بیبەری توون (تیژ) بۆ دابەزاندنی كێش  

 

لێكۆڵینەوەیەك لەكالیفۆرنیای ویلایەتە یەكگرتووەكان كە هەفتەی ڕابردوو ئەنجامەكەی بڵاوكرایەوە، دەڵێ پێتان ناڵێین بیبەری توون موعجیزەیە و لاوازتان دەكات، بەڵام ئەگەر هاوڕێ لەگەڵ ژەمی تەندروستدا بیخۆن، یاریدەی سوتاندنی كالۆرییەكی زیاتر و سەرەنجام دابەزاندنی بڕێكی زیاتری كێش دەدات. لێكۆڵینەوەكە لەسەر 55 ژن و پیاوی قەڵە و ئەنجامدرا، هەندێكیان ماددەی dihydrocapsiate ـی ناو بیبەری تونیان بۆ كرایە كەپسولێكەوە و پێیاندرا و هەندێكی تریان كەپسولێكیان پێدان، كە هیچ ماددەیەكی تێدا نەبوو، بەهیچ كام لەو دوو گروپە نەگوترا ئەو كەپسولەكەی پێیاندراوە، چی تێدایە، دوای ماوەیەك لەبەدواداچوونی حاڵەتەكەیان پرۆفیسۆر دەیڤد هێبەر لەسەنتەری خۆراكی مرۆیی لەئەمەریكا بەسایتی وێبمێدیسنی ڕاگەیاند، "ئەوانەی dihydrocapsiate یان پێدرابوو، بڕێكی زیاتری كالۆریان سوتاندبوو-لاواز ببون-".
ئەم لێكۆڵینەوەیە دوای چەند لێكۆڵینەوەیەكی پێشتر دێت، كە گوتبوویان ئەو ماددەیەی ناو بیبەری توون تێكڕای دەرپەڕاندنی ووزە زیاد دەكەن و خەزنكردنی وزە لەشێوەی چەوری كەمدەكاتەوە و ئارەزووی خواردن لاواز دەكات.
لۆری بیڤیرلی، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لەزانكۆی لویزیانا دەڵێ، بەڵێ بۆمان دەركەوت بیبەری توون یارمەتی دابەزاندنی كێش دەدات، "بەڵام پێویستمان بەلێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاترە، تا بۆمان دەربكەوێت، ئەو ماددەیە بەڕاددەیەكی زۆر كێشمان دادەبەزێنێت".
بەبیرتانی دێنینەوە، ژەمە خۆراكی تەندروست و وەرزشكردن و دوركەوتنەوە لەفشاری دەروونی و خەوتن بەڕادەی پێویست لەیاسا زێڕینەكانی ڕێكخستنی كێشن و دۆزینەوەكانی هاوشێوەی ئەمە، تەنها بۆ بەهێزكردنی ئەو یاسا زێڕینانەن و نابێت وەك جێگرەوەی ئەوان بەكار بهێنرێن.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com