|
پێناسە:
حاڵەتێكی نەخۆشیی باوە و تێیدا پەڵەی بچوك
(سپۆت)ـی سووری ئاڵۆشدار لەسەر پێست درووست
دەبن. لەزۆربەی حاڵەتەكاندا توشی منداڵان
دەبێ، بەڵام زۆربەی هەرەزۆری خەڵك لەژیانیاندا
جارێك توشی ئەم حاڵەتە دەبن، بەتایبەت ئەگەر
نەكوترابن. هەرچەندە حاڵەتەكە تەنها یەك جار
لەتەمەندا ڕوودەدات، دوای چاكبوونەوە
ڤایرۆسەكە بەنوستوویی لەلەشدا دەمێنێتەوە و
ئەگەر جارێكی تر چالاك ببێتەوە، تووشی
حاڵەتێكی بەئازارت دەكات، بەدرێژایی ئەو
دەمارەی ڤایرۆسەكە تێیدا خۆی حەشارداوە و
ناوبەناو تووشی ئەو حاڵەتە بەئازارە دەبیت.
حاڵەتێكی مەترسیدارە؟
لەو منداڵانەی پێشتر تەندروست بوون، تووشبوون
بەدڕكەومێكوتە مەترسییەكی ئەوتۆ دروست ناكات،
بەڵام توشبوون لەهەندێ چیندا دەكرێ مەترسی
دروست بكات، وەك لە(ئەوانەی بەرگری لەشیان
لاوازە، منداڵی تازەبوو، ژنی سكپڕ،
لەهەرزەكاران و پێگەیشتوواندا مەترسی زیاترە
لەچاو منداڵان).
هۆكار و ڕێگای گواستنەوە:
هۆكارەكەی بریتییە لەڤایرۆسی Varicella Zoster
Virus و بە ئاسانی لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر
دەگوازرێتەوە. دەكرێ بەڕێگای كۆكین و پژمینی
كەسی توشبوو و خواردن و خواردنەوەی هاوبەش
لەگەڵ كەسی توشبوو، هەروەها بەركەوتنی شلەی
ناو تلۆقی دڕكەومێكوتەكە بۆ كەسێكی سەلامەت
بگوازرێتەوە.
دەكرێ بە 2-3 ڕۆژ بەر لەدەركەوتنی هیچ
نیشانەیەكی دڕكەومێكوتە، نەخۆشییەكە لەكەسی
توشبوو بۆ كەسێكی تەندروست بگوازرێتەوە و
توانای گواستنەوە بەردەوام دەبێت، هەتا
تلۆقەكە توێژاڵ دروست دەكات.
نیشانەكانی:
نیشانە سەرەتاییەكانی بریتین لە تا، سەرئێشە،
قوڕگ ئێشە و بێهێزی و نەمانی ئارەزووی خواردن.
دوای 1-2 ڕۆژ لەدەركەوتنی نیشانە سەرەتاییەكان
پەڵەكان دەردەكەون، كە پێدەچێ بڵق یان كڕێش
بكەن و خوران و ئاڵوشییان هەیە.
پەڵەكان لەماوەی دەركەوتنیاندا چەند قۆناغێك
دەبڕن، وەك (سووربوونەوە، تلۆقكردن، تەقین،
وشكبوونەوە و توێژاڵكردن)، هەمو پەڵەكان لەیەك
قۆناغدا نین و تا 5-7 ڕۆژ بەردەوام هی تازە
دێن و قۆناغەكان دەبڕن.
لەهەندێ لەمنداڵاندا نیشانە سەرەتاییەكان
دەرناكەون و حاڵەتەكە بەپەڵە بچووكەكان
دەستپێدەكات و ئاسایی قۆناغەكان دەبڕێت.
بۆ بەرژەوەندیی گشتی و نەخۆشەكەش دەبێ
لەسەرەتای دەركەوتنی نیشانەكانەوە مۆڵەتی 10
ڕۆژ بدرێتە تووشبووان، تا هەم پشوو بدەن و چاك
ببنەوە و هەمیش هاوپیشەكانیان تووش نەكەن.
دەستنیشانكردن:
بەباسكردنی نیشانەكان و بینینی پەڵەكان دكتۆر
حاڵەتەكەت دەستنیشان دەكات.
باشتر وایە كەسی تووشبوو لەماڵەوە بمێنێتەوە و
نەچێتە دەرەوە، تا كەسانی تر تووش نەكات.
چارەسەر:
وەك حاڵەتە ڤایرۆسییەكانی تر، ئاسایی
ڤایرۆسەكە سووڕەكەی تەواو دەكات و
چارەسەرییەكی ئەوتۆمان نییە، كە كەسی تووشبوو
لەحاڵەتەكە ڕزگار بكات.
ئەوەی بەسوودە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو
ناڕەحەتییانەی لەئەنجامی تووشبوونەوە دروست
دەبن، بریتییە لەپشودان و بەكارهێنانی
پاراسیتۆڵ (ئەگەر تا و ئازار هەبوو)، هەروەها
بەكارهێنانی دەرمانی ئەنتی هستامینی دژە
هەستەوەری (تەنها بۆ سەركوتكردنی ئاڵۆش و
خورانە بێزاركەرەكەیە و مەبەست لێی چاك
بوونەوە نییە) بەسن، بۆ ئەو كەسانەی پێش
تووشبوون حاڵەتی تەندروستویان باش بووە،
بەتایبەتی منداڵان. بەڵام ئەوانەی مەترسیان بۆ
دروست دەكات(وەك ئەو چینانەی ئاماژەمان
پێكردن) یان بەتووندی دەیگرن، لەوانەیە
پێویستیان بەدەرمانی دژە ڤایرۆس، یان پڕۆتینی
بەرگری هەبێ، تا هەم سووڕی تووشبوون كورت
بكاتەوە و هەم مەترسی لەسەر ژیانی كەسی
تووشبوو كەم بكاتەوە.
ڕێگاگرتن لەتووشبوون:
كوتان لەدژی ئەم نەخۆشییە (ئەگەر ڤاكسینەكە
ئێكسپایەر نەبێت و بەڕێكوپێكی ئامادەكرابێت و
بەكارهێنرابێت) هاوشێوەی توشبوونی پێشتر ڕێگا
لەتووشبوون دەگرێ.
|