دەركـــــــەوتنی خــــاڵــــی قاوەیی لەسەر پێست  

 

دوای تەمەنی 40 ساڵی هەست دەكەی خاڵی قاوەیی جەرگی لەسەر پێستت دەردەكەون. وەك تێبینی دەكەیت خاڵەكان بەزۆری لەو شوێنانەدا دەردەكەون كە هەتاو لێیان دەدات.
هۆیەكانی: پرۆسەی چوونە تەمەن دەركەوتنی ئەم خاڵانە زیاتر دەكات، تیشكی سەرو وەنەوشەیی كە لەهەتاودا هەیە هۆیەكی سەرەكی دروستبوونی ئەم خاڵانەیە، بۆیە لەگەڵ چوونە تەمەندا خاڵەكان لەو شوێنانەدا زیاتر دەردەكەون كە تیشكی هەتاو لێیان دەدات (پشتی دەست، قۆڵ، قاچ، نێوچەوان). جگە لەم دوو هۆیە سەرەكییە، دەكرێ هۆی تری نەزانراویش لەو كەسەدا هەبن.
نیشانەكانی: خاڵی تەختی ڕەنگ قاوەیی بێ ئازار و خورانن.
دەستنیشانكردن: دیتن بە چاو و پرسیاركردن لەتەمەنت بەسە بۆ ئەوەی دكتۆر حاڵەتەكەت دەستنیشان بكات.
خۆپاراستن: لەتەمەنی گەنجیدا و بەر لەوەی خاڵەكان دەربكەون، جێبەجێكردنی ئەم خاڵانە ئەگەری دەركەوتن و ژمارەی خاڵەكان كەمدەكاتەوە: 1- بەكارهێنانی كرێمی دژەخۆر بەو شێوە زانستییەی لەبابەتێكی ئەم ژمارەیەدا روونمان كرۆتەوە لەهەمو وەرزەكاندا و بەتایبەت لەكاتژمێر 10 ی بەیانی تا 4ی ئێوارە. 2- جلی قۆڵدرێژ و پانتۆڵ و تەنورەی درێژ بەكاربهێنە. 3- لەچك یان شەپقە بكە سەرت بەجۆرێك ڕێگە لەوە بگرێت هەتاو لە نێوچەوان و ملت بدات. 4- چاویلكەی دژە هەتاو بەكاربهێنە.
چارەسەر: لەزۆربەی حاڵەتەكاندا پێویست بەچارەسەر ناكات، بەڵام ئەگەر كەسی توشبوو زۆر بە تەنگ جوان مانەوەی پێستییەوە بوو، بەڕێگەی لەیزەر چارەسەر دەكرێت. هەندێ كرێمی كاڵكردنەوەی خاڵەكانیش هەن و دەكرێ ئەو كەسەی لەیزەری لێنادات و دەشیەوێ خاڵەكانی كەمتر دەربكەون، ئەو كرێمانە بەكاربهێنێت.
چارەنوسی حاڵەتەكە: هیچ ئاڵۆزكارییەكی تەندروستی نانێنەوە، بەڵام لەرووی جوانكارییەوە كاریگەری نەرێنییان هەیە بەوەی خاڵەكان هەتا هەتایین و جوانیی پێست كەم دەكەنەوە، بۆیە لە هەندێ كەساندا ئاڵۆزكاریی دەرونی و عاتیفی دروست دەكەن بەتایبەت لەئافرەتاندا.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com