرمۆنی: وەك كاتی
سكپڕی و دەوروبەری گەیشتنە تەمەنی نائومێدی.
یان ئەوانەی هۆرمۆنی ژنانە بۆ ماوەی 6 ساڵ و
زیاتر لەشێوەی دەرماندا بەكاردەهێنن.
6. سەرەتای چاكبوونەوە لەحاڵەتە ڤایرۆسییەكانی
كۆئەندامی هەناسە، وەك پەتا و هەڵامەت.
7. ئەوانەی زۆر موعەرەزن بۆ ماددە
ڕێخۆشكەرەكانی توشبوون بە رەبوو وەك تەپ و تۆز
و دوكەڵ و عەتر و پەڕی باڵندە (وەك ئەوەی
هەندێ كەس سەرین و پشتیی لێ دروست دەكەن) و
توكی گیانەوەر (بەتایبەتی پشیلە).
ئایا هەموو توشبویەك چارەسەری درێژخایەنی
دەوێت؟
نەخێر. چوار پلەی توندی ڕەبوومان هەیە،
ئەوانەی لەپلەی یەكدان چارەسەری درێژخایەنیان
ناوێت و ئەوانی تریش بەپێی پلەی توندییەكەی
زۆر و كەمیی چارەسەر دیاری دەكرێت.
پلەیەك: نیشانەكان كەمتر لە سێ جار
لەهەفتەیەكدا دەردەكەون و كەمتر لەشەوێك
لەمانگێكدا ناڕەحەتی دەكەن و توانای سییەكانی
80% و زیاتری كەسێكی ئاساییە.
پلە دوو: نیشانەكان 3-6 جار لەهەفتەیەكدا روو
دەدەن و مانگانە 3 تا 5 شەو نیشانەكان
ناڕەحەتی دەكەن، بەڵام توانای سییەكانی لە 80%
كەمتر نین.
پلە سێ: نیشانەكان ڕۆژانە دەردەكەون و دوو یان
سێ جاریان ئەوەندە ناڕەحەتی دەكەن، ناتوانێ
بچێتە دەوام یان سەر كاری ڕۆژانەی. زیاتر
لەپێنج شەو لەمانگێكدا ناڕەحەتی دەكەن و
نەوبەی تەنگە نەفەسییەكان دەكرێ ڕۆژێك و زیاتر
بخایەنن و توانای سییەكانی 60% بۆ 80% ە.
پلە چوار: هەمیشە نیشانەكانی هەیە و شەوان
ناڕەحەتتری دەكەن و ناتوانێ كارەكانی ڕۆژانەی
ڕابپەڕێنێ و توانای سییەكانی لە 60% كەمترن.
ئامانجەكانی پێدانی چارەسەری:
1. تا توشبووەكە بە ژیانێكی ئاسایی و چالاكانە
بژی.
2. تا توشبووەكە بتوانێ ڕۆژانە دەوام و
خوێندنی خۆی بكات.
3. تا توشبووەكە بتوانێ چالاكیە رۆژانەكانی
ئەنجام بدات.
4. رێژەی سەردانی نەخۆش بۆ یەكەی كتوپڕیی
نەخۆشخانە كەم بكرێتەوە.
چارەسەر:
1. نادەرمانی: خۆپاراستن لەو شتانەی حاڵەتەكەت
لێ خراپتر دەكەن (تەپوتۆز، دوكەڵ، عەتری تیژ،
خەفەت خواردن و فشاری دەروونی و هەر شتێكی تر
كە لەئەنجامی تێبینیكردنی خۆتەوە بۆت
دەردەكەوێت حاڵەتەكەت خراپتر دەكات). بە وردی
چاودێری خۆت بكە و لەهەر شتێكی تێبینی كراوی
نوێ دكتۆرەكەت ئاگادار بكە.
2. دەرمانی: دوو گروپی سەرەكی دەرمانمان هەیە
لەگەڵ هەندێ ئێكسسواراتی تر. گروپێكیان
هەوكردن و ئاوساویی ناو بۆرییەكە كەم
دەكاتەوە، ئەویتریان ماسولكەكانی دیواری
بۆرییەكە خاو دەكاتەوە. بەمجۆرە هەردووكیان
بۆری هەوا فراوان دەكەن و هەناسەدان ئاسانتر
دەكەن. ئەمانە دەكرێ بەشێوەی پەمپی سپرای
هەڵمژین بن، یاخود بەشێوەی حەب.
|