شەكری دەستكرد، ئاستی كۆلیسترۆل بەرز دەكاتەوە  

 

لێكۆڵینەوەیەك لەزانكۆی ئیمۆری ویلایەتی ئەنتڵەنتای ئەمەریكاوە لەسەر 6113 كەسی پێگەیشتوو بۆ ماوەی 8 ساڵ ئەنجامدرا و كورتەی ئەنجامەكەی هەفتەی ڕابردوو لەسایتی وێبمێدیسندا بڵاو كرایەوە و هەفتەی داهاتوو بە درێژی لە Journal of the American Medical Association دا بڵاو دەكرێتەوە، كە ئاماژە بەزیانێكی تری زیادەڕەویكردن لەخواردنی شەكری دەستكرددا دەكات.
شەكری دەستكرد هیچ ڕەگەزێكی خۆراكی سودمەند پێشكەشی لەشت ناكات، بەڵكو تەنها كالۆری زیادە و قەڵەوبوونی لێدەكەوێتەوە. هاوینی پار كۆمەڵەی پزیشكانی دڵی ئەمەریكی داوایان لەهاوڵاتیانیان كرد كە پیاوانیان لە 9 كەوچكەچا شەكری دەستكرد زیاتر و ژنانیان لە 6 كەوچكەچا زیاتر شەكری دەستكرد نەخۆن، (قوتویەكی 350 میلیلتری خواردنەوەی سۆدا 8 بۆ 10 كەوچكە چا شەكری دەستكردی تێدایە). كەچی بەپێی زانیارە كۆكراوەكانی ئەم لێكۆڵینەوەیە وڵاتیانی ئەمریكی نزیكەی سێ ئەوەندەی ئەو ڕادەیە دەخۆن كە پزیشكانی دڵ دیارییان كردبوو. لێكۆڵەران بۆیان دەركەوت ئەو كەسانەی لەگروپەكەدا كەمترین ئاستی شەكری دەستكردیان خواردبوو (تەنها 5%ی وزەی دەستكەوتوی ڕۆژانەیان لەشەكری دەستكردەوە بوو)، ئەگەری دابەزینی كۆلیسترۆلی بەسود و بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆلی زیانمەندیان سێ ئەوەندەی ئەوانە بوو كە زۆرترین ئاستی شەكری دەستكردیان خواردبوو (25%ی وزەی دەستكەوتوی ڕۆژانەیان لەشەكری دەستكردەوە بوو).
ئەو شەربەت و خواردنەوە ئاسایی گازیانەی بانگەشەی ئەوە دەكەن لە میوەی سروشتی دروستكراون، پڕن لەشەكری دەستكرد و دەبێ خۆتانیان لێ بەدوور بگرن.
پسپۆڕانی بواری خۆراك داواتان لێدەكەن بگەڕێنەوە بۆ خواردنەكانی پێشینان، رووبكنەوە خواردنی سەوزە و میوە و دانەوێڵە و شیرەمەنی و گۆشتی بێ چەوری، تا لەنەخۆشیەكانی مرۆڤی مۆدێرن بەدوور بن.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com