|
زۆربەی
خەڵكی وا دەزانن، ئێسكی زیادە شتێكی تیژە،
بەڵام لەڕاستیدا ڕویەكی ساف و كولە و تەنیا
ئەوكاتانە ئازار دروست دەكات، كە فشار دەخاتە
سەر ژێ و بەستەر و دەمارەكان.
هۆیەكەی: لەشی ئێمە بەردەوام لەنوێبوونەوە و
دروستكردنی شانەی نوێیە لەشوێنی شانە كۆن و
مردووەكانماندا، هەندێ جار باڵانسی بنیاتنانی
بەشی نوێ و لابردنی بەشی كۆن و ڕێككردنەوەی
شانەی تازە تێكدەچێت و زیادەیەك لەو شوێنەدا
دروست دەبێت.
*لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەن و تووشبوون
بەسەوەفانی ئێسكدا، ئەگەری دروستبوونی ئێسكی
زیادە زیاتر دەكات.
*پێڵاوی تەنگ و پاژنە بەرزی ئافرەتان ئەگەری
تووشبوون بەئێسكی زیادەی پاژنە زیاد دەكەن.
*قەڵەوی و هەر هۆكارێك كە فشار لەسەر پاژنەی
پێ زیاتر بكات، دیسان ئەگەری تووشبوون زیاد
دەكەن.
نیشانەكانی: *هەندێ لەتووشبووان هەست بەهیچ
نیشانەیەك ناكەن.
*كاتێك ئێسكە زیادەكە بەستەر و ژێ و دەمارەكان
ئازار دەدا و برینداریان دەكا، توشی هەوكردن و
ئاوسان دەبن و سەرەنجام بابای تووشبوو لەو
شوێنەدا هەست بەئازار دەكات.
دەستنیشانكردن: دكتۆر كاتێك گومانی هەبوو كە
پێدەچێ لەگەڵ ئێسكە زیادەكەدا، سەوەفانی جومگە
یان نەخۆشییەكی تر لەگۆڕێ بێت، لەوانەیە تیشكی
سینیت بۆ بنووسێ، ئەگینا یەكلاییكردنەوەی
هەبوون یان نەبوونی ئێسكی زیادە ئەوە ناهێنێ،
لاشەت بدەیتە بەر تیشك و زیانەكانی.
چارەسەر: ئەگەر كەسە توشبووەكە بێزار نەكات،
خودی ئێسكە زیادەكە پێویستی بەچارەسەر نییە و
خۆبەخۆ چاك دەبێتەوە.
بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر ئێسكەكە دابەزاندنی
كێش گرنگە و سەرەنجام خێراكردنی چاكبوونەوە و
هەستنەكردن بەئازاری بێزاركەری لێدەكەوێتەوە.
*ئەگەر ئازارەكە زۆر بێزاركەر نەبێ، دەتوانی
حەبی پرۆفین بەكاربهێنی، تا لەئازار ڕزگارت
ببێ. بەڵام ئەگەر بەوە باش نەبووی، پێدەچێ
دكتۆر ماددەی ستیرۆیدی بەدەرزی بكاتە ناو ئەو
شوێنەی بەهۆی ئێسكە زیادەكەوە توشی هەوكردن
هاتووە، ئەگەر ئەمەشیان بێسوودبوو، ئەوا
پێدەچێ دكتۆر بۆ چارەسەری ژێ و بەستەرە
فشارلەسەرەكان نەشتەرگەری پێت بۆ بكات.
|